لە دەستگیرکردنە نوێیەکاندا ژنان و منداڵانی کچ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرێنە ئامانج

دوابەدوای شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سەرچاوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە دەیان ژن لەوان منداڵانی کچ دەستبەسەر کراون و تووشی مامەڵەی خراپ و لێدان و هەڕەشە بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئاژانسەکانی هەواڵ، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تۆڕە مەیدانییەکان و زانیارییەکانی دامەزراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ، شەپۆلێکی نوێ دەستبەسەرکردن ژنانی کردۆتە ئامانج لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە شارە جیاوازەکاندا، لەوانە یەزد، کرماشان، سونقور، مەشهەد، ڕەشت، یاسوج، سەبزوار، و ئەسفەهان.

 

لە شاری یەزد، دەسەڵاتدارانی ئێران ژمارەیەک ژنی گەنج و منداڵانی کچیان دەستگیرکرد، کە لە نێو ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون و گواستراونەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی یەزد، مریەم زارع (١٩ ساڵ)، سارا نوسرەتی (١٧ ساڵ)، ڕیهانە زارع (١٩ ساڵ)، فەرزانە گۆڵستانی (٢٠ ساڵ) هەن، بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنانەی دیکە کە لە هەمان شار دەستگیرکراون بریتین لە مەرزیە ئارزنگ، سوگل سالاری، ئیلهام فەلاح، مینا ئارژا و سارا بوستان، هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەندێک لەو ژنانە تووشی هەڕەشە و فشاری دەروونی بوون، مەترسی ئازاردانی سێکسییان لەسەرە لەکاتی دەستبەسەرکردندا، هەرووەها ئەو تۆمەتانە هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە.

 

لە کرماشان، هەرچەندە دەستبەسەرکردن پێش ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییانە هەبوو، بەڵام ناوی ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون لە لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییەدا سەریان هەڵداوەتەوە، سێپیدە کرماشانی، ستارە محەممەدی، سایە شوشتری کرماشانی، ڕۆزا شوشتری هەموویان لە هەمان شەودا دەستبەسەر کراون و بە دانانی کەفالەت ئازاد کران، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە بنکەی پۆلیسی کرماشان لێیان دراوە و خراپ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.

 

لە سنقر و کیلیالی، هێزەکانی ئاسایش بەهار ڕەفیعی، عەسەل بگوند، دینا سالاری و سەحەر ڕەزادووست (خوێندکاری زانکۆی زەنجان)یان لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیرکرد، تا ئێستاش شوێنیان نادیارە.

 

لە مەشهەد، سەرچاوە سەربەخۆکان باسیان لە دەستگیرکردنی ژنێک بەناوی راحله زردکوهی، کردووە کە پێشتر ڕووبەڕووی فشاری هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە، هەروەها لیلا بخشندهفر، مامۆستای زانکۆ و ئەکادیمیستی دیار، دەستگیرکراوە و تا ئێستا شوێنی ناڕوونە.

 

لە باکووری ئێران هەواڵەکان سەبارەت بە دەستگیرکردنی مەهناز قاسمی دانیشتووی شاری گیلاک بڵاوبوونەتەوە، لە باشوور و ناوەڕاستی وڵات، ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بە دەستبەسەرکردنی شیما خورسیدیان و پەریسا مووسەوی کردووە کە هەردووکیان دانیشتووی لوڕن لە یاسوج، هەروەها مەهشاد کشانی، چالاکوان و خوێندکاری خەڵکی ئەسفەهان، نازەنین زەهرە مووسەوی، گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵ دانیشتووی شاری سەبزوار، لەنێو ئەو کەسانەدا بوو کە دەستبەسەرکرابوون، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی دەستگیرکردنی منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی زیاترد کردووە.

 

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە ژنانی دەستبەسەرکراو بە تایبەتی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە دۆخێکی زۆر ناجێگیردا دەژین، هەروەها دەستنەگەیشتن بە پارێزەران، بێ ئاگایی خێزانەکانیان لە شوێنییان، ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی جەستەیی و تۆقاندنی سێکسی نیگەرانی ڕاستی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دروستکردووە.

 

تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران ئاماری فەرمی و زانیارییان لەسەر ژمارەی ژنانی دەستبەسەرکراو بڵاونەکردووەتەوە و میدیای دەوڵەتی تاڕادەیەکی زۆر خۆیان لە ڕووماڵکردنی ئەو پرسە بەدوور گرتووە، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وتیان: پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینەی ژنانی دەستبەسەرکراو زیاتر بێت لەو ناوانەی کە بە ئاشکرا ڕاگەیەندراون و لەگەڵ بەردەوامبوونی دەستگیرکردنەکان ناوی زیاتر ئاشکرا دەبن.