ڕزگاربوویەکی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان کارەساتەکە دەگێڕێتەوە

بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٦ پلەی ڕێختەر ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە و هەزاران کەس بوونە قوربانی، وێرانکارییەکی بەرفراوانی لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کونار، لاغمان و جەلال ئابادا بەدوای خۆیدا هێنا.

بەهاران لەهیب

 

کونار- لە ٣١ی ئابدا بوومەلەرزەیەکی توندوتیژ بە گوڕی ٦.٠ پلە بە پێوەری ڕێختەر لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بەتایبەتی لە پارێزگاکانی کونار، لاغمان و جەلال ئابادی هەژاند و هەزاران کەسی کوشت و برینداربوون، ئەم کارەساتە سروشتییە گورزێکی سەخت بوو بۆ وڵاتێک کە بەدەست هەژارییەوە دەیناڵاند وەک ئەفغانستان، چونکە بوومەلەرزەکە وێرانکارییەکی بەرفراوانی ماڵ و کێڵگەکانی لێکەوتەوە.

 

لە جەلال ئباد، چەند گوندێکی ناوچەی دارانور بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانێکی زۆریان پێگەیشت، هەروەها بەهۆی لەرزینەوە چوار منداڵ لە ژێر داروپشکی ماڵە ڕووخاوەکانیان گیانیان لەدەستدا، لە پارێزگای لاغمان، زیانەکان سنووردار بوون بە زیانی ماددی، هیچ حاڵەتێکی مردن تۆمار نەکراوە.

 

بەڵام گەورەترین کارەسات لە پارێزگای کونار ڕوویدا، کە پارێزگاکانی تشاباداری و دارا مەزار بە زەویدا ڕوخێنران، دوای دوو ڕۆژ لە کارەساتەکە، دانیشتوان هێشتا بەدوای تەرمدا دەگەڕێن لە ژێر داروپەردووەکاندا، بەپێی ئامارەکانی تاڵیبان، ژمارەی کوژراوان هەزار کەسی تێپەڕاندوە، لەکاتێکدا ژمارەی بریندارەکان نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ کەس بووە.

 

کونار یەکێکە لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، بە دیمەنە شاخاوییە ناڕێکەکانی و ڕووبارێکی زۆر کە یەکێکە لە بەناوبانگترینەکانی ئەو وڵاتە ناسراوە، سەرەڕای جوانییە سروشتییە هەناسەبڕکێکانی، بەڵام زەوییە سەختەکانی دەبێتەئاڵەنگاری بەردەوام بۆ ژیانی دانیشتوانەکەی، بەتایبەتی لە بەرامبەر کارەساتی سروشتیدا.

 

هاجرە نور، ڕزگاربووی بوومەلەرزەکەی کونار، ئەو ساتە ترسناکانەی کە ئەزمونی کردوە دەگێڕێتەوە، وتی: نیوە شەو بوو گوێم لە دەنگێکی ترسناک بوو، لە خەو هەڵسام و بینیم زەوی لەرزینێک کە هەموو ژوورەکەی گرتبووەوە، بە خێرای کچە دوو ساڵانەکەمم لە باوەش گرت و لەگەڵ هاوژینەکەمدا ڕامکرد، هەر کە دەرچوین لە ماڵەکە هەمووی داڕما، هەروەها خەسوو و خەزووری بەساڵاچوون و لە ژووری تەنیشتدا بوون و نەیانتوانیوە بەخێرای بێنەدەرەوە، لە ڕۆژی دووەمی بوومەلەرزەکەدا گرەوپەکانی فریاگوزاری توانیان دوای ڕۆژێکی تەواو لە گەڕان و پشکنین تەرمەکان لە ژێر داروپەردووەکان دەربهێننەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، کە خێزان هەن هەموو خێزانەکەیان کوژراون یان تەنها یەکێک یان دوو کەسیان ڕزگاریان بووە، ئێمە ڕۆژانە تەرمی ئازیزانمان دەنێژین، زۆربەی قوربانییەکان منداڵ و ژن و بەساڵاچووان بوون کە نەیانتوانیوە هەڵبێن،

 

کاتێک دەربارەی یارمەتییەکان پرسیاری لێکرا، لە وەڵامدا بە کورتی وتی:نا، ئاماژەی بەوەدا کە دۆڵە زیانلێکەوتووەکانی پارێزگاکانی بوومەلەرزەکە ڕێگاوبانی قیرتاوکراو و بنکەی تەندروستییان نییە، ئەمەش ئازاری دانیشتوان زیاتر دەکات، بەتایبەتی ئەو ژنانەی بریندارن کە ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاو دەبنەوە لە وەرگرتنی چارەسەر، هەروەها گەیشتن بەو ناوچانە قورسە، چونکە ئۆتۆمبێلەکان ناتوانن هاوکارییەکان بگەیەنن، بۆیە پێویستە لەڕێگەی ئاسمانەوە بە هێلیکۆپتەر یارمەتیەکان بگوازنەوە. 

 

جەختی لەوە کردەوە، کە دۆخی مرۆی لەڕادەبەدەر خراپە، دانیشتوان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو بوونەتەوە، چەندین جار ڕووداوی تاڵانکردنی یارمەتییەکان ڕوویداوە کە لەلایەن تاڵیبانەوە نێردراوە و ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی بەرچاو لە چۆڵکردنی بریندارەکان، هەروەها کەمی توندی سەرچاوەکان تادێت مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتوان دروستدەکات، کە هەر ساتێک دەکاتە تاقیکردنەوەیەکی تاریک بۆ مانەوە.