داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانییکردنی چالاکوانێک دەکرێت
ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، چالاکییە ئاشتیخوازەکانی هەستی ئەمیری بۆ بەرگریکردن لە مافی زیندانیان و دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان بووە، دەشڵێت: داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانییکردنییەکەی دەکەین.

ناوەندی هەواڵ
ماری لاولەر ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە سەپاندنی سزای زیندانییکردن بەسەر ژنە چالاکوانێکی ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ماری لاولەر ڕایگەیاند: چالاکییە ئاشتیخوازەکانی ئەو ژنە داکۆکیکارەی ئێران بۆ بەرگریکردن لە مافی زیندانیان و دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان لە ژێر یاسای نێودەوڵەتیدا بووە و ئەو ڕەفتارەی ئێران جێگای نیگەرانیە.
وتیشی: داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای سێ ساڵ زیندانییکردنی هەستی ئەمیری ژنە چالاکوانەکەی ئێران دەکەین.
ڕۆژی ٢٧ی ئابی ئەمساڵدا، لە لایەن لقی ٢٦ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی” تێکدانی ڕای گشتی، پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت و دەرکەوتن لە شوێنە گشتییەکان بەبێ باڵاپۆشی” سزای سێ ساڵ زیندانییکردن بەسەر هەستی ئەمیری خوێندکاری زانکۆی تاران و چالاکوانی ئێران سەپێندرا، جگە لەوەش سزای دوو ساڵ قەدەغەکردنی دەرچوون لە وڵات و ئەندامێتی لە گرووپە سیاسییەکان و کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپێندراوە.