برسێتی و بەدخۆراکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەرئەنجامی سیاسەتێکی ناجێگیرە
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بژێوی ژیانی ملیۆنان خێزانی تێکداوە و هەژاریی خۆراکی کردۆتە ڕاستییەکی ڕۆژانە، بۆیە ئەوەی کە ڕوودەدات قەیرانێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو دەرئەنجامی سیاسەتێکی ناجێگیرە.
نەسیم ئەحمەدی
کرماشان- ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا شایەتی خراپتربوونی قەیرانی ئابووری بوون، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاستی ژیان و فراوانکردنی بازنەی هەژاری لە سەرانسەری چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا بووە، ئەم تێکچوونە ئابوورییە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراک، ئەمەش توانای خێزانەکانی بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان زیاتر کەمکردووەتەوە.
قەیرانی توندی ئابووری و هەڵاوسانی بەردەوامی نرخی کاڵاکان بەتایبەتی خۆراک، بووەتە هۆی دابەزینی توانای کڕین لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان، لە ئەنجامدا زۆرێک لە شتە سەرەکییەکان لە ئێران نەهێڵراون یان بە جێگرەوەیەکی هەرزان و کەم بەهای خۆراکی جێگیرکراون، بەپێی دوایین ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ئێران لە ڕیزبەندی ١٥ وڵاتی بەرزترین هەڵاوسانی نرخی خۆراکە لە ئاستی جیهانیدا، هەروەها لە دوای باشووری سودان لە پلەی دووەمدایە، هاوکات نیکاراگوا سەرەڕای پێشکەوتووی ڕیزبەندییەکەی لە پێگەیەکی باشتر لە ئێران لە پلەی سێیەمدایە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی خاکی بەپیت و هەلومەرجی جوگرافیاکەی ئەم پێگەیەی بەدەستهێناوە و توانای بەرزی بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکی پێویست بۆ دانیشتووانەکەی بەخشیوە، بەڵام سیاسەت و یاسا باوەکان ڕێگرییان لە دەستگەیشتن بە خۆراکی تەندروست و بەردەوام لە خەڵک کردوو، زۆرترین پشکی بەکارهێنانی خۆراک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە برنج و نان چڕبووەتەوە، کە دوو خۆراکن تەنها هەستێکی ساختەی تێربوون دابین دەکەن و بەهای خۆراکییان سنووردارە، جگە لەوەش تێکڕای بەکارهێنانی گەنم و برنج بۆ هەر تاکێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ڕێککەوت سێ بۆ شەش هێندەی تێکڕای بەکارهێنانی وڵاتانی پێشکەوتوو، لە کاتێکدا بەکارهێنانی گۆشت و شیرەمەنی لە ڕۆژهەڵاتی کورستان و ئێران بە ڕێژەی ٦٠٪ و ٧٠٪ کەمترە لە تێکڕای جیهانی.
"بەدخۆراکی شاراوە"
سەبارەت بە قەیرانی بەدخۆراکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەتایبەتی لە کرماشان، شەکیبا.ق، خوێندکاری زانستی خۆراک لە کرماشان وتی: هەژاری بەربڵاوی ئابووری لە کرماشان وایکردووە زۆرێک لەو خێزانانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ڕۆژانەیان پەنا بۆ هەرزانترین خۆراک ببەن، ئەم خۆراکانە تەنها هەستێکی ساختەی تێربوون و کەمی بەهای خۆراکییان هەیە، لە زۆر حاڵەتدا خەڵک بە جێگرەوەکانی کوالیتی خراپ ڕازی دەبن بۆ ئەوەی خۆراکی تەندروست و جیاواز بخۆن، ئەمەش خۆراکی ڕۆژانەی زۆرێک لە خێزانەکانە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە نان و تەماتە پێکهاتووە کە لە ڕۆندا سورکراوە، ئەم خۆراکە سادەیە بە زیادکردنی ئاو ئامادە دەکرێت، لە چوارچێوەی خۆراکێکی هەژاریدایە، کە بووەتە هۆی کێشەی تەندروستی ڕاستی بۆ کەسەکان بەهۆی نەبوونی ماددە خۆراکییە سەرەکییەکانەوە.
ڕوونیشیکردەوە، لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش، زیادبوونی ئامادەیی بۆ نەخۆشییە تووشبووەکان و درێژخایەنەکان و کەمبوونەوەی توانا جەستەیی و دەروونییەکان، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم جۆرە خواردنانەیە، ئەگەر چی قەیرانی برسێتی و بەدخۆراکی لە کرماشان شاراوە بێت و بە ئاسانی دیار نەبێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم شارە بە ڕێژەی بەرزی بێکاری و هەژاری و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک توندوتیژی زەمینەیەکی بەپیت بۆ بڵاوبوونەوەی نائاسایشی خۆراک و برسێتی دەناڵێنێت، لەم هەلومەرجەدا بەدخۆراکی تەنها کێشەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو قەیرانێکی کۆمەڵایەتییە کە مەترسی لەسەر تەندروستی نەوەکانی داهاتوو دروست دەکات.
