پەروین بوڵدان: ڕێبەر ئاپۆ وتی "سووریا و ڕۆژئاوا هێڵی سوورمە و بابەتێکی جیاواز و تایبەتە بۆم"
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی ئاماژەی بە هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ لە بارەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە داوە و دەڵێت: ڕێبەر ئاپۆ وتوویەتی ‘ڕۆژئاوای کوردستان هێڵی سووری منە’.

ناوەندی هەواڵ
ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" پەروین بوڵدان لە بەشداری بەرنامەیەکی "ژن تیڤی"یدا هەڵسەنگاندنی لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و دوایین دیداری لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردو یادکردنەوەی ئەندامی شاندی ئیمرالی سری سورەییا ئۆندەر دەستی بە قسەکانی کرد و وتی: خەباتێکی زۆری بۆ ئاشتی لە تورکیا کرد و ئەو خەباتەی لەبیر ناکرێت.
پەروین بوڵدان ڕایگەیاند، جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لە نێوان پڕۆسەی ساڵی ٢٠١٥ و ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، ئاماژەی بەوەدا، پشتگیری سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی بۆ پڕۆسەکە پێشکەوتنێکی گرنگە و وتیشی: "باخچەلی کە لە ڕابردوو دژی پڕۆسەکە وەستابوو، ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لەو کەسانەی کە ڕێگای بۆ پرۆسەکە خۆشکردووە.
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە پێش بانگەوازەکەی باخچەلی هیچ پەیوەندییەک لە نێوان دەوڵەت و ڕێبەر ئاپۆدا نەبووە و بەردەوام بوو: "دوای ئەوەی باخچەلی لە یەکی تشرینی یەکەمدا هاتە لای دەم پارتی و تەوقەیان کرد و هەروەها لێدوانەکانی دوای ئەوە، ئاماژەن بۆ پڕۆسەیەکی نوێ لەسەر ڕێگای ئاشتی.
پەروین بوڵدان وتیشی، ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستی باخچەلی بە "عەقڵی دەوڵەت کەوتە کار" ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر تورکیا ئاشتی ناوخۆیی بەدەست بهێنێت، دەتوانێت ببێتە وڵاتێکی نموونەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سێ چەمکی سەرەکی لە دوایین دیداردا
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە ڕێبەر ئاپۆ لە دوایین کۆبوونەوەدا لەسەر سێ چەمکی سەرەکی وەستاوە و وتویەتی: بۆ نموونە، ئێمە دەتوانین کێشەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئاشتی و ئەنتیگراسیۆن وەک پاکێجێک ببینین. ئەگەر مرۆڤ دابەشیان بکات بۆ چەند بەشێک و بە جیا مامەڵەیان لەگەڵ بکات، ئەوا هەڵە و نادروست دەبێت، لەسەر گرنگی هەنگاوە خێراکان وەستاوە کە بەیەکەوە ئەنتیگراسیۆن بەدەست دەهێنن، من ئەمە بەم شێوەیە ڕوون دەکەمەوە، ئێستا کۆمیسیۆنێک پێکهێنراوە، ئەم کۆمیسیۆنە دەستی بە کارەکانی کردووە و ئامانجی ئەوە بووە کە دەستبەجێ یاسا دەربکات، چونکە ئەنتیگراسیۆن شتێک نییە کە بەبێ یاسا بەدی بێت، ئێمە دەتوانین باسی ئاشتی بکەین، باسی دیموکراسی بکەین، بێگومان دەتوانین باسی نادادپەروەری و نایاسایی لە تورکیا بکەین و یاسای گونجاو لەگەڵ ئەوەدا دەربکەین، ئەم بابەتانە تاوتوێ بکەین و باسیان بکەین، بەڵام ئەنتیگراسیۆن شتێکی تەواو جیاوازە، چونکە ئەمڕۆ لە چیاکاندا هەزاران کەس هەن کە چەکیان پێیە، ڕێوڕەسمێکی سیمبولی لەناوبردنی چەکەکان بەڕێوەچوو، پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە، بەڵام هێشتا ئەوانەی چەکیان پێیە ماون، ئێستا پێویستە ئەو ڕێگرییەی لەبەردەم ئەوانەی چەکەکانیان پێیە نەهێڵدرێت بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە تورکیا و بتوانن بەشداری سیاسەتی دیموکراتیک بکەن، ئەمەش بە یاسا کە لە لایەن کۆمسیۆنەکە پەسەند دەکرێت ئەنجام دەدرێت، دەبێت زەمینەیەکی یاسایی بۆ ئەو کەسانەی چەکەکانیان دادەنێن و دەگەڕێنەوە تورکیا بڕەخسێندرێت
ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی پەروین بوڵدان باسی دیداری خۆی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی کرد کە دوای ڕێوڕەسمی لەناوبردنی چەکەکان ئەنجامیداوە، پەروین بوڵدان ڕایگەیاند کە باخچەلی ڕێوڕەسمەکەی بە "شکۆدار و ڕێکوپێک" بینی، و نیگەرانی خۆشی دەربڕی کە ئەوانەی چەکەکانیان دانا نەیانتوانی لە هەمان ڕۆژدا بگەرێنەوە تورکیا.
