"شەهیدانی ئێمە قوربانی نین، پێشەنگن بۆئێمە و هەموو کات لەناو خەیاڵ و ئەقڵ و کارکردنی ئێمەدان"
سنوور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس دەڵێت: ڕۆژنامەگەری ئازاد لە کەسایەتیە پێشەنگەکانیدا دەردەکەوێت، وەکو گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، عەزیز کۆیلۆغڵو، نازم داشتان و جیهان بیلگین، دەبێت بنەماڵەی شەهیدان و گەلی ئێمە ئەوە بزانن شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد شەهیدی ئەم گەلەن.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی- دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە درێژایی مێژوو دەستی سووربووە بە خوێنی كورد و لە بەرامبەردا لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا گەلی كورد دژی هێرشەكانی دەوڵەتی داگیرکەری تورك وەستاوەتەوە، ڕاگەیاندنی ئازادیش لە بەرامبەر هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر گەلی كورد ڕۆڵی گرنگ و كاریگەریان هەبووە لە خستنەڕووی ڕاستییەكان، بە ئامانجكردنی ژنانی ڕۆژنامەنوسی ئازادیش لەلایەن دەوڵەتی توركەوە ئەو ڕاستییە دەردەخات كە ئەو دەوڵەتە لە ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد دەترسێت، هەروەها دەوڵەتی داگیرکەری تورک بووەتە پێشەنگی وڵاتانی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەرجارێکیش کە ڕۆژنامەنوسانی ئازاد هەوڵی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەدەن بەئامانجیان دەگرێت، بەڵام ئەمەش نەبۆتە ڕێگر لەبەردەم ڕۆژنامەگەری ئازاد بۆ گەیاندنی دەنگی حەقیقەت.
"ڕۆژنامەگەری ئازاد لە کەسایەتیە پێشەنگەکانیدا دەردەکەوێت"
سنوور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: چاپەمەنی کوردی نزیک سەدەیەکە کاردەکات و ڕاگەیاندنی ئازادیش ٤٦ ساڵە خەبات دەکات بۆ نووسینەوەی مێژوو و دەرخستنی ڕاستیەکان، تاوەکو ئەمڕۆش کاری خۆی هێناوە ، بێگومان دوو بابەت لە ڕۆژنامەگەری ئازاددا پرسە کە بەئاستی مەترسی گەیشتووە، لەوانەش: کارەکتەری ڕۆژنامەگەری ئازادە، کە ئایا چۆن کەسایەتیەکە و لەسەر چی دەوەستێت و ئامانجی چییە، مێژووەکەی چیە، پێداگیری لەسەرچی دەکات، هەروەها چی بۆ مەراقە، واتە ڕۆژانە دەست و کاری ڕاگەیاندنی ئازاد لەگەڵ چیدایە، کە لەبەرامبەردا ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی ڕاگەیاندنی ئازاد هەیە، کە ڕاگەیاندنی شەڕی تایبەت بەشێکە لە ئەقڵیەتی دەسەڵات و دەوڵەت یاخود ڕاگەیاندنی چەواشەکاری، بۆیە کارەکتەری ڕۆژنامەگەری ئازاد لە کەسایەتیە پێشەنگەکانیدا دەردەکەوێت، وەکو گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، عەزیز کۆیلۆغڵو، نازم داشتان و جیهان بیلگین، کە لەکەسایەتی ئەماندا کارەکتەری ڕۆژنامەگەری ئازادمان بۆ دەردەکەوێت، هەروەها یەکێکی تر لە پرسەکان ئەوەیە، کاتێک ڕۆژنامەی دەوڵەت یاخود دەسەڵات سەرکەوتوونابێت لە چەواشەکردنی کۆمەڵگە و شاردنەوەی ڕاستیەکان و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە بە لایەنی نەناسینی خۆیدا و بێ هیواکردنی کۆمەڵگە و گەنجان و بێ ڕۆڵ و کەسایەتی کردنی ژنان لە کۆمەڵگەدا، ئامانجی خۆی ناپێکێت، لە بەرامبەردا ڕۆژنامەگەری ئازاد کاریگەری بڵندت و بەهێزتردەبێت، چونکە خۆبەخشە و تائاستی گیان بەخشین دەچێت و وەکو سیستمێکی بەرگری پارێزگاری لە کۆمەڵگەی خۆی دەکات، بۆیە کاتێک ڕۆژنامەی دەوڵەت لەمە بێهیوادەبێت ڕاستەوخۆ هێرشی جەستەیی ئەنجامدەدات، بۆیە لە کە سایەتی پێشەنگانی ڕؤژنامەگەری ئازاد گوڵستیان تارا و هێرۆ بەهادین دادپەروەری و دۆزی نەتەوە و حەقیقەت بە ئامانجگیراوە.
