لە کۆبانێ یادی ساکینە جانسزو هاورێیانی کرایەوە
کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی فورات یادی ١٣ ساڵەی کۆمەڵکوژی پاریس سازکرد، جەختی لەوە کردەوە کە میراسی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمز بە زیندووی دەهێڵنەوە.
کۆبانێ
ڕۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ دەوڵەتی تورک لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کۆمەڵکوژییەکی لە دژی سێ ژنی کورد ئەنجامدا. لەو کۆمەڵکوژییەدا ساکینە جانسز کە لە ئەرکە دیپلۆماسییەکاندا کاری دەکرد، فیدان دۆغان،نوێنەری کەنەکە لە پاریس و لەیلا شایلەمز، ئەندامی تەڤگەری گەنجانی کورد تیرۆر کران.
لە ١٣ ساڵەی کۆمەڵکوژی پاریس، ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی فورات ئەمڕۆ لە ناوەندی کولتووری و هونەری باقی خیدۆ لە شاری کۆبانێ یادێکیان سازکرد. دەیان ژن و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنانی گەنج و خۆبەڕێوەبەری و لایەنە سیاسییەکان ئامادەی یادەکە بوون.
یادەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستیپێکرد، دواتر نادیە حسۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار وتاری پێشکەش کرد.
نادیە حسۆ کە سەرنجی بۆ خەباتی ئەو سێ چالاکوانە و ئەو کۆمەڵکوژییەی کە ڕوویدا ڕاکێشا، وتی؛ ئێمە هەمیشە لە شەقامەکان و لە پێشەنگی خەباتدا دەبین بۆ بەدیهێنانی پڕۆژەی ئازادی ژنان کە شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس لە پێناویدا گیانیان بەخت کرد.
پاشان سینەفزیۆنێک دەربارەی ژیانی ساکینە جانسز نمایشکرا و لە کۆتاییدا شاعیر نەڤین محەمەد و تەڤگەری هیلالی زێڕین هۆنراوەو گۆرانییان پێشکەش کرد.
لە کۆتاییدا مۆم لەگەڵ وێنەی سێ چالاکوانەکە داگیرسێندراو بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” و “شەهید نامرن” کۆتایی بە چالاکییەکە هات.