بوڵدان ئەم دۆخەی بە "نەبوونی بنەمایەکی یاسایی و دادپەروەری" بەستەوە و وتی: "ئەگەر زەمینەیەک ئامادەکرایە ئەوا ئەمە دەکرا، بەڵام لە وڵاتێکدا کە هیچ گەرەنتییەک نییە، بەرەوپێشچونێکی وا ڕووی نەدا، ئەگەر چاکسازی یاسایی بکرێت، دەتوانرێت بنەمایەک بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتیک ئامادە بکرێت، پێشکەوتنی پڕۆسەکە پەیوەستە بەو یاسا و بڕیاڕانەی کە لە کۆمیسیۆنەکەوە دەردەکرێت.
کۆمیسیۆنەکە بە خاوی کار دەکات، دەبێت گوێگرتن بە خێرایی کۆتایی پێبێت
پەروین بوڵدان ڕایگەیاند کە دەبێت ناو و کاری کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان بە جیا گفتوگۆی لەسەر بکرێت و وتی: تێکەڵییەک هەیە، هەندێک کەس وا بیر دەکەنەوە کە ئەم کۆمیسیۆنە کێشەی کورد چارەسەر دەکات یان ئەم کۆمیسیۆنە هەموو یاساکان دەردەکات، ئەمە ڕاست نییە، ئێستا ئەم کۆمیسیۆنە بۆ مەبەستێکی تایبەت دامەزراوە، بۆچی دامەزراوە؟ پەیوەندیدار بە چارەسەری کێشەی کورد دەبێت پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چەکەکانی دابنێت و بۆ بابەتی ئەنتیگراسیۆن پێویستە هەندێک یاسا دەربکرێن و هەمواربکرێنەوە، کۆمیسیۆنەکە بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە، من پێم وایە زۆر بە بەهایە، چونکە لە مێژووی تورکیادا بۆ یەکەمجارە کۆمیسیۆنێک پەیوەندیدار بە کێشەی کورد دادەمەزرێت، بەڵام سەیری بکەن من ناڵێم پەیوەندیدار بە چارەسەری کێشەی کورد، دەڵێم پەیوەندیدار بە کێشەی کورد کۆمیسیۆنێک پێکهێنرا. ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزرا، جەهەپە و مەهەپە و زۆر پارتی تر ئەندامیان نەبوو، بەڵام ئێستا لەم کۆمیسیۆنەدا نوێنەرایەتی هەموو پارتەکان، هەموو فراکسیۆنەکان هەیە، لەم ڕووەوە زۆر بە بەهایە، تەنانەت پارتە سیاسییە بێ فراکسیۆنەکانیش نوێنەرایەتییان هەیە، بەڵام کۆمیسیۆنەکە کەمێک بە قورسی کار دەکات، بە بڕوای من کارەکانی خاون، زیاتر بۆتە کۆمیسیۆنێک کە کاتەکانی زیاتر بۆ گوێگرتن بەسەر دەبات، ئەمە شتێکی ڕاست نییە، بە بڕوای من ئەمە هەڵەیە، دەبێت بە خێرایی گوێگرتن کۆتایی پێبێت، بێگومان گوێگرتنەکان بە نرخ بوون، بۆ نموونە شەهید، کەمئەندامانی جەنگ، دایکانی شەممە، دایکانی ئاشتی و ئەو کەسانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە تورکیادا ئازاریان چەشتووە، ئەوانەی ستەمیان لێکراوە و داوای دادپەروەری و ڕاستی دەکەن و پارێزەرانیش گوێیان لێگیرا، ئەمە گرنگە بەڵام گۆڕینی کۆمیسیۆنەکە کە بە هەفتە و مانگ گوێ دەگرێت کۆمیسیۆنەکە سەرقاڵ و گیرۆدە دەکات.
