پەیمان عیزەدین: داواکاری گشتی و دامەزراوەی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی کپکراوە

چەندین ژن لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆکاری جیاواز و بێ بینینی دادوەر ڕاگیراون، پەیمان عیزەدین وەک پارێزەرێک لەو بارەیەوە دەڵێت: "یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن زیندانیکردنی تیدا نییە"، ئاماژە بەوەشدەکات کە داواکاری گشتی و دامەزراوەی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی کپکراوە.

 

لاڤە کوردە

سلێمانی- لە بەدواداچوونەکانی پێشتری ئاژانسی نوژنها لەگەڵ پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان و بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەوە ڕوون بووەوە کە سەدان ژن لەناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندان و بەبێ ئەوەی دادوەر ببینن ڕاگیراون، هەندێک لەو ژنانە ماوەی ڕاگرتنیان یاسایی نییە و زیاترە لە ١٥ ڕۆژ بۆ شەش مانگ کە بەپێی یاسا دیاریکراوە.

 

ئەو ژنانە بەتۆمەتی جیاجیا ڕاگیراون و لەگەڵ ئەوەی مافی بینینی پارێزەریان پێنادرێت، تۆمەتی ئەوەیان دەدرێتە پاڵ کە لەسەر بیروڕای ئازاد و کۆمێنت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستگیرکراون و لەناو زیندانن، پەیمان عیزەدین، پارێزە،  لەو بارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"بە یاسا دەستنیشانکراوە هەر کەسێک دەستگیرکرا دادوەری لێکۆڵینەوە دەبێت بیبینێت"

پارێزەر پەیمان عیزەدین ئاماژەی بەوەکرد کە بە یاسا دەستنیشانکراوە پێویستە لەگەڵ دەستگیرکردنی هەر کەسێک دادوەری لێکۆڵینەوە بیبینێت، دوای بینینی ئەو تۆمەتبارە بڕیار دەدرێت لە دەستبەسەرکردنی تا کاتی دادگاییکردن یان تا قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ تەواو دەبێت یاخود ئازادکردنی بە کەفالەت، چونکە بەشێکی زۆری لە ماددە یاساییەکان کە خەڵکی پێ تۆمەتبار دەکرێت لە دەسەڵاتی دادوەردایە کە ئەو کەسە ئازاد بکات بە کەفالەت بە مەرجێک ئازادکردنەکەی مەترسی بۆ سەر ڕەوت و ڕێرەوی لێکۆڵینەوە نەبێت، هەروەها مەترسی ڕاکردنی تۆمەتبارەکە نەبێت، چەند ماددەیەکی تایبەت هەیە کە ئازادکردن بە کەفالەت لە قۆناغی لێکۆڵینەوە نایگرێتەوە، هەموو ئەوانەی کە ڕادەگیرێن ئەگەر بەپێی بڕیاری دادوەر نەبێت ئەوا نایاساییە.

 

وتیشی: "ئەگەر پێش ئەوە بە فەرمانی دادوەر دەستگیر نەکرابن نایاسایی ترە، ئەو کاتەی ماددە یاساییەکەی ئازادکردن بە کەفالەت بیگرێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا دادوەر بە بێ بوونی هیچ بیانویەکی یاسایی ئازادی نەکات ئەوەش دیسانەوە دەسەڵاتی ڕێکارییە بۆ قازی کە دەتوانێت ئازادی نەکات، بەڵام ئەوەش خراپ بەکارهێنانی پۆستە لە دەسەڵاتەکەیدا، نەک نایاسایی بەڵکو خراپەکارە لە بەکارهێنانی ئەو مافەی دادوەردا کە دەسەڵاتی دادوەر دەسەڵاتێکی تەواوە بۆ ئازادکردنی و ئەگەر یاسا ڕێگە بدات بە ئازادکردنی بە کەفالەت".

 

"ئەو کاتەی دزی و گەندەڵی بووەتە ئازایەتی ئەوا لێبوردنی گشتی زۆر گرنگە"

