ئەکتەرێکی هۆڵیوود داوا دەکات گرنگی به مافەکانی ژنانی ئەفغانستان بدرێت

مێریل ستریپ، ئەکتەرى هۆڵیوود ئاماژە بەوە دەکات، ژنانی ئەفغانستان ڕێگەیان پێنادرێت بچنە شوێنە گشتیەکان و ئەمە سەرسوڕهێنەرە و سەرکوتکردنی یاسا سروشتییەکانە، داوا له وڵاتانی جیهان دەکات گرنگی به مافەکانی ژنانی ئه فغانستان بدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی لە مانگی ئابی ٢٠٢١ەوە تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست و ژنانی کۆتوبەند کرد، مانگێک بەر لە ئێستا یاسای نوێی "بەرزکردنەوەی چاکە و نەهێشتنی خراپە" بۆ سنووردار کردنی ژنانی ئەفغانستان دەرکرد، کە لە چوار بەش و ٣٥ ماددە پێکهاتووە. ئەم یاسایە ئاماژە بەوە دەکات، چیتر دەنگی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا نابیسترێت و ڕێگەیان پێنادرێت ڕاستەوخۆ سەیری ئەو پیاوانە بکەن کە خزمایەتی خوێن یان هاوسەرگیرییان لەگەڵدا نییە.

 

مێریل ستریپ، ئەکتەری بەناوبانگی هۆڵیوود لەبارەی سنووردارکردنی ئازادى ژنانی ئەفغانستان وتی: داوا له وڵاتانی جیهان دەکەم گرنگی به مافەکانی ژنانی ئەفغانستان بدەن، هەروەها ئەوەی بەسەر ژنانی ئەفغانستاندا دێت لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان خنکاندنی هەموو جیهانە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، تاڵیبان باخچە گشتییەکانی بەڕووی ژناندا داخستووە، باڵندەیەک دەتوانێت لە کابول گۆرانی بڵێت، بەڵام ژنان ڕێگەیان پێنادرێت بچنە شوێنە گشتیەکان و ئەمە سەرسوڕهێنەرە و سەرکوتکردنی یاسا سروشتییەکانە.