دەبێت یاساکانی پەیوەست بە ئەنتێگراسیۆن و ئازادی دەرچوێندرێن
ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی پەروین بوڵدان ڕایگەیاند کە لەدەستدانی کات بۆ پڕۆسەی ئاشتی مەترسی ڕاستەقینە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و وتی: "لە چارەسەرکردنی پێکدادانەکاندا کات زۆر بە بەهایە، لەوانەیە ئەوانەی دەیانەوێت پشێوی بنێنەوە و پڕۆسەکە تێک بدەن دەربکەون، پێویستە کارە یاساییەکان بە زوویی دەست پێبکەن و ڕایگەیاند: "دەبێت یاساکانی ئەنتیگراسیۆن و ئازادی دەرچوێندرێن، هەروەها بەهێزکردنی ئیدارە خۆجێییەکان دژی قەیوم هەنگاوێکی گرنگە، پرسی کورد تەنها بە کۆمیسیۆنەکە چارەسەر ناکرێت، پێویستە ڕێککەوتنێکی فراوان بکرێت.
ڕێبەر ئاپۆ: زۆر شت هەیە کە بە کۆمیسیۆنەکەی بڵێم
ئەندامی شاندی ئیمرالی پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا بکات و سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئەم بابەتە لە دوایین دیداردا وتی: "ئێستا گرنگە کۆمیسیۆنەکە بچێتە ئیمڕاڵی، چونکە دەبێت چاوپێکەوتن لەگەڵ دانوستانکاری سەرەکی بکات، لە هەردوو لایەنیشدا دانوستانکار هەن، بەڕێز ئۆجالان هەیە کە پەکەکە دەڵێت دانوستانکاری سەرەکی ئێمەیە، بەردەنگی ئەم کارە بەڕێز ئۆجالانە، لە لایەکی ترەوە بەڕێز سەرۆک کۆمار هەیە، کە لەوانەیە هەوڵ بدەن ئەم کارە بە ئیرادەی خۆیان بەرەو پێش ببەن، بەڕێز دەوڵەت باخچەلی هەیە، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هەن، بە تایبەت ئۆزگور ئۆزەل هەیە، دەم پارتی هەیە ، هاوسەرۆکان هەن، لەو باوەڕەدام کە باشترە هەموو ئەمانە گفتووگۆیان لەگەڵدا بکرێت.
بۆیە ئێستا چاوپێکەوتن لەگەڵ کارەکتەرەکانی لایەنێک بکرێت و چاوپێکەوتن لەگەڵ کارەکتەری لایەنەکەی تر نەکرێت و بۆچوونەکانی وەرنەگیرێت، وەک بەردەنگی پرسەکە نەبینرێت، هەڵەیەکی گەورەیە، ئەگەر بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی نەکردایە، ئەگەر بە پەکەکەی نەگوتایە کۆنگرەی خۆتان ببەستن، خۆتان هەڵبوەشێننەوە، ئایا پەکەکە کۆنگرەی خۆی دەبەست و خۆی هەڵدەوشاندەوە؟ ئایا دەگەیشتینە ئەو قۆناغەی ئێستا تێیداین؟ نەخێر، نەدەگەیشتین، ئەمانە بە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان دروست بوون و لە لایەکی ترەوە ڕێکخستنێک هەیە کە گوێڕایەڵی دەکەن، بۆیە نەچوونی کۆمیسیۆنەکە، و نەبینینی بەڕێز ئۆجالان وەک بەردەنگ و گوێنەدان پێی هەڵەیەکی گەورەیە، ئێستا بەڕێز ئۆجالان دەڵێت، چەندین شت هەیە کە من بە کۆمیسیۆنەکەی بڵێم، بەڵێ زۆر شت هەیە.
