لە سودان ٢٥ ملیۆن کەس بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن

ئەو شەڕەی کە نزیکەی ساڵێک و ٦ مانگە لە سودان بەردەوامە، خراپترین قەیرانی مرۆییە کە خەڵک تووشی بووە، چونکە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە بووەتە هۆی برسێتی و هەژاری و نەخۆشی بۆ هەزاران کەس، بەمەش بووەتە خراپترین قەیرانی مرۆیی لە مێژووی وڵاتەکەدا.

 

 دوێنێ ٢٥ی ئەیلوول، نێردەی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، شەڕی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووەتە هۆی برسێتی زیاتر لە ٢٥ ملیۆن سودانی، نزیکەی ١١ ملیۆن کەس لە ماڵەکانیان هەڵاتوون، ئەمەش وایکردووە خراپترین قەیرانی مرۆیی لە مێژووی وڵاتەکەدا بێت.

 

 جەختی لە سەر پێویستیی ناچارکردنی دوو لایەنی شەڕکار کردەوە بۆ قبووڵکردنی ئاگربەستی مرۆیی لە فاشر و خارتووم و ناوچەکانی دیکە کە لەڕادەبەدەری مەترسییەکانیان هەیە، جگە لە لابردنی چەکەکانیان و دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان بۆ چوونە ناوەوەی یارمەتی مرۆیی.

 

هەروەها پزیشکانی بێسنوور دوێنێ ٢٥ی ئەیلوول ڕایگەیاند، ڕێژەی گیان لەدەستدانی ژنانی دووگیان و منداڵی تازەلەدایکبوو سەرسوڕهێنەرە، بەو پێیەی لە ویلایەتی دارفۆری باشوور لە سودان، ٤٦ حاڵەتی گیان لەدەستدانی دایکان و ٤٨ گیان لەدەستدانی تازەلەدایکبوو تۆمارکراون، هەروەها زیاتر لە ٨٠%ی منداڵان بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.