پەیمان عیزەدین دەربارەی لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیان وتی: "من لەگەڵ لێبوردنی گشتیدام هیچ کاتێک لە دژی نەبووم بە تایبەت لە ئێستای هەرێمی کوردستاندا، لێبوردنی گشتی کاتێک مەترسی لەسەر سەروەری یاسا هەیە کە دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتیکی سەربەخۆ بێت، هەروەها کەسی وەک سەرۆکی هەرێم یاخود پەرلەمان تەداخول نەکات لەو سزایانەی کە دەدرێت و ئەو سزایانە هەڵنەوەشێنێتەوە، ئەمە لە حاڵەتێک و لە جێگەیەکدا دەبێت کە یاسا سەروەر بێت، بەڵام ئەو کاتەی کە یاسا سەروەر نییە ئەو کاتەی کە لەم هەرێمی کوردستاندا بەهیچ شێوەیەک ناتوانیت بڵێیت ئێمە دادگاییەکی دادپەروەرانە دەکرێین، کاتێک کە ڕووبەڕووی دادگا دەبینەوە، ئەو کاتەی کە دزی و گەندەڵی لە تاوان چووەتە دەرەوە بووەتە ئازایەتی و هۆکاری پێشکەوتنی کەسەکان و بەرپرسەکان لە هەرێمی کوردستاندا ئەو کاتە لێبوردنی گشتی زۆر گرنگە، بۆیە هەمووکات لەگەڵ لێبوردنی گشتیدام، چونکە زوڵمێکی زۆر لە دادگاکاندا هەیە و ئەوەی ئەو زوڵمە ڕێک دەکاتەوە لێبوردنی گشتییە".

 

پەیمان عیزەدین ئاماژەی بەوەشکرد لێبوردنی گشتیش کە دەردەچێت بەو ڕەهاییە نییە کە هەموو تاوانێک بگرێتەوە هەروەها مافی کەسی تاکەکان پیشێل بکات چونکە هەموو لێبوردنێکی گشتی پەیوەندی بەوانەوە هەیە کە مافی کەسی تێدایە ئەگەر ئەو کەسانە تەنازولیان نەبێت لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە، "بەدەر لەوانەی کە مافی خەڵکی تێدایە من لەگەڵیدام و ڕەنگە تاکە چارەسەر بێت لە ئێستادا بۆ هاوسەنگکردنی ئەو نادادپەروەریەی لە دەسەڵاتی دادوەردیدا هەیە".

 

"یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن زیندانیکردنی تێدا نییە"

دەربارەی ئەوەی دەیان ژن بە هۆکاری لایک و کۆمێنت ڕاگیراون و سزا دراون، پەیمان عیزەدین ئەوەی خستەڕوو کە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە و ڕاستی تێدایە، ئەمە نەک هەموو لایك و کۆمێنتێک، بەڵام هەر کۆمێنتێک کە بەکارهینانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەو ڕای خۆتی لێوە دەرببڕی ئەگەر ئەم ڕایەی تۆ ناوزڕاندن دروستبکات یاخود جنێو و قسەی ناشرینی تێدا بێت ئەمە بەپێی یاساکە بەڵێ بە تاوان هەژمار دەکرێت، چونکە هیچ کەسێک مافی ناوزڕاندن و جنێو و سوکایەتی نییە، "بەو شێوەیە نییە هەموو کەسێک لەسەر کۆمێنت بخرێتە زیندانەوە، یاساکە سزای مادیی هەیە نەک زیندانی و ڕاگرتن".

 

"داواکاری گشتی و دامەزراوەی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی کپکراوە"

ئەوەشی ڕونکردەوە کە ئەرکی داواکاری گشتیە ئاگاداری ماوەی ڕاگرتن بێت، چونکە داواکاری گشتی ئاگاداری کەیسەکانە و دەبێت ڕێگە بە پێشێلی مافەکانی ڕاگیراو نەدات، "دوای داواکاری گشتی ئەرکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بە تایبەت ئەو ڕێکخراوانەی گرنگی بە مافی مرۆڤ دەدەن و چاودێرن لەسەر پێشێل نەکردنی مافەکانی مرۆڤ، چونکە لەکاتی دادگایی نەکردنیاندا زۆر ڕێکار هەیە بەرز بکرێتەوە و داوا لە دادگای باڵاتر بکرێت بۆ تەداخول کردن، هەموو ئەمانە ڕێگە چارەن کە دەکرێت بگیرێتەبەر بەڵام ئەوەیە کام دەزگا و ڕێکخراوە بە کاری خۆی هەڵدەستێت یان نا."

 

وتیشی: "ئەگەر ئەوانەی ڕاگیراون دواتر بێتاوانیان بسەلمێنرێت بە بێ هیچ پاساوێکی یاسایی ڕاگیرابێتن، یاسایەکی دیکە هەیە کە ئەویش قەرەبووکردنەوەی زیندانی کراوانە، ئەوەش لە دوای ئەوەی کە بڕیارەکە دەرچوو ئەو کەسانە دەتوانن داوای قەرەبوو بکەن لە دادگا".

 

پەیمان عیزەدین لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "کۆی داواکاری گشتی و دامەزراوەی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی کپکراوە، وڵاتێکی دابەشبووە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا بۆیە ناتوانێت و ڕێی لێدەگیرێت کە بە ئەرکی خۆی هەستێت، کێشە سەرەکیەکە ئەوەیە ئێرە هەرێمی کوردستانە".

 

ت.پ