ئەو بابەتانەی کە ڕێبەر ئاپۆ هاوبەشی پێکردوون
بوڵدان ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا چەندین بابەتی پەیوەست بە پرۆسەکە هاوبەشی پێکردووە و وتی: "پەکەکە بۆچی دامەزرا؟ ئێمە بۆچی سەرهەڵدانمان دەستپێکرد؟ پەکەکە بۆچی ٥٠ ساڵ شەڕی کرد؟ بۆ نموونە لەم دیدارەدا دەڵێت: "هاوکێشەکە زۆر قورسە، لە هەردوو لایەنیشدا هەزاران زیان هەیە، هەزاران سەرباز گیانیان لەدەست دا، هەزاران کورد گیانیان لەدەست دا، تەنانەت ئاماژەی بە منیش کرد، وتی، لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتەی کە لە هەردوو لایەندا هەزاران کەس گیانیان لەدەست داوە، پێیان دەڵێم، من بۆچی چارەسەریم دەستپێکرد؟ ئەمە ڕوون دەکەمەوە، ئێمە بۆچی پێویستمان بە ئاشتی هەیە؟ من بۆچی سەرهەڵدانی ٥٠ ساڵە، پێکدادانی ٥٠ ساڵە و شەڕم کۆتایی پێهێنا؟ من بۆچی ئەمەم وەک پێویستیی بینی؟ دەمەوێت ئەمە بە کۆمیسیۆنەکە بڵێم، دەڵێت من نامەوێت بە نێوەندگیری ئێوە بێت، بەڵکو دەموێت خۆم ڕوونی بکەمەوە.
ئێمە بۆچی لەم مانگەدا نەچووین بۆ سەردانی بەڕێز ئۆجالان؟ لە ڕاستیدا دەمانتوانی بڕۆین، بەڵام هەوڵماندا زەمینە بۆ چوونی کۆمیسیۆنەکە خۆش بکەین، کۆمیسیۆنەکە ئەمرۆ بچێت، نا سبەینێ بچێت، یان هەفتەی داهاتوو بچێت، ئێمە چونەکەمان دواخست، بەڵام بینیمان کۆمیسیۆنەکە ناچێت، ئیرادەیەکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە، نزیکەی مانگێکە سەردان ئەنجام نەدراوە، بنەماڵە نەچوو، پارێزەر نەچوو، کەس نەچوو، بۆیە ئێمە جارێکی تر داواکاریمان پێشکەش کرد و ڕامانگەیاند کە دەمانەوێت بڕۆین.
زۆر گرنگە کۆمیسیۆنەکە لەگەڵ ئۆجالاندا کۆبێتەوە
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە زۆر گرنگە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلاندا بکات و وتی: "ئێمە ناڵێین هەموو کۆمیسیۆنەکە بچێت، ناڵێین هەموو ئەندامان بە یەکەوە بڕۆن، بەڕێز ئۆجالان داوای ئەوەی نەکردووە، وا بیر دەکەینەوە کە نوێنەرێک لە هەر گروپێکیش بچێت بەسە، کەسێک لە ئاکەپە، کەسێک لە مەهەپە، کەسێک لە جەهەپە، کەسێک لە یەنی یۆڵ، کەسێک لە دەم پارتی، شاندێکی نوێنەرایەتی بۆ نموونە لە ٥-٦ کەس یان ٦-٧ کەس پێکبێن بچنە ئیمڕاڵی و وەک شاندی کۆمیسیۆنەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکەن، ئەمە پڕۆسەکە خێراتر دەکات و بەشدارییەکی ئەرێنی دەکات و زەمینە بۆ پێشخستنی پڕۆسەکە ئامادە دەکات، لە ڕاستیدا ئیرادە بە گشتی لە دەوڵەتدا هەیە، هەوڵەکانی بەڕێز نوعمان کورتولموش زۆر بەنرخن، لێدوان و هەڵسەنگاندنەکانی بەشدارییەکانی لە لێژنەکەدا، جگە لە ڕێگری لە زمانی کوردی گرنگن، ڕێگری لە زمانی کوردی شتێکی جیاوازە، خۆزگە وانەبوایە، دەبوو ڕێگە بدرایە دایکێکمان لەوێ بە کوردی قسە بکات، دەتوانرا وەرگێڕێک لەوێ هەبێت، هاوڕێیانمان دەیانتوانی لەوێ وەرگێڕی بکەن، ڕێگە نەدان بەمە بە بڕوای من بۆ کۆمیسیۆنەکە بوو بە عەیبە، شتێکی ڕاست نەبوو.
