لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا... ئێستا کاتی گۆڕانکارییە (٦)
دۆخی ژنانی سووریا لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ خراپتر بوو بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییانەی کە وڵاتەکە بەسەریدا هات، کەلێنێکی ڕوون هەیە، لە نێوان ئەوەی کە یاسا کاتییەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان باسی دەکەن و ئەوەی کە لە ڕاستیدا لەسەر زەوی جێبەجێ دەکرێت.
لە نێوان توندوتیژی و بەرخۆدان: ساڵێکی سەرەکی لە گەشتی ژنانی سووریادا
ناوەندی هەواڵ
ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە خەباتیان بۆ یەکسانی و دادپەروەری و سەروەری یاسا و گۆڕانکاری لە هۆشیاری کۆمەڵایەتیدا ڕاناگرێت.
لەم ڕاپۆرتەدا، ڕۆشنایی دەخەینە سەر شێوازەکانی توندوتیژی و پێشێلکارییەکان کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە سووریا، سەکۆیەک بۆ دەنگ و ڕوانگە و ئاواتەکانیان دەڕەخسێنین، هەروەها چارەسەری ستراتیژی و دیدگای پراکتیکی پێشنیار دەکەین کە ماف و پاراستن و بەهێزکردنی ژنان لە دڵی بونیادنانی سووریایەکی نوێدا دابنێن، دڵنیابوون لە بەشداری چالاکانەیان لە داڕشتنی داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر و شکۆمەندتر بۆ هەمووان.
دەستکەوتە یاسایی و دەستوورییەکان
ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر بەرچاوترین پێکهاتە دەستوری و یاساییەکانی پەیوەست بە مافەکانی ژنان لە سووریا، لە چوارچێوەی کایەی یاسایی و دەستوریدا.
لەگەڵ دەرچوونی جاڕنامەی دەستووری ٢٠٢٥، پەرەسەندنێکی دەستووری بەرچاو سەریهەڵدا، کە بە ئاشکرا پاراستنی مافەکانی ژنان لە ماددەکانی ٢١ و ٢٢دا چەسپاند، کە مافی خوێندن و کارکردن و یەکسانییان لەبەردەم یاسادا دووپات دەکەنەوە.
سەرەڕای گرنگییەکەی، بەڵام خۆی لە خۆیدا مسۆگەرییەکی تەواو بۆ یەکسانی ڕەگەزی پێکناهێنێت، بەڵکو نوێنەرایەتی هەنگاوێکی سەرەتایی دەکات کە پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسا و میکانیزمی ڕوون هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی بۆشایی بەردەوامی نێوان ئەو مافانەی کە لە دەقە دەستوورییەکاندا چەسپێنراون و جێبەجێکردنی ڕاستەقینەیان لەسەر زەوی.
لە بەرەیەکی تریشدا پرسی پێدانی ڕەگەزنامەی سووریا بە منداڵی ئەو ژنە سووریانەی کە هاوسەرگیریان لەگەڵ بیانیان کردووە، پێکهاتی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش لە ڕێوشوێنی یاسایی و گفتوگۆی ئاست بەرزدا دەرکەوتووە، بەتایبەتی لە جنێڤ و لەناو هۆڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بە ئامانجی پێشخستنی هەموارکردنەوەی ماددەی سێیەمی یاسای ڕەگەزنامەی سووریا، بەگوێرەی ئەو بنەمایانەی پەیوەستن بە مافەکانی ژنانەوە کە لە جاڕنامەی دەستووری نوێدا هاتووە، ڕێگە بە ژنانی سووریا دەدات کە ڕەگەزنامەی خۆیان بۆ منداڵەکانیان بگوازنەوە.
سەرەڕای گرنگی ئەم ڕێبازە، ئەم پێشنیازە کۆمەڵێک نیگەرانی و پرسیاری وروژاندووە، بە پلەی یەکەم سەبارەت بە کاتی ناساندنی بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنی لە سووریا، پرسیارەکان سەبارەت بە ئامادەیی دامەزراوە ڕاگوازراوەکان و توانای کارگێڕی و یاسایییان بۆ جێبەجێکردنی کاریگەرانە و بەرپرسیارانە هەر هەموارکردنێکی یاسایی لەو جۆرە ماونەتەوە.
ئەم بابەتە بە تایبەتی هەستیارە بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزییەکانی دەوروبەری بوونی ئەو بیانیانە کە لە ڕێگەی گروپە چەکدارەکانەوە چوونەتە ناو خاکی سووریا، لەوانە داعش، جەبهەت نوسرە، قاعیدە، سوپای نیشتمانی سوریا SNA)) و ئەوانەی هاوسەرگیریان لەگەڵ ئەو ژنانە کردووە کە پەیوەندییان بەو ڕێکخراوانەوە کردووە، ئەمەش پرسیاری یاسایی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی سەبارەت بە پێدانی ڕەگەزنامە بەو منداڵانە دەوروژێنێت کە لەم هاوسەرگیرییانەدا لەدایک بوون.
دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان و ئاڵۆزییەکانی تۆمارە مەدەنییەکان کە لە ئەنجامی قەیرانی سووریاوە سەرچاوە دەگرن، چارەسەرکردنی پرسی هاوڵاتیبوون دەکاتە بابەتێکی هەستیار و ئاڵۆز، هەر هەنگاوێکی یاسایی دەبێت لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی گشتگیر بێت، لەگەڵ مسۆەری یاسایی و دامەزراوەیی ڕوون.
بەشداری سیاسی و بڕیاردان

لە کایەی بەشداری سیاسی و بڕیاردان، ژنان لە سووریا بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەراوێزخستن و وەدەرنانی سیستماتیکی، کە بە ڕوونی لە نوێنەرایەتی لاوازیان لەناو دامەزراوە سیاسییەکان و ناوەندەکانی بڕیاردان دەرکەوتووە.
سەرەڕای داواکاری و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ژنان و دەستەبەرکردنی بەشداریکردنی یەکسانیان لە قۆناغی ڕآگوازراودا، ڕاستیەکە دابەزینێکی بەرچاو لە نوێنەرایەتیکردنیان ئاشکرا دەکات.
پێوەرەکان لە ساڵی ٢٠٢٦ەوە دەریدەخەن کە نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمانی ڕاگوازراو و پۆستە باڵاکانی بڕیاردان لە هەندێک دامودەزگادا لە ٥.٥٪ بۆ ١٠٪ تێنەپەڕاندووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی کەلێنی بەرچاوە لە نوێنەرایەتی سیاسی نێوان ژنان و پیاوان.
لە نێو ئەو گێژاوەی پەیوەستە بە هەتەشەوە کە ئەندامانی خۆی بۆ دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەتی سووریا دەستنیشان کردووە، نیگەرانییەکان لە سەر دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی لەسەر بنەمای لێکدانەوەیەکی توند بۆ یاسای ئیسلامی و ڕێبازێکی سیاسی ئیسلامی توندڕەو پەرەدەستێنێت، ئەمەش دەتوانێت پێگەی ژنان وەک هاوڵاتی پلە دوو زیاتر بچەسپێنێت و گومانیان بۆ پۆستی بەڕێوبەری و سیاسی دروست بکات.
ئەم ڕەوتانە لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی نوێی حوکمڕانیدا ڕەنگ دەدەنەوە، لە ڕێگەی دوورخستنەوەی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان و ڕۆڵی سەرکردایەتی کە بەرپرسیارێتی سەرەکییان هەیە، ڕۆڵەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر لە کاری مرۆیی و فریاگوزاریدا قەتیس ماوە، لە ئاستە خوارەوەکانی پلەبەندی کارگێڕیدا دامەزراون.
چەندین ئاڵەنگاری لە سەرانسەری هەموو کەرتەکاندا
لە کەرتی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەدا ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان لە هەوڵەکانی چاکبوونەوەی پێشوەختەدا گێڕاوە، لە ئەنجامی ساڵانی شەڕدا ژنان بەشێک لە شوێنە گرنگە بەتاڵەکانی بازاڕی کاریان پڕکردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی هەژاری لەنێو ژناندا لە ڕیزبەندی بەرزترینەکانی سووریادا ماوەتەوە.
ژنانی سووریا نوێنەرایەتی لە پۆستی سەرکردایەتیدا کردووە لە چوارچێوەی چاودێری دارایی و شیکردنەوە و بەڕێوەبردنی بانکیدا، بەڵام ئەمە هێشتا بەس نییە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن سەربەخۆیی ئابووری و دارایی خۆیان بەدەستبهێنن.
هەروەها لە بواری کارگێڕیدا، ڕووداوە ئابوورییەکانی وەک کۆنگرەی "پڕۆژەی سووریا ٢٠٢٦" بەهێزکردنی ژنان و زیادکردنی بەشداریکردن لە کارگێڕی، پڕۆژەی سەوز، کەرتەکانی وزەی نوێبووەوە لە چوارچێوەی پلانەکانی ئاوەدانکردنەوەدا لە پێشینەدان، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی گرنگی ڕۆڵی ئەوانە لە پشتیوانیکردن لە بوژانەوەی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام.

