ئیلهام ئەحمەد: سووپای سووریا شەڕی قڕکردنی دژی کوردانی حەلەب ڕاگەیاندووە

لە دوێنێ شەوەوە، هێرشی چڕی چەتەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بەردەوامە، سووپای سووریاش هەڕەشەی توندکردنەوەی هێرشەکان دەکات و ئیلهام ئەحمەدیش هۆشداریی دەدات لە ئەگەری ئەنجامدانی جینۆساید.

ناوەندی هەواڵ 

 

لە دوێنێ شەوەوە، هێرشی چڕی چەتەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سووریا کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەستی پێ کردووە، کە بەهۆی ئەم هێرشانەوە تا ئێستا حەوت کەس شەهیدبوون و ٥٢ کەسیش بریندارن.

 

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سووپای سووریا ڕایگەیاند، لەمەودوا سەرجەم پێگە سەربازییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ''قەسەدە'' لەناو گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، وەک "ئامانجی سەربازیی ڕەوا" تەماشا دەکرێن و دەکرێنە ئامانج، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە کە بە زووترین کات لە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی قەسەدە دوور بکەونەوە.

 

بەپێی ڕاگەیاندراوی دەستەکە، لە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ قەدەغەی هاتوچۆ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕادەگەیەنرێت.

 

لای خۆیەوە، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارە خۆبەڕێوەبەری، لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند: "وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتی سووریا جەنگ دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕادەگەیێنێت، کە پڕن لە خەڵکی مەدەنی، هەروەها جەنگی قڕکردن دژی کورد ڕادەگەیێنێت کە بەدەست ستەمی ڕژێمی پێشووەوە ناڵاندوویانە، لە کاتێکدا زۆربەی دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە خەڵکی عەفرینن، کە بە زۆر کۆچبەر کراون".

 

ئیلهام ئەحمەد بانگەوازی لە بەرپرسانی حکومەتی کاتی سووریا کرد، بەوەی بەرپرسیارێتیی خۆیان بەرامبەر ئەوەی ڕوودەدات لەئەستۆ بگرن و ڕێگەی عەقڵ و لۆژیک بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگەی دیالۆگەوە، دووربکەونەوە لە ڕێبازی جەنگ و شەڕ.