١٥ ژنی بەهایی بۆ جاری دووەم چوونە بەردەم دادگا

لە ئەسفەهان ١٥ ژنی بەهایی، سەرەڕای ئەوەی بە تاوانی جیاواز دادگایی کراون و سزا دراون، بۆ جاری دووەم لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلاب دادگایی کران.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕژێمی ئێران بە سیاسەتە ستەمکارەکانی خۆی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەردەوامە لە چەوساندنەوەی ژنان، ڕژێمی ئێران، بە تایبەت دوای سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە لایەن ژنانەوە دەستیپێکرد، فشارەکانی زیاتر کردووە، بە لەسێدارەدان، گرتن، ئەشکەنجەدان، دەستبەسەرکردن و زۆر شتی تر، هەوڵی سەرکوتکردنی بوون و ئیرادەی ژنان دەدات.

 

١٥ ژنی بەهایی کە لە شاری ئەسفەهانی ناوەندی ئێران دەژین، لە ١ی ئایار، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" و "بەشداریکردن لە چالاکیی هۆشیاری و پەروەردەیی دژ بە شەریعەتی ئیسلامی" بانگهێشت کران بۆ ئەوەی شایەتحاڵی بدەن.

 

هەریەکەیان سزای ٥ ساڵ زیندانیکردن و سزای ماددیی و قەدەغەکردنی هاتوچۆ و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا سەپێندرا، ئەو ١٥ ژنە بەهاییە لە ٢٥ی ئەیلوول لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەسفەهان دادگایی کرانەوە، دواتر بڕیار لەسەر دۆسیەکەیان دەدرێت.