"پێشەنگانی ڕؤژنامەگەری ئازاد بە ئاست و کاروانی شەهیدبوون گەیشتن"
ڕاشیگەیاند: دۆزی ئازادی و دادپەروەری و هێنانەکایەیی ئاشتی، دروستکردن و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی جەوهەری کە لەسەر مافی خۆیی و بەرپرسیەریەتی خۆی بوەستێت بەردەوامە، بۆیە پێشەنگانی ڕۆژنامەگەری ئازاد بە ئاست و کاروانی شەهیدبوون گەیشتن، هەروەها بوونە دەروازەیەک بۆ ئەوەی بەدەیان ژن و هاوڵاتی ڕۆژنامەگەری ئازادو دۆزی کورد بناسن، بۆیە ڕێگەی ئەوان ڕۆشن و ڕووناکە، کە وەکو ئەستێرەیەک ڕووناکی دەدەنە ئەو ڕێگایە، هەروەها کەسایەتی و ئایدیایان دەبێتە فەلسەفە و بنەمایەک بۆ هاوڕێکانیان و ئاشتی خوازان بەگشتی.
"باش نییە دۆزی شەهیدانی چاپەمەنی ئازاد لە شەهیدانی تر جیابکرێتەوە، چونکە هەمووی شەهیدی ئەم گەل و خاکەن"
لە درێژەی قسەکانیدا سنوور ڕەحمان وتیشی: باش نییە دۆزی شەهیدانی چاپەمەنی ئازاد لە شەهیدانی تر جیابکرێتەوە، چونکە هەمووی شەهیدی ئەم گەل و خاکەن، کە لەلایەن دەوڵەتێکی داگیرکەر و ئەقڵیەتێکی لە ناوبەر بە ئامانج گیراون جا لەهەر قۆناغێکدابێت، بەجۆرێک شەهیدێکی ساڵی ١٩٨٠ و شەهیدێکی ساڵی ٢٠٢٤ هەردووکیان لەلایەن یەک دوژمنەوە بەئامانج گیراون، هەروەها هەڵوێستەکردن و خەبات و تێکۆشانیش بە پێی ئایدیا و تێگەیشتن لە ئامانجەکە نەگۆڕاوە، بەڵام ڕێباز و میکانیزمی خەبات گۆڕاوە، بۆیە ئامڕازی ڕاگەیاندنی ئازاد قەڵەمە، هەروەها ئامڕازی گەریلایەک لە شاخ چەکەک و تێگەیشتنەکەیەتی، پێشمەرگەش بەهەمان شێوە، بۆیە دەبێت بنەماڵەی شەهیدان و گەلی ئێمە بزانن شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد شەهیدی ئەم گەلەیە، تەنها شەهیدی چاپەمەنیە بەڵکو شەهیدی دایکان و گەنجانە، هەروەها هەموو شەهیدان پیرۆزن و نابێت جیابکرێنەوە، چونکە جیا لە شەهیدانی چاپەمەنی، ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕانی ترمان هەیە کە بە چەکی کیمیایی و درۆن بە ئامانج گیراون و شەهیدکراون، تەنانەت لە گوندەکانی بادینان کەسانێک هەن بەرچەکی کیمیایی کەوتن، لە کاتێکدا لە نەخۆشخانەکانی شیلادزێ و ئامێدی و زاخۆ بە تەنگەنەفەسی بەسیت و ڕووداوێکی نەخوازراو نووسراوە، ئەمەش زۆرشت دەردەخات و شتێکیش نیە بەئاسانی بەسەر ڕۆژنامەگەری ئازاد و کۆمەڵگەدا تێپەڕێت، ئەمەش چاوی مرۆڤ دەکاتەوە، بۆیە دەبێت دەسەڵاتی باشووری کوردستان خۆی ڕوونبکاتەوە لەوەی خاوەن لە خوێنی ڕؤڵەکەی دەردەکەوێت یاخود بێدەنگی لە بەرامبەر بەرژەوەندی دوژمنکارانەی دەوڵەت دەکاتەوە، بۆیە ئەم تێگەیشتنە لەلای ئێمە دروست دەکات.
"شەهیدانی ئێمە قوربانی نین، بەڵکو ئەوان پێشەنگن بۆئێمە و هەموو کات لەناو خەیاڵ و ئەقڵ و کارکردنی ئێمەدان"
باسی بنەماڵەی شەهیدانی کرد، وتی: دەبێت بنەماڵە و دایکانی شەهیدان، شەهیدانی خۆیان وەکو قوربانی نەبینن، چونکە شەهیدانی ئێمە قوربانینین، بەڵکو ئەوان پێشەنگن بۆئێمە و هەموو کات لەناو خەیاڵ و ئەقڵ و کارکردنی ئێمەدان، بۆیە ئەمە لەدایکبوونەوەیە، ڕاستە بە فیزیکی بەجێیان هێشتین بەڵام بە کەسایەتی و مەعنەوی و بە ئایدیا لەناو ئێـمەدان، بەردەوامی کاری ڕاگەیاندنی ئازادیش خاوەن دەرکەوتنە لە خوێنی شەهیدانی چاپەمەنی ئازاد، هەروەها ئەگەر قۆناغی ٨٠-٩٠کان نەبوونایە دۆخی ئێستای گەلی کورد بەجۆرێکیتردەبوو، وە ئەگەر ئەمڕۆ خاوەن لە گوڵستان و هێرۆ دەرنەکەوین ئەوا قۆناغی داهاتوو بۆ گەلی کورد زەحمەتر و دژوارتردەبێت، هەروەها ئەوانن قۆناغی شەڕ و داگیرکاری دەگۆڕن بۆ قۆناغی ئاشتی و سیاسەت و خەباتی دیموکراتی، بێگومان ئەم دۆخە بۆ بنەماڵەی شەهیدان زەحمەتە، بەڵام زەحمەت نیە بۆئەوەی تێبگەین لە سیستەم و پارت و دەسەڵاتێک کە وابەستەی دوژمنە، کە فەلسەفەی دوژمن قڕکردن و لەناوبردنە، بۆیە دەبێت بنەماڵەی شەهیدان بەم تێگەیشتنەوە خاوەندارێتی لە ڕۆڵەکانیان بکەن.