پەروین بوڵدان ڕێگری کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی لە زمانی کوردی هەڵسەنگاند و وتی: "ڕاستییەکەی ئەوەیە کە گەل کاردانەوەی لێژنەکەی بۆ پرسی کورد، نزیکبوونەوەیان لە زمانی دایک زۆر بە فراوانی پێشوازیی لێکرد و کاردانەوەیان نیشاندا، دەتوانرا لە ڕێگەی وەرگێڕێک ڕێگە بە دایکانمان بدرێت بە کوردی قسە بکەن، تەنانەت مەرال دانش بەشتاشیش وتبووی من دەتوانم وەرگێڕی بکەم، ڕێگەیان بەمەش نەدا، بەڕێز ئۆجالان سەرنجی نەخستە سەر ئەم بابەتە بەڵام بە گشتی دیدارێکی زۆر درێژمان سەبارەت بە ئەرک و قورسی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە لە بابەتی دەرچواندنی یاسادا ئەنجامدا، بەڵام چاوەڕوانییەکی گەورە هەیە لە لایەن گەلی کوردەوە، هەموو کەس چاوەڕوانیی هەیە، گەلەکەمان دەتوانێت بڵێت کە سەبارەت بە کورد، ناسنامەمان، کەلتوورمان، بابەتی سەرەکی چارەسەرکردنی پرسی کورد چی دەبێت، زمانی گەلی کورد، ناسنامەی گەلی کورد، کەلتووری گەلی کورد، سەبارەت بە هەموو ئەم بابەتانە، کۆمیسیۆنەکە ئەو کارانە بکات کە دەکەوێتە سەر شانی، بەڵام کۆمیسیۆنەکە ئەرکێکی جیاوازی هەیە، من هەوڵمدا باسی ئەمە بکەم، هەندێک جار بە تەواوی لە کارەکانی کۆمیسیۆنەکە تێناگەین، ئێستا ئەم کۆمیسیۆنە کۆمیسیۆنی چارەسەرکردنی پرسی کورد نیە، بۆ نموونە یاسا دیموکراتیکەکان سەیر بکەن، کاتێک دەوترێت یاسا دیموکراتیکەکان بەڕێز ئۆجەلان ئەمە وەک چارەسەری پرسی کورد نابینێت، بۆ نموونە ئێمە دەڵێین کۆمەڵگای دیموکراتیک، یاساکانی کۆمەڵگای دیموکراتیک، دەبێت ئەمە بگۆڕێت بۆ زەمینەیەک کە ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی لە زەمینەیەکی یاساییدا کاربکات و لەم زەمینە یاساییەدا بتوانین لە ساڵانی داهاتوودا گفتوگۆ بکەین، یاسا نوێکان دەرچوێنین.
بابەتی دیموکراتیکبوونی تورکیا چووەتە قۆناغێکی نوێ کە ئێمە پێی دەڵێین کۆمەڵگەی دیموکراتیکی و ئەم کۆمەڵگەیە لە زەمینەیەکی یاساییدا جێگیر دەکرێت و لەناو ئەمەشدا پێناسەیەک بۆ ئەرکەکان دەکرێت و هەنگاو دەنرێت، ئێستا هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێشەوە، بەڕێز ئۆجالان باسی لەوەکرد یەکتر بینین کۆتایی دێت، تەکتیکی یهکهم کۆتایی هات، ئێستا کاتی تەکتیکی دووەمە، تەکتیکی یهکهم چەکدانانی پەکەکە، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە و هتد بوو، ئێستا قۆناغی دووەم، تەکتیکی دووەمە. ئەمە چییە؟ یاساکان دەردەچن، ئەنتیگراسیۆن دەست پێدەکات، یاسای دیموکراتیکبوون و یاسای ئازادییەکان دەردەچوێنرێن، بێگومان بەمەش گفتوگۆی نوێ درووست دەبێت، بۆیە ناکرێت مرۆڤ هەمووی پێکەوە ئەنجام بدات، هەمووی لە یەک جاردا چارەسەر بکات.
