زیاتر لە ١٠٠ ڕێكخراو هۆشداریی لە برسییەتی بەكۆمەڵی غەززە دەدەن
زیاتر لە ١٠٠ ڕێكخراوی ناحكومی هۆشدارییانلە مەترسییەكانی "برسییەتی بەكۆمەڵ" لە كەرتی غەززە دا، کە خەڵکەکەی زیاتر لە ٢١ مانگە بەهۆی شەڕی بەردەوامەوە ڕووبەڕووی كارەساتێكی گەورە بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە شەڕی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامی هەیەو هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە کارەسات لەسەر خەلکی غەززە، برسیەتی و بەدخۆراکی ژیانی وێرانکردووە.
زیاتر لە ١٠٠ ڕێكخراوی ناحكومی لەوانە پزیشكانی بێ سنوور، لێبووردنی نێودەوڵەتی، ئۆكسفام ئینتەرناشناڵ و چەند لقێكی پزیشكان و كاریتاس هۆشدارییان دا لە مەترسییەكانی "برسییەتی بەكۆمەڵ" لە كەرتی غەززە، كە دانیشتووانەكە زیاتر لە ٢١ مانگە بەهۆی شەڕی بەردەوامەوە ڕووبەڕووی كارەساتێكی گەورە بوونەتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی برسێتی بەكۆمەڵ لە كەرتی غەزە، هاوكارەكانمان و ئەو كەسانەی كە یارمەتیان دەدەین بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، بۆیە داوای ئاگربەستی دەستبەجێی نێوان ئیسرائیل و حەماس و كردنەوەی سەرجەم دەروازە وشكانییەكان بۆ ناو غەزە و دەستەبەركردنی ڕۆیشتنی ئازادانەی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ ناو خاكەكەیان دەكەین.
هاوكات، لە ئێستادا ئیسرائیل ڕووبەڕووی فشاری نێودەوڵەتی زیاتر دەبێتەوە بەهۆی دۆخی خراپی مرۆیی لە ناوچەی گەمارۆدراوی فەڵەستین، كە بەهۆی شەڕی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە وێران بووە.
وەك چاودێران ئاماژەیان پێکردووە، هاوڵاتیانی غەززە بەدەست برسییەتییەكی توندەوە دەناڵێنن، دۆخەكە ئەوەندە سەختە چەندین هاوڵاتی بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدەستداوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش چاوی لە ئاست ئەو كارەساتە داخستووە.