ژنانی ئیدلب: جیاکاری ڕەگەزی دەبێت وەک تاوان سەیر بکرێت

لە سەردەمێکدا کە بارودۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری ئیدلب خراپە، ئەو ژنانەی لەوێ دەژین، ڕووبەڕووی جیاکاری ڕەگەزی دەبنەوەو باجی بەدەستهێنانی مافەکانیان بۆ یەکسانی و ئازادی دەدەن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلیب- جیاکاری ڕەگەزی چەمکێکە کە چەندین ڕەنگ و فۆرمی هەیە و لە زۆر شێوازی ژیاندا دێتە بەردەممان، ئەمەش زیاتر لە دژی ژنان و منداڵان بەکاردێت.

 

لەبەرئەوەی لە کامپدا دەژی بۆ کار وەرنەگیرا

نەدە شێخ جومعە، کۆچبەرێکی تەمەن ٣٦ ساڵە کە لە کامپی دێر حەسەن لە باکووری ئیدلب نیشتەجێیە، وتی: ویستم لە شوێنێکدا کاربکەم کە جلوبەرگی ژنان دروستبکات، بەڵام قبوڵنەکرا، چونکە من لە کامپەکاندا دەژیم و دوورم لە شوێنی کار، کەسێکی تر لەمن منداڵتر کە لە شار دەژی بۆ کارەکە وەرگیرا، بینیم خاوەنی دوکانەکە بە دەنگێکی نزم لەگەڵ هاوڕێکەی قسە دەکات و گاڵتەم پێدەکات و دەڵێت کۆچبەرە و پیر بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر تەمەن جیاکاری بەرامبەر کراوەو دۆخی کۆمەڵایەتی دەبێت وەک کردەوەیەک لەلایەن دامەزراوەکانی مافی مرۆڤەوە سەیر بکرێت.

 

بەهۆی ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە کاری نەدۆزییەوە

 ڕوا ئەلشەواف تەمەن ٢٥ ساڵ، بەهۆی جیاکاری ڕەگەزی لەسەر بنەمای خاوەن پێداویستی تایبەت، نەیتوانی لە یەکێک لە خوێندنگە ئەهلییەکانی گوندەکانی باکووری ئیدلب کارێک بدۆزێتەوەو وتی: بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە منداڵیدا بوومە خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام بەردەوام بووم لە خوێندن و زمانی عەرەبیم بە نمرەیەکی باش تەواو کرد.

 

ڕوا ئەلشەواف بەهۆی ئەوەی خاوەن پیداویستی تایبەتە کارێکی نەدۆزیوەتەوە چونکە خاوەنکارەکان کەسانی تەندروستیان دەوێت.

 

"دەبێت گەل هۆشیار بکرێنەوە"

حەیات ئەلواکی، ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی وتی: جیاکاری زایەندی لەسەر بنەمای تەمەن، باری کۆمەڵایەتی یان ئابووری، ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، باری تەندروستی یان خاوەن پێداویستی تایبەت ئەنجام دەدرێت.

 

حەیات ئەلواکی داوای لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیدلب کرد کە گەل لەم بابەتە هۆشیار بکەنەوە بەتایبەت لەڕووی جیاکاریی ڕەگەزییەوە.