پەخشان عەزیزی دوای پشکنینی پزیشکی گەڕێندرایەوە زیندان

پەخشان عەزیزی، چالاکوانی مەدەنی و زیندانی سیاسی کە لە زیندانی ئەڤین سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و دوای پشکنینی پزیشکی گەڕێنرایەوە بۆ زیندان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٤ی ئەیلوول، پەخشان عەزیزی، چالاکوانی مەدەنی و زیندانی سیاسی کە لە زیندانی ئەڤین سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، بەمەبەستی پشکنینی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کرا و دوای پشکنینەکان و وێنەگرتن و نوسینی دەرمان ڕەوانەی زیندانی ئەڤین کرایەوە.

 

پەخشان عەزیزی کە لە سێ مانگ لەمەوبەرەوە لەچاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە، لەماوەی زیندانی کردنیدا تووشی سەرئێشەی توند و پشت ئێشە بووەو ، سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر پارەی هەموو خەرجییەکانی پشکنینە تایبەتمەندەکان دابوو، سەرەڕای داواکاری دووبارە بۆ چاودێری پزیشکی دوای چاوەڕوانییەکی زۆر گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سایتی ھەواڵی ھەرانا و بە پشتبەستن بە لێدوانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پزیشکەکان پێشنیاریان بۆ پەخشان عەزیزی و بەرپرسانی زیندان کردووە کە جارێکی دیکە ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێتەوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی چارەسەرکردن و ئەنجامدانی پشکنینی مانگانە.

 

پەخشان عەزیزی لە ٣ی ئابی ساڵی٢٠٢٣ لە تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە ئەشکەنجە دراوەو دواتر بۆ زیندانی ئەڤین گوازراوەتەوە، لە١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی٢٠٢٣، بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین گواسترایەوە.

 

دانیشتنەکانی دادگای پەخشان عەزیزی لەڕۆژانی ٢٨ی ئایارو ١٦ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو و لە کۆتاییدا لە ی٢٣ تەمووزی ٢٠٢٤ دا سزای لەسێدارەدانی دەرکرا، ئەم چالاکوانی مافی ژنانە بە تاوانی "یاخیبوون" و "ئەندامبوون لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان" سزا دراوە.

 

پەخشان عەزیزی بەهۆی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر فشارێکی زۆردا بووە و لە مافی سەردانکردن و پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکەی بێبەش کراوە، هەروەها لە مانگی ئابی ئەمساڵدا لە لقی سێی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتی ئەڤین ڕووبەڕووی دۆسیەیەکی نوێ بووەوە و بە "ئاژاوەگێڕی لە زیندان" تۆمەتبار کرا.