بە پێچەوانەوە سووریا لە بوارەکانی پەروەردە و مافەکانی مرۆڤدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی دەبێتەوە، کە لەو سنووردارکردنانەدا دەرکەوتووە کە بەسەر ناونوسینی ژنان لە بوارەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگریدا سەپێنراوە، لەگەڵ کۆتایی هاتنی ساڵی ٢٠٢٦، دەسەڵاتدارانی سووریا مەرجی نوێی وەرگرتنیان دەرکرد کە بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە تۆمارکردنی ژنان لە زۆربەی پرۆگرامە تایبەتمەندەکان لەو بوارانەدا دەکات لە دوو زانکۆی حکومی تازە دامەزراو، کە ئەمەش گفتوگۆیەکی بەرفراوان و نیگەرانی جددی لەبارەی مافەکانی ژنان و بنەمای یەکسانی دەرفەتی لێکەوتەوە.
ئەم سنووردارکردنانە تەنها لە خوێندنی زانکۆدا سنووردار نین، ئەوان درێژدەبنەوە بۆ سیستەمی خوێندنی قوتابخانەکان، کە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، کاریگەرییان لەسەر پەیکەری کۆمەڵایەتی هەمەچەشنی کۆمەڵگەی سووریا هەبووە و بەشدارییان کردووە لە چەسپاندنی تێڕوانینە نەریتییەکان بۆ ڕۆڵ و پێگەی ژنان، لابردنی فیگەرە مێژوییەکانی ژن لە پرۆگرامەکانی خوێندن، سڕینەوەی وێنەی ژنان لە پەرتوکی خوێندن، گۆڕینی بە وێنەی ژنانی باڵاپۆشی تەواوە کە بەستنی نیقاب (بورقا)شە، هەروەها ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی-سیاسییە کە هەوڵدەدات وێنەیەکی دیاریکراوی ژنان و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا بسەپێنێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی سەرەکی پەروەردە لە گەشەسەندنی مرۆڤ و داڕشتنی هۆشیاری کۆمەڵایەتیدا، ئەم دەستکارییە کۆنەپەرستانە و ڕیشەییانەی دەتوانرێت وەک هەوڵدان بۆ دووبارە داڕشتنی کۆمەڵگە بەپێی پێکهاتەیەکی یەکپارچە و یەکسان سەیر بکرێت کە باڵادەستی پیاو بەهێز دەکات و فرەچەشنی و جیاوازی سنووردار دەکات، جگە لەوەش، ئەو ژنانەی لە دەرەوەی شارەکانی خۆیان دەخوێنن یان کاردەکەن، ڕووبەڕووی ئاستەنگی کۆمەڵایەتی زیاتر دەبنەوە، لەوانە هەڵوێستی کۆنەپەرستانە، سنووردارکردنی خێزان لە جووڵە و نیشتەجێبوون و نەبوونی خانووی پارێزراوی زانکۆ، کە هەموو ئەمانە دەرفەتی خوێندن و پیشەیی و سەربەخۆیی خۆیان سنووردار دەکەن.
سوەیدا... ساڵێک لە پێشێلکاری و هەوڵدان بۆ بەرخۆدان
بە درێژایی مێژووی سووریا، سوەیدا پێگەیەکی تایبەتی بەدەستهێناوە، نەک تەنها بەهۆی جیاوازیی ئایینی و ناسنامەی نەتەوەیی سەربەخۆ، بەڵکو بەهۆی ڕۆڵی سەرکردایەتی و هەڵوێستە یەکلاکەرەوەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاریی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکان لە کاتی شەڕدا.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی سوەیدا پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەکەیەتی، کە لەسەر بنەمای ئەو ئایدۆلۆژیایە دامەزراوە کە کۆمەڵگە لە باوەشی گرتووە و بە نرخی دەزانێت، لەناو ئەم پێکهاتەدا هاوکاری نێوان ژن و پیاو پەیوەندییەکی بنەڕەتی و جەوهەری بۆ بەردەوامیی ژیان پێکدەهێنێت.

لە سەردەمی بەعسدا، ژنانی دروز ڕۆڵێکی دیاریان هەبوو لە سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، ڕەتکردنەوەی کۆمەڵگەیان لە سەرکوت و سیاسەتەکانی ڕژێم دەربڕی کە ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی و تێکدانی یەکگرتوویییەکەی بوو.
لەگەڵ هاتنی هەتەشە، بەرخۆدان لە سوەیدای نوێ بووەوە، بەو پێیەی دانیشتووان، بەتایبەتی ژنانی دروز، هەڵوێستێکی پتەویان لە بەرگریکردن لە ناسنامەکەیان نیشان دا و ڕەتیانکردەوە سازش لەسەر جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانیان بکەن یان دەستبەرداری بەرخۆدانەکانیان دژی گروپە چەکدارەکان بن.