پێویستە جەهەپە پشتیوانی پرۆسەکە بکەن
لەم قۆناغەدا، لەم بارودۆخەدا، لە لایەکەوە ئاشتی و دیموکراتیکبوون هەیە، بەڵام لە لایەکی ترەوە دامەزراندنی قەیومەکان بۆ ئەو شارەوانییانەیە هەیە کە موڵکی پارتێکی ترە، ئۆپەراسیۆنێک هەیە دژی پارتێکی تر، لە ڕاستیدا ئەمە گورزێکە لە ئاشتی. ئەمە دەشێت وەکو تێکدانێکی ئاشتی، وەکو داینەمۆیەک کە وێرانی دەکات، درکی پێ بکرێت. خەڵک بەم شێوەیە لێکدانەوەی بۆ دەکەن.
لە ئێستادا لایەنگرانی جەهەپەش بەم شێوەیە بیردەکەنەوە. کوردانی لایەنگری دەم پارتیش بەم شێوەیە بیردەکەنەوە. لەبەرئەوە، بەڕاستی پێم وایە کە گەورەترین خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی، وەستاندنی تەواوی ئەم ئۆپەراسیۆنانە، ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم ئەو سەرۆک شارەوانییانەیە کە قەیومیان لەجێ دانراوە.
پێویستە حکومەت لە ئێستادا بەم شێوەیە بیربکاتەوە. من باوەڕم وایە کە ئەم ئاشتییە بۆ گەلانی کورد و تورک، ساڵانێکە بووەتە کارکردن دژی نەخۆشییەکی کوشندە. وەکو ئەوەی کە بەڕێز ئۆجالان وتی، ئەمە ئاشتییەکی زۆر دژوارە. ئەم نەخۆشییە پێویستی بە نەشتەرگەرییە. لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، کە ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات، تەنها بەم شێوەیە دەتوانین ئاشتی بەدەستبهێنین، بە ڕای من پێویستە هەموو لایەنەکان زەمینە بۆ بەشداربوون لەم پرۆسەیەدا بڕەخسێنن. لە ئێستادا، لە لایەکەوە جەهەپە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە و لە لایەکی ترەوە، ئێوە لە دیموکراتیکبوونی تورکیادا قسەتان دەبێت. بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا هەنگاو دەنرێت. لە ئێستادا، بەڕاستی باوەڕم وایە، کە هەم لایەنگرانی جەهەپە و هەم سەرۆکایەتیی جەهەپە، پێویستە بە تەواویی ئاشتی لە ئامێز بگرن، تاوەکو ڕێگری لە هەموو ئەمانە بکەن. بۆ پابەندبوونێکی بەهێزتر بە کۆمیسیۆن، پابەندبوونێکی بەهێزتر بە پرۆسەی ئاشتی. دەتانەوێت لە داهاتوودا بگەنە دەسەڵات؟ نیازی لەو شێوەیەتان هەیە؟ کەواتە خاوەندارێتی لە پرۆسەکە بکەن.
ئاشتی پێویستی بە کۆمەڵایەتیبوونە
ئێستا وەک دەزانن جار جار ڕاگەیاندراو هەم لە لایەن بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل هەم لە لایەن جەهەپە و هەم لە لایەن ئەندامانی کۆمسیۆنەوە دراوە. ئەندامێکی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەدا چوونە دوورگەکە هێڵی سوورمانە. ئەو پشتگیرییەی ئێستا دەکرێت گرنگە. لە دژی ئەمە ناوەستمەوە. شایەنی ئەوەیە. بەڕاستی شایەنی ئەوەیە، بەڵام دەبێت زۆر زیاتر بەرخۆدان بکات. ئەگەر ئێستا ئاشتی بە دی بێت، ئەم ئۆپراسیۆنانە دەوەستن. ئەگەر ئاشتی بە دی بێت، قەیومەکان دەوستن. بەڕێز ئۆجالان جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بۆ ئاشتی بەرخۆدان بکات، بەڵام دەبێت پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن زیاتر بەرخۆدان بکات. چونکە ئەمڕۆ ئەوانن زۆر بە ئامانج دەگیرێن. چونکە ئەمڕۆ جەهەپە ڕووبەڕووی ئۆپراسیۆنەکان دەبێتەوە.
