دەستبەسەرکردنی وریشە مورادی لە زیندانی ئەڤین بەردەوامە

وریشە مورادی، زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین، دوای ٤٢٣ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی، تا ئێستاش لە زینداندایە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی دوایین ڕاپۆرت لەسەر بارودۆخی وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار و زیندانیی لە زیندانی ئەڤین، کە پێدەچێت بە تاوانی "یاخیبوون" سزا بدرێت، ماوەی ٤٢٣ ڕۆژە بە بێ زانیاری لەسەر بارودۆخی، لە زینداندایە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە وریشە مورادی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵەوە چاوپێکەوتن و پەیوەندیکردن بە پارێزەر و بنەماڵەکەیەوە قەدەغە کراوە، ئەگەرچی بڕیاری قەدەغەکردنی پەیوەندیکردنەکەی هەڵگیرا، بەڵام تا ئێستاش چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەی و پارێزەرەکەی ئەنجام نەدراوە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دانیشتن لەسەر تۆمەتەکانی سەر وریشە مورادی تەنیا جارێک لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوەچوو و ناوبراو بە تۆمەتی "یاخیبون و ئەندامبوون لە یەکێک لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە ڕژێم" دادگایی کرا، دوو دانیشتنی دیکەی دادگا، یەکێکیان لە ١٤ی ئاب و ٧ی ئەیلوولی ئەمساڵ، هەر جارێک بە بیانووی جیاواز دواخرا.

 

شایانی باسە، وریشە مورادی لە ٣١ تەمووزی ٢٠٢٣دا لەلایەن هێزە ئەمینییەکان لە دەوروبەری شاری سنە دەستبەسەر و دواجار لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دوای تەواوبوونی پرۆسەی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ زیندانی ئەڤین، بەندی ژنان گواسترایەوە.