"پێویستە ژنانی سووریا دژی هەموو جۆرە کۆمەڵکوژییەک یەکبگرن"
عەبیر حەساف، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ژنانی سوەیدا دژی کۆمەڵکوژییەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کە هەموو ژنانی سووریا دەبێت یەکگرتوو بن.

نەغەم چاچان
قامیشلۆ-لەلایەن حکومەتی کاتی سووریا، هەتەشەی جیهادی و چەتەکانی، ڕۆژانە لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت و هەموو پێکهاتەکان ڕووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە. بە تایبەتی دوایین هێرش بۆ سەر کۆمەڵگەی درووز جارێکی دیکە ڕەنگی ڕاستەقینەی خۆیان نیشان دا، سەرەڕای ئەو پێشێلکاریانەی لە سوەیدا لە کاتی هێرشەکانی حکومەتی کاتی سووریا ئەنجامدراون، ژنانی سوەیدا ئازایانە چوونەتە شەقامەکان و دەنگیان بەرزکردووەتەوە. ئەوان ئازایانە شەڕ دەکەن بۆ پاراستنی خاکەکەیان و وەڵامدانەوەی ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان دەکرێت.
عەبیر حەساف، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بەم پێشێلکاری و هێرشانە بۆ سەر سوەیدا قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"کۆمەڵکوژی زۆر دڕندانە دژی ژنان و منداڵان ئەنجام دەدرێت"
عەبیر حەساف باسی ئەو پێشێلکاریانەی کرد کە ڕۆژانە لە بەشێک لە سووریا لەگەڵ بەڕیوەبەریی کاتی سووریا ڕوودەدات و وتی: دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هیوا و حەماسەتی گەلی سووریا زیاتر بوو، بەڵام ئیدارەی کاتی سووریا حکومەتێکی نوێ لە دیمەشق جێبەجێ دەکات و شێوازی زۆر ئازاربەخش لەسەر گەلی سووریا جێبەجێ دەکات، بۆیە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەوان و ڕژێمی بەعسدا نییە، لە کەناراوەکانی سووریا کردەوەی دڕندانەی دژ بە عەلەوییەکان ئەنجامداوە، هەروەها لە ڕووی سیاسیشەوە هیچ گۆڕانکارییەکی گەورەی نەکرد و ئەو کۆنگرەیەی لە دیمەشق بەڕێوەچوو مافی پێکهاتە سووریەکان بە تایبەت ژنان نەدرا.
"هێرشەکان لە سوەیدا کۆمەڵکوژی دڕندانە دژی گەلی درووز ئەنجام دەدەن"
عەبیر حەساف سەرنجی بۆ شەڕی سوەیدا و ئەو پێشێلکارییانەی کە ئەنجام دەدرێن ڕاکێشا و درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: دوایین ڕووداوی سوەیدا زۆر بە ئازار بوو، خەڵکی سووریا شەڕی یەکتریان کردووە، ناوچەی سوەیدا لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچووە و عەشیرەتەکانی ئەوێ کۆمەڵکوژی دڕندانە دژی گەلی دروز ئەنجام دەدەن.
"ژنانی بەتەمەن چەکیان هەڵگرت بۆ پاراستنی خێزان و گوندەکانیان"
عەبیر حەساف ڕایگەیاند، ژنانی سوەیدا بۆ پاراستنی خۆیان و خاکەکەیان شەڕێکی زۆریان کردووە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ژنانی سوەیدا هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ پاراستنی خۆیان، تەنانەت ژنانی بەتەمەن چەکیان هەڵگرت بۆ پاراستنی خێزان و گوندەکانیان و خەباتێکی گەورەیان کرد، بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ژنانی سووریا یەکبگرن، داوای مافەکانیان لەگەڵ خێزانەکانیان بکەن، بۆ پاراستنی خاکەکەیان، و شەڕ بکەن سووریایەکی دیموکراتیک بونیاد بنێن.