وەک دەزانرێت قەیوم هەیە و ئەمڕۆ قەیومێک بۆ ناوەندی شارێک دانرا و ... هتد. لەوباوەڕەداین بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەموو ئەمانە بکرێت، دەبێت جەهەپە بە هەموو هێزییەوە ئەمە لە باوەش بگرێت. ڕێگەیەکی دیکە نییە. ئۆپراسیۆنێک لە ڕێگەیە. بە وتنی 'ناتوانم لێرە بم کاتێک ئۆپراسیۆن بەڕێوەیە'، لەم دۆخە ڕزگاری ناکات. بەڕاستیش نابێت. دەبێت زیاتر بەرخۆدان بکەین. دەبێت زیاتر بەشدار بین. لە ئێستاوە لەگەڵ هەموو پارتەکان لە پەیوەندیداین. لەگەڵ جەهەپە، مەهەپە، ئاکەپە کۆدەبینەوە. ئەمەش بۆ هەموو پارتەکان ڕاڤە دەکەین. گرنگی پرۆسەکە، گرنگی ئاشتی و هەموو ئەمانە ڕاڤە دەکەین، بەڵام بێگومان بەردەوام دەبین. چونکە ئاشتی پێویستی بە کۆمەڵایەتیبوون هەیە.
گەل و سیاسەتمەدارانیش ئامادەی پرۆسەکەن'
گرنگە هەمووکەسێک ئەمە هەڵسەنگێنێت و لەم ڕووەوە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی مەزن دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان. ئەمە دەزانین. دەڵێت، بڵێن. بە هەمووکەسێک بڵێن. گرنگی ئاشتی، بەهای ئاشتی، ماناکەی، بەهۆی شەڕوپێکدادانانەوە چی لە دەستدراوە، تێچووی شەڕوپێکدادانەکانی ئەم وڵاتە، تێچووی شەڕ بۆ ئەم وڵاتە، لە هەموو شوێنێک باسی بکەن. لێرەدا دەم پارتی ئەمە دەکات. بۆ نمونە لە هەموو شارەکان کۆبوونەوەی گەل، گردبوونەوە، پانێڵ ئەنجام دەدەن کە پرۆسەکە ڕاڤە دەکەن و زۆر شتی دیکە ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەمە پرسێک نییە تەنها دەم پارتی ئەنجامی بدات و تەنها لەگەڵ دەم پارتیدا سەربکەوێت. دەبێت هەموو پارتەکان بە هەستیارییەوە نزیکی ئەم پرسە ببنەوە. واتە جەهەپە ئەمە بکات، دەبێت ئاکەپە ئەمە بکات و مەهەپەش ئەمە بکات. دەبینین و چاودێری دەکەین کە ئاکەپە و مەهەپە بۆ ئەندامەکانیان بەرنامەیان دەرکردووە، بەڵام ئەوەش بەس نییە. بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ گەل، بۆ شڕۆڤەکردنی ئەمە بۆ گەل و بۆ کۆکردنەوەی گەل لەسەر ئەم پرسە، چەندین بەرنامەی دیکە پێویستن. نمونەیەک لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەهێنمەوە، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە مەزنەکانی سەرنەکەوتنی ساڵی ٢٠١٥ ئەوە بووبێت کە گەل ئامادەبوو، بەڵام سیاسەتمەداران ئامادە نەبوون. ئێستا، سیاسەتمەدار ئامادەیە و گەلیش ئامادەیە. تەنها با سیاسەتمەداران بچنە لای گەل. بەڵێ متمانە زۆر گرنگە. واتە متمانەکردن بە یەکتر لە چارەسەرکردنی ئەم پرسە، ئەگەر هەر کەسێک ئەم پرسە بە ئەندامانی خۆی بڵێت و کۆمەڵگەشی بۆ ئامادە بکات، بەخێرایی بەرەو پێشەوە دەڕۆین و پێش دەکەوێت.
ڕێبەر ئاپۆ: ڕۆژئاوا هێڵی سوورمانە
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا ڕێبەر ئاپۆ خودی خۆی دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و سووریایشی هەڵسەنگاندووە و هەموو ئەو پێشکەوتن و پێشهاتانەی لەگەڵ شاندی دەوڵەتدا تاوتوێ کردووە و گوتی: "دەزانم چەند جار لەگەڵ ئێمە، لەگەڵ شاندی دەم پارتی لەسەر سیاسەتی تورکیا گفتوگۆی کردووە. گوتوویەتی، 'سووریا و ڕۆژئاوا هێڵی سوورمە و بابەتێکی جیاواز و تایبەتە بۆم.' بە دیوێکی دیکە، ئەو چەند جار دەربارەی سووریا بڕیارەی داوە. بەڵام دەمەوێت سەرنج بخەمە سەرئەوەی کە ئەو دەربارەی سووریا ڕۆژئاوا لەگەڵمدا هیچ هەڵسەنگاندنێکی نەکردووە.
