ڕۆژدا یڵدز، ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی دەستبەسەر کرا

ڕۆژدا یڵدز،ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی و مامۆستایەک لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە کاتی هەڵکوتانە سەر دامودەزگاکانی زمان لە ئامەد دەستبەسەر کران.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی ئامەد، ڕۆژی ٢٤ی ئەیلوول دەست بەسەر کۆمەڵەی توێژینەوەی زمان و کولتووری میزۆپۆتامیا (مەد - دەر) و پایز پەرتووک و یەکێتی پەروەردەی زمان و کولتووری ئەنکا و چەندین ماڵدا گیرا، هەروەها دەست بەسەر پەرتووک و گۆڤار و کەرەستەی دیجیتاڵی گیرا. سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکە بڕیاری نهێنی درا، ئەوانەی دەستبەسەر کراون لە لقی"تەم" لەئامەد ڕاگیراون.

 

جیهات گونەی، خاوەنی پایز پەرتووک کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا دەستبەسەرکرابوو، دوای ئەوەی لە داواکاری گشتی وتەی دا، ئازادکرا.

 

زانرا ئێوارەی دوێنێ ٢٥ی ئەیلوول، دوو کەسی دیکە دەستبەسەر کراون، مەهمەت سەلیم تەمەل کە لە ئانکا مامۆستایەو ڕۆژدا یڵدز، ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی دەستبەسەر کراون.

 

ئەمە لە کاتێکدایە سەر لە بەیانی ڕۆژی ٢٤ی ئەیلوول، پۆلیسی دەووڵەتی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا، هەڵیکوتایە سەر کۆمەڵەی توێژینەوەی زمان و کولتووری میزۆپۆتامیا (مەد - دەر) و پایز پەرتووک و یەکێتی پەروەردەی زمان و کولتووری ئەنکا و لە ئەنجام دا چەندین کەس دەستبەسەرکران.