لە غەززە کۆچی بەکۆمەڵ و بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی برسێتی بەردەوامە

کەرتی غەززە لە نێوان پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی، ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ زیاتر لە ٧٦ هەزار کەسی بەخۆیەوە بینیوە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین شەش حاڵەتی گیانلەدەستدانی نوێی بە هۆی بەدخۆراکی ڕاگەیاند کە یەکێکیان منداڵە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل، دانیشتوانی کەرتی غەززە تووشی قەیرانی مرۆیی خراپتر دەبن و ڕۆژانە برسێتی و بۆردوومان دەیان کەس دەکوژێت، پێداویستییەکانی هاوکاری دەبڕدرێن و بارودۆخی ژیان بەرەو خراپتر دەچێت.


وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە ڕۆژی ٣ی ئەیلوول ڕایگەیاند، کە لە ئەنجامی برسێتی و بەدخۆراکی لە کەرتی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا شەش حاڵەتی مردنی نوێی تۆمار کردووە کە یەکێکیان منداڵە، بەمەش ژمارەی قوربانیانی برسێتی سیستماتیکی گەیشتە ٣٦٧ کەس کە ١٣١ کەسیان منداڵن.

 

وەزارەتەکە ڕوونیشیکردەوە، لەوەتەی لە ٢٢ی ئابدا برسێتی لە غەززە ڕاگەیەندراوە، ٨٩ حاڵەتی مردن تۆمارکراوە کە ١٦یان منداڵن، وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، کە قەیرانی مرۆیی کەرتی غەززە لە ژێر گەمارۆ و کەمی پێداویستییەکانی خۆراک و پزیشکیدا بەردەوامە لە خراپتربوون، داوای خۆی دووپاتکردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان دەستوەردانێکی خێرا و بەپەلە بکەن.

 

نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆی "OCHA" بڵاویکردەوە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٧٦ هەزار فەڵەستینی ئاوارەبوون لە شاری غەززە، کە لەوێدا برسێتی ڕاگەیەندرا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل پەرەی سەند و دۆخی مرۆیی بە ڕادەیەکی بێ وێنە خراپتر بوو.

 

"نائاسایشی خۆراک وایکردووە دانیشتووان بەرەو ئاوارەبوون ببنەوە"

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی "OCHA"، ئاوارەبوونی ئەم دواییە لە ئەنجامی نائاسایشی خۆراک بووە، کە هۆکاری بەدخۆراکی و وشکبوونەوەی لەشەوە گیانیان لەدەستدان، لەنێویاندا منداڵ و کۆرپەلەدا.

 

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ٨٧٪ی ڕووبەری کەرتی غەززە بۆتە شوێنی نیشتەجێبوون، لە کاتێکدا زۆربەی چێشتخانە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی کەمی خۆراکەوە کارەکانیان وەستاوە، ئاماژەیان بەوەشکرد، بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس دروست دەکات و بەتەواوی ڕێگری لە هەوڵەکانی فریاگوزاری دەکات.

 

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ١١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٢٤ کەسیان چاوەڕێی هاوکاری مرۆیی بوون. ئەمەش ژمارەی کوژراوانی شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بۆ زیاتر لە ٦٣ هەزار کەس بەرز دەکاتەوە و نزیکەی ١٦١ کەس بریندار بوون کە زۆربەیان منداڵ و ژنن. زیاتر لە ٩ هەزار کەس بێسەروشوێنن، سەدان هەزار کەسیش ئاوارە بوون.