''کاتێک هەژاری تەندروستی دەکوژێت''
لەم ساڵانەی دواییدا بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و تێچووی کاڵاکان بە تایبەت خۆراک بووەتە هۆی دەرکردنی چەند جۆرێک لە بابەتی سەرەتایی لە خۆراکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، چونکە زۆرێک لە خێزانەکان تەنها توانای ئەوەیان هەیە لە ساڵێکدا چەند جارێک گۆشت بخۆن و بەرهەمە شیرەمەنیەکان و گوێزەکان بە نزیکەی لە سەبەتەی خۆراکەکانیان نەمێنن.
لە مانگی تشرینی یەکەمدا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی باشترکردنی خۆراکی کۆمەڵگە لە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، کە ٣٥٪ی مردنی ساڵانەی ئێران کە کۆی گشتی نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەسە، پەیوەندییان بە کێشەی خۆراکییەوە هەیە، بە واتایەکی تر ساڵانە نزیکەی ١٤٠ هەزار کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی نائاسایشی خۆراک و بەدخۆراکی و برسێتی گیان لەدەست دەدەن، ئەم ئامارە شۆککەرە ئەوە نیشان دەدات کە قەیرانی خۆراک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەیشتووەتە قۆناغێک کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕێژەی مردن هەیە.
"هاوکاری خۆراک لە دەرەوەی وڵات، برسێتی لە ماڵەوە"
قەیرانی مردن بەهۆی برسێتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە کاتێکدایە کە یاریدەدەری تایبەتی سەرۆکی مانگی سووری ئێران ڕایگەیاند، ئێران ١٠ هەزار تەن یارمەتی خۆراکی بۆ کەرتی غەززە ناردووە و دابەشی کردووە، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ژمارەیە، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەپێی ئامارە جیهانییەکان، تێکڕای بەکارهێنانی خۆراکی ساڵانە بۆ هەر تاکێک لە نێوان ٥٠٠ بۆ ١٠٠٠ کیلۆگرامدایە، ئەم ڕێژەیە لە وڵاتانی هەژار کەمترە لە ٥٠٠ کیلۆ.، ئەگەر گریمانە بکەین کە ساڵانە بەکارھێنانی سەرتاسەری لە ئێران لە دەوروبەری ٤٠٠ کیلۆگرامە، ئەوا ھاوکارییە خۆراکیەکانی ئێران بۆ غەززە یەکسانە بە بەکارھێنانی خۆراکی ساڵانەی ٢٥ ھەزار کەس، ئەم بەراوردکردنە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کێشەی هەژاری خۆراک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە هۆی کەمی سەرچاوە یان خۆراکەوە نییە، بەڵکو بە هۆی سیاسەتی ناکاریگەر و یاسادانانی کەموکوڕی لەلایەن حکومەتەوەیە.
"پەراوێزخستن و هەژاری ڕەهای خۆراک"
سەبارەت بە دۆخی خۆراکی ناوچە پەراوێزخراوەکانی پارێزگای کرماشان، شەهناز.ئە، چالاکوانی مەدەنی ئاماژەی بەوەدا، کە زۆرێک لە بنەماڵەکانی گەڕەکە هەژارەکانی کرماشان وەک ئاغاجان، شامان، جەعفەر ئاباد، کولی ئاباد، شاتر ئاباد و ناوچە هاوشێوەکانی دیکە، تەنانەت لە هەفتەیەکدا چوار ژەمی تەواو وەرناگرن، زۆرێک لەو خێزانانە تێگەیشتنیان لە چەمکی خۆراکی هاوسەنگ نییە، لەبری خواردنی گۆشت و خواردنە بەسوودەکانی تر، زۆرجار لە دوکانەکانی پەلەوەر، ناوپۆشی وەک پێی مریشک و سەری مریشک دەکڕن، لە هەندێک حاڵەتدا ناچار دەکرێن کە پاشماوەی خۆراک کە لە سەبەتەی زبڵ و خاشاکی کۆکراونەتەوە بەکاربهێنن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان، لە نێو ئەم گروپە هەژار و بەدخۆراکانەدا، منداڵان زۆرترین زیانیان پێدەگات، لە ماوەی گەشەکردنی گرنگدا هیچ خۆراکێکی تەندروست وەرناگرن و لە ئەنجامدا، لە بارودۆخی بەدخۆراکی ڕەهادا گەورە دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کەمییەی بەها خۆراکیانە سیستەمی بەرگری لەشیان بە توندی لاواز دەکات، ئەمەش وایان لێدەکات تووشی نەخۆشی درێژخایەن و هەوکردن و مشەخۆری جیاواز ببن، ئەمانە نەخۆشین کە بەداخەوە هیچ چارەسەرێکی کاریگەریان نییە یان بەهۆی زۆری تێچووی چارەسەرکردنەوە بە کردەوە دەستیان پێناگات.
