منداڵێکی کچ لە قەلادزێ بە گوماناوی گیانی لەدەستداو ژنێکی گەنج لە کەرکوک سووتاوە

لە چەندین رووداوی هاوشێوەدا لەماوەی ڕۆژانی ساڵی نوێدا گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان لەزیادبوونەو منداڵیکی کچ لە قەڵادزێ بە گوماناوی گیانی لەدەستداو و ژنێکی گەنج لە کەرکوک بە سووتان برینداربوو.

ناوەندی هەواڵ

 

گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان لە زیادبوونەوە تەنها لە چەند ڕۆژی ڕابردووی ساڵی نوێدا، چەندین ڕووداوی گوماناوی تۆمار کراوە، لە نوێترین ڕووداودا منداڵێکی کچ لە قەڵادزێی سنووری ئیدارەی ڕاپەرین و ژنێکی گەنج لە کەرکوک بە شێوەیەکی گوماناوی و بە سووتان گیانیان لەدەستدا.

 

 

بەپێی زانیارییە بلاوکراوەکان، مندالیکی کچی تەمەن ١٣ ساڵ لە شارۆچکەی قەڵادزێی سنووری ئیدارەی ڕاپەرین بە ئاگر بە گوماناوی گیانی لەدەستداو وترا خۆی سووتاندووە.

 

"قافڵەی ژنان بۆ مەرگ لە ژێر دەسەڵاتی سیستمی پاتریارکی و سەرمایەداری بەردەوامە"

ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووك بلاویکردەوە، ژنێك لەدوای خۆسووتاندنی لە شاری کەرکوك بە ناوی (ژ. خ. ج) بەداخەوە ژیانی لە ژێر مەترسی و مەرگدایە، و ڕێژەی سوتاندنەکە زۆرە، ئەم ژنە تەمەنی ٤٥ ساڵە، دایکی چوار منداڵە، بەداخەوە وەك زۆرێک لە ژنەکانی دیکە و لە ژێر فشاردا لە پەڕاوی لێکۆلینەوەی پۆلیس وتویەتی بە زۆپا سوتاووە، جێگای نیگەرانیە ژنان لە کوردستان پشت و پەنایان نئیە تاکوو دوور بخرێنەوە لەم دیاردە نامرۆڤانەیەی کەس خۆی ناکاتە خاوەنی، ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان بۆ ئەم پرسە ناخهەژێنانە داوا لە ژنانی کوردستان دەکات هەموو پێکەوە کاریگەری دروست بکەین و ژنان دووربخەنەوە لە خۆسووتاندن، ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان لەجەهەنەمی ڕاستەقینەدا دەژین، بەداخەو قافڵەی ژنان بۆ مەرگ لە ژێر دەسەڵاتی سیستمی پاتریارکی و سەرمایەداری بەردەوامە هەوڵی ئێمە بۆ رەخساندنی دەرفەتی باشترە کە ژنان پارێزراون، ئازادبن ،یەکسان بن پێویستە زیادببێت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە ٦ی کانوونی دووەم، لە شارۆچکەی قوشتەپەی سەربە پارێزگای هەولێر، ژنێکی بەڕەگەز عەرەب بە گوماناوی بە ئاگر سووتاو گیانی لەدەستدا، دەوترێت خۆی سوتاند و دەستبەجێ لەشوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە، ٣ی کانوونی دووەم، لە گەرەکی هوانەی سلێمانی ژنێک بە شێوەیەکی گوماناوی بەهۆی ئاگر گیانی لەدەستداو  ئێوارەی ٤ی کانوونی دووەم، تەرمی ژنێک بەشێوەیەکی نامۆ لە بەنداوی خاسەی کەرکوک دۆزرایەوە، شەوی ١ی کانوونی دووەمیش لەگەڕەکی گازینوی شارچکەی کەلار دوو خووشک لەماڵێکدا غاز لێی داون و یەکێکیان گیانی لەدەستداو ئەوی دیکەیان برینداربوو.