لێبووردنی نێودەوڵەتی: هێزەکانی حکومەت لە سوەیدا ٤٦ درووز کە دووانیان ژنن کوشتووە
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی کاتی سووریا لە مانگی تەمووزدا ٤٦ درووزییان لە سوەیدا بە شێوەی جیاواز کوشتووە ، ئەو کەسانە لە شوێنە گشتیی و تایبەتەکاندا کوژراون.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کوشتنی درووزییەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا لە مانگی تەمووزدا ٤٦ درووزییان لە سوەیدا بە شێوەی جیاواز کوشتووە، دەشڵێت: ئەو کەسانە لە شوێنە گشتی و تایبەتەکاندا کوژراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕووداوی کوشتنەکان لە نێوان ١٣ بۆ ١٧ـی تەمووزدا لە ماڵان، قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، هۆڵەکانی ئاهەنگ و ناوچەکانی دیکە ئەنجامدراون، لە ناو کوژراوەکاندا ٢ ژن و ٤٤ پیاو هەن.
ڕێکخراوەکە ڕوونیکردەوە، لێکۆڵینەوەیان لە بەڵگە و دیمەنەکانی ئێستا کردووە، زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت بە جلوبەرگی سەربازی و ئەمنی فەرمییەوە مەدەنی دەکوژن. هاوکات لە هەمانکاتدا بۆچوونی گەواهیدەرەکانیش تۆمارکراوە و لێکۆڵینەوە لەوچەکانەش دەکرێت کە بەکارهێندراون.
لە راپۆرتی ڕێکخراوەکەدا باس لەوەشکراوە، جلوبەرگی ئەو چوار چەکدارەی لە دیمەنەکاندا دەردەکەون “لۆگۆی ڕەش”یان لەسەرە کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، بەڵام داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر سوەیدا لە ئەستۆنەگرتووە.
جیگەی باسە، لە مانگی تەمووزدا لە سوەیدا لە نێوان چەکدارە ناوخۆییەکانی سوەیدا، هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا و گرووپەکانی شەڕێکی ئاڵۆز ڕوویدا.
بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) لە هێرشەکەدا ٧٨٩ هاوڵاتی مەدەنی درووز کە ژن و منداڵیان تێدایە کوژراون.