"منداڵان زیانلێکەوتوانی بێدەنگی نائاسایشی خۆراکن"
دوایین ئاماری نووسینگەی جێگری وەزیری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی و چارەسەر و پەروەردەی پزیشکی ئاماژە بەوە دەکات، کە نزیکەی ٨٪ی منداڵانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە خوار تەمەنی ۱۲ ساڵ تووشی بەدخۆراکی دەبن، بەپێی ڕاپۆرتێک کە شەهلا کازمی پوور، زانای دیمۆگرافی بڵاوی کردۆتەوە، نزیکەی ١٨ ملیۆن منداڵ لەم گروپە تەمەنییەدا هەن، بە گریمانەکردنی ڕێژەی بەدخۆراکی ٨٪، نزیکەی یەک ملیۆن منداڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وئێران ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبنەوە، ڕێژەیەک کە بە نزیکەیی هاوتایە لەگەڵ دانیشتووانی کرماشان.
سەرەڕای سەختی ئەم قەیرانە کە مەترسی لەسەر تەندروستی و گەشەی منداڵان دروست دەکات، دەسەڵاتدارانی ئێران لەم دواییانەدا پشتیوانی داراییان بۆ منداڵانی خوار پێنج ساڵ ڕاگەیاند، کە نیشانەکانی بەدخۆراکی نیشان دەدەن، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەم پشتگیرییە لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا کەمترە و تەنها ئاماژەیەکی هێمادارە کە مەبەست لێی داپۆشینی قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیەتی.
"بەکارهێنانی خۆراک وەک ئامرازێکی زاڵبوون"
قەیرانی خۆراک و برسێتی کێشەیەک نییە کە بە بڕیاری کورتخایەن و بودجەی سنووردار چارەسەر بکرێت، ئەم قەیرانە پێویستی بە ژێرخانی بەرفراوان و پلاندانانی درێژخایەن و سیاسەتی بەردەوام هەیە لە بوارەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و پشتیووانی کۆمەڵایەتیدا، بەڵام دەسەڵات بە ئەنقەست لەم بەرپرسیارێتییە دوور دەکەوێتەوە، دەزانێت نەوەیەک لە تەمەنێکی بچووکەوە بە برسی و بەدخۆراکی پەروەردە بکرێت، ئەوا لاوازتر و ملکەچتر دەبێت.
لە ڕاستیدا، دەکرێ بوترێت دەسەڵات لەسەر بنەمای "نان و گوێڕایەڵی" و "ئەو کەسەی نان دەدات فەرمان دەکات" کاردەکات، هەروەها هەوڵدەدەن تا دەتوانن هەژاری لە کۆمەڵگەدا بچەسپێنن، دەزانن کە برسی هێشتنەوەی خەڵک سەرقاڵیان دەکات لە نیگەرانییە گەورەکان و لە بڕیاری ناڕەزایەتی دەربڕین، بۆ ئەم مەبەستەش کێشەی هەژاری بە شێوەیەکی بەردەوام بەرهەم دەهێننەوە، ئەم هەژارییە ستراکتورییە بە ئەنقەست لە نێو خەڵک و بەتایبەت منداڵاندا چێندراوە، ئەمەش دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی پراکتیکەکانی کۆماری ئیسلامییە، کە بە پشت بەستن بە تاریکی خۆی، توانیویەتی بە دەستهێنانی بژێوی ژیانێک بکاتە خەونێکی دەستنەکەوتوو بۆ زۆر کەس، بەتایبەتی منداڵان.
"هەژاری خۆراک بنەمای ماددی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە"
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی گەل لە ٢٨ی کانوونی دووەمدا لە چەند شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەریان هەڵدا، دەریخست کە هەژاری، برسێتی و داڕمانی بژێوی ژیان، ئیتر تەنها کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بێدەنگ نین، بەڵکو بوونەتە هێزێکی سیاسی هەڵچوو، هەروەها بێبەشکردنی خەڵک لە نان و گۆشت و سەرەتاییترین پێداویستییەکان بووەتە هۆی توڕەیی کۆکراوە کە ئێستا لە دروشم و ڕێپێوانی ناڕەزایەتیدا خۆی دەردەخات، ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقامەکاندا دەگوزەرێت تەنها ناڕەزایەتییەک نییە بەرامبەر بە بڕیارێکی دیاریکراو یان بەرزبوونەوەی نرخ، بەڵکو کاردانەوەی ڕاستەوخۆیە بەرامبەر بەو سیاسەتانەی ساڵانێکە ژیانی ملیۆنان کەسی گرتووەتەوە، بەو واتایەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە دەبێ وەک درێژەدانێکی سروشتی هەمان ئەو قەیرانە سەیر بکرێت کە لە ئامارەکانی بەدخۆراکی و مردن بەهۆی نائاسایشی خۆراک و برسێتی منداڵان دەرکەوتووە، قەیرانێک کە دەسەڵاتداران نەک هەر نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکەن، بەڵکو خۆیان هۆکاری سەرەکین بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوە.