بەردەوامی بۆردوومانەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ئازاری هاوڵاتیانی مەدەنی گەمارۆدراو زیاتر دەکات

لە کاتێکدا هێرشەکانی جیهادییەکانی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بەردەوامن، ژمارەی بریندارانی مەدەنی بۆ ٤٠ کەس بەرزبووەتەوە کە ژن و منداڵیشی تێدایە، جگە لەوەش شەش هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە دوو ژن و دوو منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

پەرەسەندنی سەربازی لە چەند ناوچەیەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕاستیەکی تراژیدی نوێی خستۆتە بەردەم دانیشتووان و پرسیاری لەبارەی داهاتووی سەقامگیری لاوازی شارەکە وروژاندووە، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی هیچ نیشانەیەک بۆ ئاگربەستێکی نزیک یان دەستێوەردانێک بۆ ڕاگرتنی بەئامانجکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی.

 

گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید بەردەوام لە ژێر تۆپبارانی توندە بە جۆرەها چەکی قورس، لەوانە تانک و تۆپخانەی قورس و موشەکهاوێژی گراد و کاتیۆشا، هێرشە لەناکاوەکەی چەکدارانی هەتەشە کە ناوچە مەدەنییە چڕەکانی دانیشتووانی کردە ئامانج، ترس و دڵەڕاوکێ و ئاژاوەیەکی بەرفراوانی لەناو ئەو سێ گەڕەکەدا دروستکردووە کە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەسی تێدایە.

 

ئەم بۆردوومانە کاریگەری لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە گەڕەکەکان هەبووە، بەهۆیەشەوە حەوت هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ٤٦ کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەروەها پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوان بەرزبێتەوە لەگەڵ بەردەوامی و فراوانبوونی بۆردوومانە بێ جیاوازیەکان.

 

بۆردوومانەکە شەقامە سەرەکییەکان و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون و ژێرخانی ژیانی گرتەوە و لە ئەنجامی تۆپباران و موشەکی زیاتر لە ١٥٠ ماڵ و دوکان زیانیان پێگەیشت، هەروەها لەگەڵ بەردەوامی و فراوانبوونی هێرشەکان، ترسەکان لە بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان و خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لەم ناوچانەدا زیاد دەکات، کە لە ئێستاوە بەدەست گەمارۆدان و بارودۆخی ژیانی خنکێنەرەوە دەناڵێنن.

 

بۆردوومانی ئەم دواییەی حەلەب نوێنەرایەتی پێشهاتێکی مەترسیدار دەکات کە مەترسی لەسەر سەقامگیری لاوازی ناوچەکە دروست دەکات و پرسیار لەبارەی پابەندبوون بەو ڕێککەوتنانە دەوروژێنێت کە لە نێوان خۆبەڕێوبەری و حکومەتی کاتی سووریا واژۆکراون، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی هێرشەکان و بەئامانجکردنی ناوچە نیشتەجێبوونەکان، هەروەها ئاماژەکان زیاتر دەبن بۆ پێشێلکردنی ڕوونی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، کە مەرجی وەستاندنی شەڕ و پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی شەڕەکانی تێدابوو.