ژنانی ڕەققە کۆمەڵکوژییەکانی سوەیدا شەرمەزار دەکەن و داوای دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکەن

ژنان لە کانتۆنی ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد، ئەو کۆمەڵکوژیانە ڕابگرن کە لە شاری سوەیدا دژی ژنان ئەنجام دەدرێن و تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێن.

ڕەققە 

 

کوشتنی ژنان لەلایەن عەقڵیەتی تاکڕەو و پیاوسالاری گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکانی سەر بە جیهادییەکانی هەتەشە کە ئەنجام دەدرێت بەردەوامی هەیە، ئەم تاوانە ئامانجی تێکدانی ئیرادەی ژنان و پەراوێزخستنی ڕۆڵی ژنانە، دوایین ڕووداویش لە شاری سویدای سوریا ڕوویدا، کە ژنان تووشی کوشتن و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی بوون.

 

ناوەندی ژنانی ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە ڕەققەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەمڕۆ ٢٤ی تەمووز، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و کۆمەڵکوژییەکانی سوەیدا و ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە ژنان و منداڵان ئەنجام دەدرێن شەرمەزار کرد. داواشیان کرد کە کاری جددی بکرێت بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران بۆ ئەوەی دادپەروەری بتوانێت ڕێڕەوی خۆی بگرێتەبەر.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پرسی توندوتیژی دژی ژنان بەردەوامە لە ڕاکێشانی ئەوپەڕی سەرنجمان و بەشێکی زۆری هەوڵەکانمان بۆ بەرگریکردن لە مافە سەرەتاییە مرۆییەکانیان خستووەتەگەڕ، توندوتیژی دژی ژنان، بە هەموو شێوەکانییەوە، نوێنەرایەتی پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ دەکات و کاریگەری لەسەر کەرامەتی ژنان و مرۆڤایەتی و ئازادی هەیە، ئەو تاوانە ترسناکانەی ئەمڕۆ شاهیدی دەدەین، لەلایەن پیاوە دەسەڵاتدار و ستەمکارەکەوە ئەنجام دەدرێت، عەقڵیەت بە ئامانجی تێکدانی ئیرادەی ژنان و پەراوێزخستنی ڕۆڵی ژنان و سڕینەوەی بوونیان و زەوتکردنی مافە ڕەواکانیان، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ژنان لە مێژووی کۆمەڵایەتی و خەباتگێڕیدا گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.

 

کوشتنی ژنان بەردەوامە

ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای ئەو پرەنسیپەی یەکسانی جێندەری کە کۆمەڵگە شارستانییەکان بەدوایدا دەگەڕێن، کەسانێک هەن هەوڵدەدەن بەربەست بخەنە بەردەم پێشکەوتنی ژنان و بەرتەسککردنەوەی ڕۆڵیان. کوشتنی  دڕندانەی ژنان بەردەوامە، بە ئامانجی سەرکوتکردنی ژنان و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و ترساندنی ژنان بۆ ئەوەی نەتوانن بەشداری لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا بکەن.

 

هەروەها ماڵی ژنان لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەو تاوانانە دەربڕی کە لە شاری سوەیدا ڕوودەدەن، کە بە پلەی یەکەم منداڵان و ژنان دەکەنە ئامانج تێیدا هاتووە: بە ناوی ماڵی ژنان لە ڕەققە و بەناوی هەموو ئەو ژنانەی کە دژی توندوتیژی دەوەستنەوە، ئیدانەی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە دەکەین کە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێن. بە تایبەتی باس لەو تاوانە ترسناکانە دەکەین کە بەرامبەر بە ژنان و منداڵانی سوەیدا ئەنجامدراون و ئەو توندوتیژییە دەروونی و جەستەییانەی کە عەقڵیەتی پیاوان لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجامیانداوە بەرامبەر بە ژنان.

 

"دەبێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کراوە کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە پاراستنی ژنان و فشارخستنە سەر حکومەتەکان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی بەرامبەریان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە لە ئەستۆ بگرن، هەروەها داوای جێبەجێکردنی یاسا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە توندوتیژی دژی ژنان بە تاوان دەزانن و پاراستن و پشتیوانی بۆ قوربانییەکان دابین بکەن، جەخت لەسەر گۆڕینی عەقڵیەتی پیاوسالاری تاکڕەو کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ڕەوا دەکات و پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی و ڕێزگرتنی یەکتر لە نێوان ڕەگەزەکاندا کرایەوە.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە جەخت لەسەر گرنگی گرتنەبەری ڕێوشوێنی جددی و خێرا بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە کرایەوەو تێیدا هاتووە: ئێمە هەوڵە ماندوونەناسەکانمان دووپات دەکەینەوە بۆ بەرەوپێشچوون لە بەدەستهێنانی پاراستن بۆ هەر ژنێک کە ڕووبەڕووی کوشتن و گۆشەگیری دەبێت، هەروەها بۆ یەکخستنی دەنگ و هەڵوێستەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو شتانەی کە دوژمنایەتی کەرامەت و ئازادی و مافەکانی ژنان دەکەن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بتوانێت لە ڕێگەی دادپەروەری و یەکسانی و دیموکراسیەوە پێشبکەوێت.