لەم چوارچێوەیەدا، دوژمنایەتی هەتەشە بەرامبەر بە سوەیدا پەیوەست بوو بە پابەندبوونی کۆمەڵگە بە بەهاکانی یەکسانی ڕەگەزی و خۆڕاگری لە بەرامبەر هەوڵەکانی ژێردەستەکردن و گۆڕینی زۆرەملێدا، ئەم گرژییانە پەرەیان سەند و گەیشتە لوتکە بە هێرشی ڕێکخراو و پلان بۆ داڕێژراو بۆ سەر ناوچەکە لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٥.
لەم هێرشانەدا ژنان لە ڕیزی ئەو گروپانە بوون کە زۆرترین ئامانجیان لێ گیراوە، بە دەیان کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆری دیکەش ڕفێندراون، هەروەها ژنانی دروز تووشی پێشێلکاری و سەختییەکی قورس بوون، هاوشێوەی ئەو پێشێلکاریانەی کە ژنانی ئێزدی لەسەر دەستی هەمان گروپە چەکدارەکان بەرگەی دەگرن، لەنێویاندا پێشێلکارییەکانی پەیوەست بەو شتەی کە بە "بڕیاری ٧٤" ناسراوە.
لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا ژنان نەک هەر بەرەنگاری ستەم بوونەتەوە بەڵکو چەکیان هەڵگرت و پەیوەست بوون بە هێڵەکانی پێشەوە، ڕەتیانکردەوە خۆیان بەدەستەوەبدەن بە هەڕەشەکان یان دەستبەرداربوون لە بەرگریکردن لە کۆمەڵگە و ناسنامەکەیان، لەو ناوچانەی کە هێرشەکان کراونەتە ئامانج، ژنان زیانبەرکەوتووی بێئەندازەیان دا، ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە پاراستنی دانیشتووان و بەرگریکردن لە کۆمەڵگەکانیان و هەموو هەوڵێکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوای هێرشەکان ئەنجامدا.
سەرەڕای ئەو مەترسییە قورسانەی کە ڕووبەڕوویان بووەوە، لەوانە ڕفاندن و کوشتن و توندوتیژی، ژنانی سوەیدا بەردەوام بوون لە جێبەجێکردنی ڕۆڵی خۆیان لە پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و لە شاندانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی لە نێوان نائەمنی و هەڕەشە بەردەوامەکاندا، ئیرادەی نەگۆڕی خۆیان بۆ خۆڕاگری و پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵگەکەیان سەرەڕای هەلومەرجی سەخت نیشان دا.
ژنانی زیانبەرکەوتووی بێسەروشوێنکردن و ڕفاندنی زۆرەملێ
پرسی دیارنەمانی ژنان لە سوەیدا یەکێکە لە هەستیارترین و ئاڵۆزترینەکان، نەک تەنها بەهۆی توندی ئەو پێشێلکاریانەی کە تێیدا بەشدارن، بەڵکو بەهۆی ئاستەنگییە بەرچاوەکانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری متمانەپێکراو و دروست سەبارەت بە چارەنووسی ئەو ژنە بێسەروشوێنانە.
ئەم کێشە و گرفتانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بەڵگەنامەسازی و هەوڵە ئامارییەکان هەبووە، ئەمەش وایکردووە ژمارە بەردەستەکان بەس نەبێت بۆ ئەوەی بە وردی ڕادەی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکان دیاری بکرێت، جگە لەوەش هەندێک لە خێزانەکان لە توانای داواکردنی زانیاری لەسەر کچەکانیان یان بەدەستهێنانی هەر زانیارییەک لەسەر کچەکانیان بێبەش دەکرێن، کە ئەمەش ئازارە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکانیان زیاتر دەکات و لە سووڕێکی بەردەوامی ترس و دڵەڕاوکێ و پێشبینیکردندا دەیانهێڵێتەوە.
بەپێی زانیارییە ناوخۆییەکان کە بۆ ئەم ڕاپۆرتە کۆکراونەتەوە، ١٢٠ ژن بێسەروشوێن بوون، زانیارییە بەردەستەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دوای ڕفاندنیان لە ماڵەکانیاندا کوژراون، لەکاتێکدا چوار ژن بێسەروشوێنن.
لە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەدا، دەستپێشخەرییەکانی ژنان سەریان هەڵداوە کە داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ژن و پیاوە ڕفێنراوەکان دەکەن، هەروەها هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنیان، ئەمەش لەو تێگەیشتنە سەرچاوە دەگرێت کە پرسی بێسەروشوێنکردن و ڕفاندن نەک تەنها کاریگەری لەسەر زیانبەرکەوتووان و خێزانەکانیان هەیە، بەڵکو کارەساتێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتیش پێکدەهێنێت کە کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگە هەیە.
