هەدیە تارانی: واز لە سەرکوتکردن بێنن ئەمانە گەلی خۆتانن

هەدیە تارانی، ئەکتەری ئێران، پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی چەند شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی و داوای لە دەسەڵاتداران کرد توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران ڕابگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

کاردانەوەکانی هونەرمەندان و چالاکوانان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە، لە کاتێکدا پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و ڕاپۆرتەکان باس لە سەرکوتکردنی توند و بەرزبوونەوەی ژمارەی دەستگیرکردن و زیانلێکەوتووەکان لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکان دەکەن، لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهەمانشێوە.

 

لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکانی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێیاننایە ۱۱هەمین ڕۆژی خۆیان، ڕاپۆرتەکانی توندوتیژیی هێزەکانی ئاسایش لە چەند شارێک توندتر بوون، هەدیە تارانی، ئەکتەری ئێرانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی و وتی: لەگەڵ ستەمکاران قسە دەکەم: واز لە سەرکوتکردن بێنن، ئەمانە گەلی خۆتانن، ئێوەش منداڵتان هەیە، ئایا ئێوە گرنگی بە داهاتوویان نادەن؟.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە برسێتی و نەهامەتی و سەختی داواکارییەکی دادپەروەرانەیە بۆ پشکێک لە سەرچاوەکانی خاکێک کە لە دەوڵەمەندترینەکانی جیهان دادەنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناگاتە ئەو کەسانەی کە شایەنیەتی، لە باسکردنی دۆخی گشتی کۆمەڵگە و کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووری لەسەر چین و توێژە جیاوازەکانی لەوانەش ئەندامانی هێزەکانی حکومەت، نووسیویەتی: "ئێوەش زیانلێکەوتووی ئەم سیستەمەن، ئەم بارگرانییە قورس و هەژارییانە کاریگەرییان لەسەر ژیانی تۆ و ژیانی ئەو کەسانە هەبووە کە خۆشت دەوێن''.

 

هەدیە تارانی جارێکی دیکە بانگەوازی خۆی دووبارەکردەوە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ خەڵکدا بوەستن و وتی: دەست لە سەرکوتکردن ڕابگرن و لەگەڵ خەڵکدا بوەستن.

 

ئەم پۆستە لە کاتێکدایە کە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پەرەی سەندووە و  زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەس دەستبەسەرن و دەیان کوژراو و برینداریشی لێکەوتووەتەوە، هەروەها بووەتە یەکێک لە گەورەترین شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی لە ساڵانی ڕابردوودا،  ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران لە ماوەی ئەم ڕووداوانەدا شایەتی ئاستێکی بەرزی سەرکوتکردن بوون.