"لە یاسا نێودەوڵەتیەکاندا ڕۆژنامەنووسان بە هاوڵاتی مەدەنی حساب دەکرێن"
سنوور ڕەحمان ئەوەشی خستەروو کە جێبەجێکردنی دادپەروەری چەند لایەنەیە، ئایا دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەناو ئێمەدا زیندووە؟، هەروەها دادپەروەری چیە؟، لەناو سیستەمیشدا بەهەمان شێوە، لەناو سیستەمدا کاتێک کە تاوانێکی لەم جۆرە ئەنجامدەدرێت تەنها تاوانێکی ناوخۆیی نیە بەڵکو تاوانێکی نێودەوڵەتیە، کە لە ئاستی جیهانیدا چەندین یاسا هەیە بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، چونکە لە یاسانێودەوڵەتیەکاندا ڕۆژنامەنووسان بە هاوڵاتی مەدەنی حساب دەکرێن و دەبێت وەکو هاوڵاتی مەدەنی لەکاتی شەڕ و ئاڵۆزیەکاندا بپارێزرێن، دەشزانین نزیکی ١٠-١٥ ساڵە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناویدا دۆخی هەرێمی کوردستان لە دۆخی کاولکاری و لەناوبردنی مرۆڤەکانیدایە، کە لە دۆخێکی وەهادا پاراستنی ڕۆژنامەگەر وەکو مرۆڤێکی مەدەنی ئەرکی لایەنە سیاسیەکان و هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشە، بۆیە کاتێک کە ناپارێزرێت خودی سیستمەکە و یاساکان دەکەونە گومانەوە، یاسا بۆچیە، دادپەروەری بۆچی جێبەجێناکرێت، بۆیە ئەم کەیسانە نێودەوڵەتین، هەروەها نیشانەی سەرسووڕمان و پرسیار دەکەوێتەسەر کۆی سیستمی جیهان، یەک لەو سیستمانەش سیستمی باشووری کوردستانە، کاتێک ئاسمانی باشووری کوردستان کە لە ژێر سایەی دەوڵەتانی ئەوروپادایە و سنووری ئاسمانیەکەی دەبەزێنرێت و ڕۆژنامەنووسان بە ئامانج دەگیرێن، هەروەها سوریاش بەهەمان شێوە کە چەندین ڕۆژنامەنووس لە کاتی شەڕی داعشدا لەوێ بەئامانج گیران، هەموو ئەمانە پێناسی کەیسی ڕۆژنامەگەردەکات، بۆیە لە باشووری کوردستان دەبێت کەیسی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەدادپەروەری بگات، هەروەها ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دەبێت لێیان بپرسرێتەوەو بەسزای خۆیان بگەن، کۆمەڵگەش دەبێت ڕەخنەدانی خۆیان بکەن و دەوڵەتیش دەبێت پشتی ئەقڵیەتی ئەنجامدەرانی بەسزای خۆی بگەیەنیت، بەمشێوەیە دادپەروەری دێتەدی.
"هەموو هەوڵی مرۆڤایەتی بۆ ئاشتی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە"
لەکۆتایی قسەکانییدا سنوور ڕەحمان وتی: هەموو هەوڵی مرۆڤایەتی بۆ ئاشتی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە، بۆیە دەبێت ئەم کەیسانە یەکلایبکرێنەوە، ئەنجامدەرانیشی بە سزای خۆیان بگەن و بنەماڵەی شەهیدانیش ئاسوودەبن، هەروەکو چۆن لە ڕابردوودا داوادەکرا جاش و مستەشارەکانی بکوژی پێشمەرگەکان بەسزای خۆیان بگەن ئاواش داوای بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانەش بکرێت، هەروەها دایکانی شەمە و دایکانی ئاشتی لە پارچەکانی تری کوردستان داوای دادپەروەری دەکەن بۆئەوەی ئەنجامدەرانی بکوژی ڕۆڵەکانیان بە سزای خۆیان بگەن، بۆیە دەبێت ئیتر کۆمەڵگەش خاوەن دەرکەوێت لەوەی کە دادپەروەری بۆ ڕۆژنامەگەری ئازاد و شەهیدانی ئازاد بێتەکایەوە.