دەستپێشخەریی "سەبایە سەناد" یەکێکە لە دیارترینی ئەو بزووتنەوەیانە، ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە داوای مافی خێزانەکان بۆ زانینی چارەنووسی ئازیزانیان و لە تیشک خستنە سەر ئازارەکانی بنەماڵەی بێسەروشوێن و ڕفێنراوان گێڕاوە، ئەم دەستپێشخەرییە ڕەنگدانەوەی گۆڕینی ژنانە لە زیانبەرکەوتووانی پێشێلکارییەوە بۆ بەشداربووانی کارا لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیدا، سەرکردایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ داوای ڕاستی و دادپەروەری و چارەسەرکردنی ئەم پرسە.
هەڕەشە ئەمنییەکان تەنها لە سنوورەکانی سوەیدادا قەتیس نین، بەڵکو درێژبوونەتەوە بۆ ئەو ڕێگایانەی کە خەڵکی مەدەنی بۆ هاتووچۆی ڕۆژانەیان و بۆ دەستکەوتنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بەکاریدەهێنن، ئەمەش وایکردووە هاتووچۆ و گواستنەوە ببێتە سەرچاوەیەکی بەردەوامی مەترسی بەتایبەت بۆ ژنان و خێزانەکان، مردنی ئایا سەلام لەناو پاسێکدا وەک بەڵگەیەک بۆ سروشتی بەربڵاوی ئەم مەترسیانە و گۆڕینی گواستنەوەی مەدەنی بۆ شوێنێکی پڕ لە هەڕەشەی ئەمنی.
لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکانەوە تا فراوانکردنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی
ڕووداوەکانی مانگی تەمموز گۆڕانکاری لە کەشوهەوای گشتیی سوەیدا بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە ناوچەکە خۆی بینیەوە کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی پەرەسەندن و پێشێلکردنی دووبارەی ڕێککەوتننامەکانی ئاگربەست بووەوە.
لەناو ئەم هەلومەرجەدا ژنان ئاستێکی بەرزی بەرپرسیارێتی و پابەندبوونیان بە بیروباوەڕ و ناسنامەی خۆیان نیشان دا، ژنانی دروز ئیلهامیان لە ئەزموونی شۆڕشی ژنان بە ڕێبەرایەتی ژنانی کورد لە ڕۆژئاوا وەرگرت کە ئازایەتی و ڕۆڵی سەرکردایەتییان لە خەباتدا بەهێزتر کرد، تواناکانیان لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کاروباری کۆمەڵایەتی ناوخۆیی لە کاتی قەیرانەکاندا بە ڕوونی دەرکەوت.
بوونی ژنان لە لیژنەکانی گەڕەکەکاندا دیار بوو، لەگەڵ داتا ناوخۆیی و مەیدانییەکان کە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ڕێژەی بەشداریکردنیان گەیشتووەتە نزیکەی ٩٠٪، ڕۆڵی ئەوان تەنها بەمەوە سنووردار نەبووە، بەڵکو درێژبووەوە بۆ بوارەکانی کارگێڕی و کاری شارەوانی، کە ژنان پۆستیان لە شارەوانییەکان و ڕۆڵی سەرکردایەتی دیکە وەرگرتووە، ئەمە جگە لە بەشداریکردنیان لە هەوڵەکانی فریاگوزاری و پەرستاری و ڕێکخستنی دەستپێشخەری و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی دانیشتووان.
ژنان تەنها بەشدار نەبوون لەم هەوڵانەدا، زۆرجار لە پێشەنگی دەستپێشخەرییەکاندا بوون، لە ژێر بارودۆخێکی زۆر سەختدا بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆیان لە ئەستۆ دەگرت، ئەوان لێهاتوویی پراکتیکی و کارگێڕی خۆیان سەلماند، نیشانیاندا کە تواناکانیان لە تواناکانی پیاو کەمتر نییە و ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا چیتر لاوەکی و پەراوێزیی نییە.
خەباتی ژنانی ڕۆژئاوا: ساڵێک بۆ دەستەبەرکردنی ١٤ ساڵ دەستکەوت

ژنانی ڕۆژئاوا لە هەلومەرجێکی ناوازەدا پێشوازییان لە ساڵی نوێ کرد کە بە کۆکردنەوە و بەرزبوونەوەی ئامادەیی تایبەتمەند بوو، ئەمەش دوای هێرشەکانی گروپە جیهادییەکانی سەر بە هەتەشە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ دژی ناوچە کوردنشینەکان دەستیپێکرد.
