سودان... داوای وەستاندنی شەڕ و کوشتن و بریندارکردنی چەند هاوڵاتییەکی مەدەنی لە ڕۆژئاوای کۆردۆفان دەکات

تۆڕی پزیشکانی سودان بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر گوندی بریمە ڕەشید لە پارێزگای کۆردۆفانی ڕۆژئاوا سێ کەس کوژراون، هاوکات ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و پێکدادانەکانی لەو وڵاتە نوێکردەوە.

ناوەندی هەواڵ - لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا تێوەگلاون لە ململانێیەکدا کە زیاتر لە ٢٠ هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە و نزیکەی ١٥ ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئاوارە بوون، بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان، توێژینەوەیەکی زانکۆکانی ئەمریکا ژمارەی مردووانی بە نزیکەی ١٣٠ هەزار کەس خەمڵاندووە.

 

تۆڕی پزیشکانی سودان ڕۆژی ٢٣ی تەمووز بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر گوندی بریمە ڕەشید لە پارێزگای کۆردۆفانی ڕۆژئاوا لە باشووری سودان، سێ کەس کوژراون و کەسانی دیکەش برینداربوون، لە ڕاگەیاندراوەکەسا تۆڕەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە تاوانێکی نوێیە کە زیادکراوە بۆ تۆماری هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

 

تۆڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، گوندی بریمە ڕەشید کە دەکەوێتە باکووری شاری نەهود، لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشی کراوەتە سەر و هاوڵاتیانی مەدەنی بێ چەکیان کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ گوندنشین و برینداربوون و دیارنەمانی چەند کەسێکی دیکە، تا ئێستا ژمارەی وردی ئەو ژمارەیە ئاشکرا نەکراوە.

 

تۆڕەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سودان چڕ بکەنەوە و لێپرسینەوە لە تاوانباران. هێزەکانی پشتیوانی خێرا تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم بابەتە دەرنەکردووە.

 

سێ پارێزگای کۆردۆفان ماوەی چەند ڕۆژێکە شایەتی پێکدادانی توندوتیژی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێران، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ئەو سێ دەوڵەتە.

 

داوای ئاگربەست دەکات

لەسەر زەمینە، لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێکان لە سودان، توندوتیژی و نەخۆشییەکان بەرەو هەڵکشان دەچن، نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازەکەی نوێکردەوە بۆ وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ و پێکدادانەکان لە سودان، پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و کرێکارانی مرۆیی، دەستڕاگەیشتن بە بێ بەربەست لە سەرانسەری هێڵە ململانێکان و سنوورەکاندا، هەروەها زیادکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی پەرەسەندنی پێداویستییە مرۆییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.

 

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هاوبەشەکانی کاردەکەن بۆ فراوانکردنی پلانەکانی وەڵامدانەوە بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییە بەرفراوانەکانی زیاتر لە ٣٨٠ هەزار ئاوارە لە ناوچەی تەویلە لە پارێزگای دارفۆری باکوور، لەوانە ٣٢٧ هەزار کەسی ئاوارە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، کە لە کەمپی زم زم هەڵاتوون، کە دوای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکان لەوێ شایەتی برسێتییەکی بەرفراوان بووە.

 

ئۆچا هۆشداریدا لەوەی دۆخی تەندروستی لە باکووری دارفور بە خێرایی بەرەو خراپی دەچێت، لەگەڵ زیادبوونی کەیسەکانی نەخۆشی کۆلێرا و سورێژە و مەلاریا لە ناوچەی تەویلە، هەروەها لە فاشر و کبکابیە کە هەموویان لە باکووری دارفورن.

 

ئۆچا نیگەرانییەکی زۆری لە پەرەسەندنی توندوتیژی لە ناوچەی کۆردۆفان دەربڕی، لە ڕۆژئاوای کۆردۆفان دوو ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بازاڕەکانی سووتەمەنی لە شارۆچکەکانی فولە و ئەبو زبد لانیکەم پێنج هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.