تەژەئا داوای پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات

تەژەئا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی کە هێزەکانی ڕژێم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەنجامی دەدەن، بێدەنگ نەبن، داوا لە ژنان و ڕای گشتی و ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە هەڵوێستیان هەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هێرشەکانی هێزەکانی ڕژێم  ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئیدانەی هێرشە توندەکانی دژ بە ژنان کرد.

 

ڕاگەیەندراوەکە بەناونیشانی "توندوتیژی و چەوساندنەوەی دەوڵەتی لە ئێران و ڕۆژهەڵات بەرامبەر بە ژنان و منداڵان دەبێت کۆتایی پێبێت و گەل مافی دیموکراسییان هەبێت" بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

پێشهاتەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ەوە ئەوە دەردەخەن کە قووڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا لێکەوتەی جیددی بە تایبەتی بۆ ژنان و گەلی کورد هەبووە، ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی کە لە دژی قەیرانی ئابووری و چەوساندنەوەی سیاسی دەستیپێکرد، بە خێرایی گۆڕا بۆ داواکاری ئازادی و دادپەروەری بە بەشداری ژنان. وەڵامی ڕژێم شەپۆلێکی گرتن و دەستبەسەرکردن بوو، بێ سنوور توندوتیژی و کۆمەڵکوژی ژنان لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی و ئێرانی، ڕژێم تادێت ئەوانی لە ناوەندی سیاسەتە ئەمنییەکان دانا، بۆیە نابێت ئەم دەستوەردانانە وەک شتێکی هەڕەمەکی تێبگەین، بەڵکو وەک دەرئەنجامی ڕێبازێکی سیاسی دیاریکراو تێبگەین.

 

١٩ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و ٥٠ کەسیش برینداربوون

لە ٢٨٨ی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا لانیکەم ٩٩٠ کەس دەستبەسەر کراون و ١٩ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٥٠ کەسیش بریندار بوون. زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، ئەمەش سیاسەتە ئەمنییەکانی  سەرڕۆژهەڵاتیش نیشان دەدات و تیشک دەخاتە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەوێ.

 

"داواکاری ژنان ژیانێکی کەرامەت و ئازادییە"

لەنێو ئەو کەسانەی کە کوژراون ژن و منداڵیش هەن. ژنان ڕووبەڕووی ئەم پرۆسەیە بوون. لانیکەم٤٠ ژن لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بلە ماڵ و زانکۆ و هتد دەستبەسەر کراون. ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی ژنانی بریندار، هەڕەشەکردن و دەستگیرکردنیان و هتد، پێشێلکارییەکی جیددی مافی ژیان و مافە بنەڕەتییەکانن، کوشتنی ساگەر ئیتێمادی تەمەن٢٢ ساڵ، تیشک دەخاتە سەر دۆخی نالەباری ئەوێ. ئەم توندوتیژییە بەردەوامەی دژی ژنان زیاتر کۆمەڵگە گرژ دەکات و ئەگەرەکانی چارەسەرکردن لاواز دەکات. لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە ئەو داواکارییەی کە ژنان بە ‘ژن، ژیان، ئازادی’ دەریدەبڕن، خواستێکە بۆ ژیانێکی دوور لە توندوتیژی، بە کەرامەت و یەکسانییەوە. ئەم داواکارییە نەک تەنیا بۆ داهاتووی ژنان، بەڵکو بۆ داهاتووی کۆمەڵگە بە گشتی، چاوەڕوانییەک نیشان دەدات.

 

بانگەوازی

داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەین بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ مامەڵە بکەن. دەبێت کۆتایی بە گرتن و سەرکوتکردنی ژنان بێت؛ ئەو ژنانەی بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون و هەموو زیندانیانی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێن، بەکارهێنانی هێزی کوشندە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ئەشکەنجەدان و هەڕەشەی توندوتیژی سێکسی دەبێت ڕابگیرێت و ئەو پێشێلکارییانەی ڕوودەدەن بەشێوەیەکی شەفاف و کاریگەر و سەربەخۆ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە سەختانەی دژ بە ژنان لە ئێران بێدەنگ بن، داواکاری ژنان بۆ یەکسانی و ئازادی ڕەوایە؛ ئەم داواکاریانە دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و شێوازی مافی مرۆڤەوە چارەسەر بکرێن نەک بە توندوتیژی و ئەشکەنجەدان.

 

"پشتیوانی ژنان دەکەین"

ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. داوا لە هەموو ژنان و ڕای گشتی دیموکراتیک و ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە هەڵوێستێکی ڕوون و یەکلاکەرەوەیان هەبێت بۆ پاراستنی مافی ژیان و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ژنان.