ئەم هێرشانە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوایان کردە ئامانج کە ١٤ ساڵی خایاندبوو، خەباتی پاڵنا بۆ قۆناغێکی قورستر و ئاڵۆزتر، ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، چونکە پێکهاتەی ڕێکخراوەیییان زیانێکی بەرچاوی بەرکەوتووە، دەستکەوتەکانیان هەڕەشەی پاشەکشە و لە کۆتاییدا نەمانیان لەسەر بووە، لە بەرامبەردا شۆڕشی ژنان چووە قۆناغێکی نوێی بەرخۆدان و گۆڕانکاری لە ستراتیژەکەیدا بە پێویستی هێنا.
لە سەرەتای ساڵدا ستراتیژی کۆنگرەی ستار گۆڕا بۆ گەڕان بەدوای شوێنێکدا بۆ خۆی لەناو سیستەمی نوێی سووریادا، هەرچەندە میکانیزمەکانی بەدەستهێنانی ئەمە تا ئێستاش بابەتی گفتوگۆی ژنانە، کۆنگرە بەدوای ئەنتیگراسیۆن لەگەڵ حکومەتدا ناگەڕێت، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە کە بەردەوامی بوونی خۆی مسۆگەر بکات و بە شێوەیەکی فەرمی شەرعیەتی خۆی لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای ڕێکخستنی کاری حزب و ڕێکخراوەکانەوە جێگیر بکات.
بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی پڕۆژە و پلانی پێشنیارکراوی حکومەتی کاتی سەبارەت بە ژنانی سووریا، نوێنەرایەتی لاوازیان لە پەرلەمان، کۆنگرەی ستار کەمپەینێکی بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی بەردەوامی دەستکەوتەکانی ژنان دەستپێکرد.
لەم چوارچێوەیەدا، چالاکی و بۆنەی جیاواز بە بەشداری فراوانی ژنان لە ڕۆژئاوا، بۆ پشتیوانی لە یەپەژە و زمانی کوردی، بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ لەسەر ڕێگاکانی مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتی سیاسی و بەشداریی ژنان لە سووریای نوێدا ڕێکخرا.
دەستکەوتەکانی ژنان لە چوارچێوەی ئەنتیگراسیۆن
حکومەتی کاتی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی ڕەتکردەوە و پێی باشتر بوو سیستەمی تاک ڕەگەزی بپارێزێت، بەڵام لە سایەی خەباتی ژنان پێشکەوتنی بەرچاو لە نوێنەرایەتی ژناندا بەدیهاتووە، ئەمەش بریتییە لە دانانی ژنێکی کورد وەک کارگێڕی یەکەمی دەڤەری قامیشلۆ و دانانی ژنێکی کورد وەک سەرۆکی شارەوانی گەل لە کۆبانێ و دانانی ژنان بۆ پۆستی جێگری سەرکردایەتی لە دامودەزگاکانی دیکەدا.
دوابەدوای ئەو کۆنگرانەی کە داڕشتنەوەیانەی لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە بەڕێوەچوو، سیستەمی کانتۆن هەڵوەشایەوە و ئێستا کۆنگرە لە ١٠ شار لە سەرانسەری ڕۆژئاوادا کاردەکات، بەرێوبەرییەکانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پێکهێنراون، ڕێگەیان بە ژنان دەدا نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن، لە ئێستادا گفتوگۆکان لەسەر میکانیزمەکانی ڕێکخستنی کۆمینەکان لە گەڕەک و شارەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی پێکهاتە پیاوسالارییەکان بۆ دڵنیابوون لە زیادبوونی بەشداری ژنان لە کایە جیاوازەکانی ژیان و بەرزکردنەوەی سەربەخۆیی ئابوورییان.
بە پێچەوانەوە ژنان هێشتا لە وڵاتێکدا دەژین کە مافی دەنگدانی ئازادانەیان لێ داگیر دەکرێت، دوابەدوای کۆنگرەکانی داڕشتنەوەی نوێ، کۆنگرەی ستار بە ئیرادە بەردەوامە لە خەباتی خۆی و داوای دەستەبەرکردنی مافە دەستووری و یاسایی و سیاسییەکانی ژنان دەکات و هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کارا ببینێت لە سووریای نوێدا، بەتایبەتی دوای ئەو توندوتیژییە بەربڵاوانەی ئەمساڵ دژ بە ژنان، تەنانەت لە ئاستە بەرزەکانیشدا.
ژنانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر هەوڵەکانی حکومەتی کاتیدا بۆ سەپاندنی نموونەی ژنی ئەفغانستان بەسەریاندا خەبات دەکەن، پەراوێزخستن یان بێبەشکردنیان لە پێگە و ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا ڕەت دەکەنەوە، هەروەها کار دەکەن بۆ مسۆگەرکردنی ئامادەبوونیان لە دەستووری سووریای نوێدا و ددانپێدانان بە ناسنامەیان، بە شێوەیەک کە ڕێگەیان پێ بدات ئەزموونی ڕێکخستن و خەباتی خۆیان کە ماوەی ١٤ ساڵە بەردەوامە بگوازنەوە بۆ ژنانی سووریا بە گشتی، و بەشدار بن لە ڕێکخستنی ڕیزەکانیان و بەهێزکردنی ڕۆڵیان.
لە بەرەیەکی تریشدا ڕۆژئاوا سەردانی شاندەکانی ژنانی دیموکراتی لە ئەوروپا و جیهانەوە وەرگرتووە، ئەم شاندانە بریتی بوون لە ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان کە باوەڕیان بە ئازادی ژنان هەیە و خەبات بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەکەن، ئەوان پێشتر لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەزموونی شۆڕشی ژنان کردووە و وەک نموونەیەک بۆ لاساییکردنیان وەریانگرتووە، لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر هەرێم، ئەم شاندانە هاتبوون بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و ڕاگەیاندنی پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو ژنانە.
لە هەمان کاتدا ژنان لە ڕۆژئاوا بەشدارییان کرد لە بونیادنانەوەی دامەزراوەکان و پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان، لەوانە دامەزراوە تایبەتەکان بە ژنۆلۆژی، ناوەندەکانی ژنان، گوندی ژنانی "ژینوار"، لەگەڵ چەندین دەستپێشخەریی دیکەی بەشدارانە، کە لەسەر بنەماکانی پاراستنی مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئەوان، خستنەڕووی خوێندنی ژنان وەک دیسیپلینێکی ئەکادیمی لەناو کۆلێژێکی زانکۆدا یەکێکە لە بەرهەمە هەرە بەرچاوەکانی ئەم خەباتە و نیشاندەری پەرەسەندنی ئامادەیی کۆمەڵایەتی و فیکریی ڕوانگەیەکی ژنانی سەربەخۆیە.
سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، ڕۆژئاوا بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە بەردەوامەکان، لەوانە ژنکوژی، توندوتیژی دژی ژنان و ناکۆکی ناوماڵ، هەرچەندە ژنان کەشی بەکۆمەڵیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە دامەزراندووە، بەڵام ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە بەس نییە، جگە لەوەش دەستێوەردانەکانی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکەدا کێشە کۆمەڵایەتییەکانی بە گشتی گەورەتر کردووە و ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە بەتایبەتی زیاتر کردووە.
لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ئامادەیی ژنان لە کەرتی ئەمنیدا، مسۆگەریکردنی فەرمی بەشداریکردنی ژنان لە پۆلیس و ڕێکخستنی گشتی و ئاسایشی ناوخۆدا هەنگاوێکی بەرچاوە لە پشتیوانیکردنی خەباتی ژنان و فراوانکردنی ڕۆڵەکانیان لە کۆمەڵگەدا، لە ئێستاوە نیشاندەری ئەرێنی کاریگەرییەکانی ئەم بەشدارییە سەرهەڵدەدەن.
یەپەژە سیستەمی بەرگری خۆیان دەپارێزن

ساڵی ٢٠٢٦ ساڵێکی نائاسایی سەخت و سەرەکی بوو بۆ ژنانی ڕۆژئاوا، سەرەڕای توندی هێرشەکان، ژنان دەستبەرداری سیستەمی بەرگری خۆیان نەبوون، بەڵکو بەهێزتریان کرد، دۆخی وریایی بەردەوام و ئەرکی پاسەوانییان پاراست، شەو و ڕۆژ، بۆ بەرگریکردن لە گەڕەک و شارەکانیان.
ئەم هەڵوێستە تەنها لە ژنانی شەڕڤاندا سنووردار نەبوو، ژنان لە سەرانسەری ناوچەکەدا چالاکانە ڕووبەڕووی هەڕەشەکان بوونەتەوە بۆ بەرگریکردن لە بوون و کەرامەتیان، لە بەرامبەر پراکتیزە دڕندەکان، لەوانە فڕێدانی تەرمی ژنانی شەڕڤان لە باڵەخانەکانی گەڕەکی شێخ مەقسود و بڕینی کەزییەکانی، ئەو ژنانە پابەندبوونیان بە پاراستنی سیستەمی بەرگری سەربەخۆی خۆیان دووپاتکردەوە.
دوای ململانێیەکی بەردەوام، یەپەژە تێکەڵ بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا کرا و دوو یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان پێکهێنا: یەکێکیان لە کۆبانێ و عەفرین و ئەوی دیکەیان لە حەسەکە و قامیشلۆ.