ئەو لە سەرەتادا لەگەڵ شاندی دەوڵەتدا لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆی کردووە، لەوێ لەسەر بابەتەکە قسەکراوە و هەتا ئەوەیشی دیاری کردووە بایەخ دەداتە بونیاتنانی پەیوەندی لەگەڵییاندا گەر دەرفەت درووست بێت. بەڵێ. ئەو چەندین جار جەختی لەسەر گرنگی پەیوەندیدانان لەگەڵ ڕۆژئاوادا کردووە. ئاماژەی بەوەشدا دەیەوێت لەگەڵیاندا قسەکات، گفتوگۆیان لەگەڵ بکات و ئەو ڕێگەیەیی پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکرێت و بڕیارگەلێک کەلەسەر ئەم بابەتە دراوە لەگەڵیاندا هەڵسەنگێنی و تاوتوێیی بکات. هێشتا ئەم دەرفەتە درووست نەبووە، بەڵام گەر پەرە بە پرۆسەکە بدەین و پێشکەوتن بێتەئاراوە، ڕەنگە لەگەڵ بەرپرسانی ڕۆژئاوا دیدار و پەیوەندی دانێین، پێموایە کێشەکان زووتر چارەسەر دەبن.
'ڕۆژئاوا گەورەترین هەستیاری کوردە'
پەروین بوڵدان سەرنجی خستەسەر پەیام و لێدوانەکانی دەسەڵات پەیوەست بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "لەم ڕووەوە واتا لە مەسەلەی ڕۆژئاوا و سووریادا دەبێت تورکیا جێگەیی خۆی لەگەڵ کورداندا بگرێت. دەرکردنی کوردان لەوێ، ئۆپەراسیۆنەکانی سەر کوردان و دژایەتیکردن و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردان هیچ سوودێک ناگەیەنێت بە تورکیا، بە دڵنیاییەوە کوردانی باکووری کوردستانیش ئەمە قبوڵ ناکەن. دەبێت ئەمە بەشێوەیەکی ڕوون لێکبدرێتەوە و چارەسەرکردنی ئەم بابەتە پێویستی بە ڕێ و ڕێبازی درووست هەیە، پێموایە بابەتەکە پێویستی بە لێکدانەوەی درووست و بڕیاری درووست هەیە. بۆ ئەمەش پێشهاتەکانی سووریا، ڕێککەوتن و کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق...هتد تورکیا لە نزیکەوە چاودێری هەموو ئەمانە دەکات. بەڵام لەم ڕووەوە کورد هەستیارە. ڕۆژئاوا گەورەترین هەستیاری کوردە. بۆیە لەم ڕووەوە هەرچەندێک لە تورکیایشدا هەنگاو بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا بنێن، بەڵام بچووکترین لە دەستدانی دەستکەوتەکانی کوردان و ئۆپەراسیۆنەکانی سەر ڕۆژئاوا لە نێو گەلی کوردا دەبێتە هۆکاری داڕووخانێکی گەورە. بۆیە جێگەی قبوڵ کردن نییە. پێش هەموو کەسێک بەڕێز ئۆجالان بەهیچ جۆرێک قبوڵی ناکات. لەوباوەڕەدام تورکیا لەگەڵ گەلی کورددا بێت و ڕێز لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد بگرێت و لە هەموو جێگەیەکدا دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت و بە نزیکایەتییەک کە ئەم بابەتە لەسەر زەمینەی یاسایی چارەسەر بکات، ئەوا دەبێتە سەرکەوتن بۆ تورکیا. لە بری ئاڵۆزی درووستکردن دەتوانرێت بگۆردرێت بۆ دەستکەوت و سەرکەوتن. بۆیە دەتوانرێت ئەم پرسە بە تێگەیشتنی هاوبەش چارەسەر بکرێت و دەتوانرێت ڕێگەیەکی لەو شێوەیە بگیرێتەبەر."