مهری بارەکزای مانی لە خواردن گرت

مهری بارەکزای چالاکوانی مافی مرۆڤی ئەفغانی، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دۆخی ژنان و هێرشەکانی دژی هەزارەکان، لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا چادرێکی دانیشتنی دانا.

ناوەندی هەواڵ

 

مهری بارەکزای، چالاکوانی مافی مرۆڤی ئەفغانی کە لە ئەڵمانیا دەژی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە لە ئێوارەی ٢٣ی ئەیلوولەوە، بەرامبەر بە دۆخی ژنان و کەمینە ڕەگەزیەکان و هێرشەکانی دژی هەزارەکان، لە ناوچەی ئەلێکساندەر پێڵتزی بەرلین ناڕەزایەتی دەربڕی  و چادرێکی دانیشتنیان داناوە.

 

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا ئەم چالاکوانی مافی مرۆڤە، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لە ٢٣ی ئەیلوول تا ٨ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بۆ ماوەی پانزە ڕۆژ مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنێت، داوا کاریشە چالاکوانان، ژنانی ناڕازی، ئەکادیمیستەکان، دامەزراوەکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مرۆڤ مافەکان پشتگیری لە مافی ژنان و کەمینە ڕەگەزیەکان بکەن، هەروەها بۆ وەستانی هێرشە ئامانجدارەکان دژی هەزارەییەکان، چالاکییەکانیان بۆ مافی مرۆڤ فراوانتر بکەن.

 

مهری بارەکزایی ڕایگەیاند کە مەبەست لەم ناڕەزایەتییە گوشار خستنە سەر دەوڵەتی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپایە بۆ داننان بە ئاپارتایدی ڕەگەزی و سزادانی گروپی تاڵیبان و داننان بە جینۆسایدی هەزارەکانە لە ئەفغانستان.

 

ئەم چالاکوانەی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ناساندنی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئەفغانستانیش مانی لە خواردن گرت، بەڵام دوای یازدە ڕۆژ بەهۆی تێکچوونی باری جەستەیی مانگرتنەکەی ڕاگرت.