سەرەڕای سەختییەکانی ئەمساڵ، ڕەنگە ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان بەدەستیان هێناوە و دڵنیابوون لە بەردەوامییان، لە کاتێکدا حکومەتی کاتی ستراتیژ و پڕۆژەی تایبەت بە ژنانی سووریای نییە، کۆنگرەی ستار خاوەنی توانای ڕێکخراوەییە بۆ کارکردن لەسەر ڕێکخستنی ژنانی سووریا بە گشتی، بە مەرجێک دەرفەت و مەرجی پێویست لەبەردەستدا بێت.
لەم چوارچێوەیەدا، پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر بۆ پاراستنی مافەکانی ژنانی سووریا، لە یاساکانی ئێستاوە تا دەستوور، دەستەبەرکردنی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژییان، پاراستنی مافەکانیان و لە هەمووی گرنگتر، چەسپاندنی پێگەی ئەوان و مسۆگەرکردنی بەشداری چالاکانەیان لە بونیادنانی سووریای نوێدا سەرهەڵدەدات.
دۆخی ژنانی عەلەوی
عەلەوییەکان کە لە مێژوودا بە نەسیرین ناسراون، سەر بە گروپێکی ئایینین کە لە سەدەی نۆی زایینیدا سەریان هەڵداوە و پەنایان بۆ شاخەکانی کەنار دەریاکانی سووریا بردووە، لە ڕووی مێژووییەوە ڕۆڵی ژنانی عەلەوی بەهۆی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و نەریتە میراسییەکانەوە لە قاڵب دراوە، کە بە پلەی یەکەم لە کاری کشتوکاڵی و چاودێری خێزاندا قەتیس بووە.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لە سەردەمی بەڕێوبەری فەرەنسادا، ژنانی عەلەوی دەستیان کرد بە فراوانکردنی ئامادەیی خۆیان لە بواری پەروەردە و سیاسەتدا، هەروەها پێشکەوتنی بەرچاویان لە بواری ئەدەب و هونەر و پزیشکیدا بەدەستهێنا، بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە لە ڕووی جوگرافی و خێڵەکییەوە سنووردار مانەوە، نەیانتوانی بۆ هەموو ناوچەکانی سووریا درێژببنەوە یان گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنەی پێکهاتەیی لە پێگەی ژنان لە ناو کۆمەڵگەدا دابمەزرێنن.

لەگەڵ هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییەکان لە چوارچێوەی بەهاری گەلاندا لە ساڵی ٢٠١١، سووریا چووە قۆناغێکی درێژی توندوتیژی و ململانێوە، کە لێکەوتەکانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی گرتەوە، ژنانیش لە زیانلێکەوتووترین توێژەکان بوون، ئازار و سەختییەکانیان تەنها لە بێبەشبوون لە پێداویستییە سەرەکییەکاندا کورت نەبووەوە، بەڵکو پەلی هاویشت بۆ پێشێلکارییەک کە مافە بنەڕەتییەکانی گرتەوە، جەستە و پارێزراوی دەروونی و سەربەخۆییان بوونە ئامانجی ڕاستەوخۆی توندوتیژی و پێشێلکارییەکان.
سەرەڕای بڵاوکردنەوە قەیرانەکان لە سەرانسەری وڵاتدا، بەڵام ڕاستیەکە بۆ ژنانی عەلەوی بە پلەی یەکەم تەنها لە ناوچە کەنارییەکاندا قەتیس بوو، لە کاتێکدا کە پەیوەندی عەلەوییەکانیان بە ڕژێمی ئەسەدەوە لە ڕووی تیۆریەوە پلەیەک لە پاراستنی کۆمەڵایەتی پێشکەشیان دەکرد، بەڵام بێبەری نەبوون لە دوورخستنەوە و پەراوێزخستن، لە کۆتاییدا ژنان پشکێکی بەرچاویان لە دەرئەنجامەکانی پەیوەندی و سیاسەتە خێڵەکیەکانی ڕژێم لە ئەستۆ گرت و باجێکی قورسیان لە ململانێ و دووبەرەکییەکانی دەرئەنجامدا دا.
دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، وڵات چووە قۆناغێکی نوێوە کە بە ئاژاوە و هەڵکشانی توندوتیژی تایبەتمەند بوو، لەگەڵ گەیشتنی هەتەشە بە دەسەڵات، ژنانی عەلەوی خۆیان لەبەردەم شەپۆلێکی نوێی هەڕەشە و پێشێلکاریدا بینییەوە، بوونە ئامانجی گروپە چەکدارە جیاوازەکان.
بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەم پێشێلکارییانە، ئەم گروپانە پەنایان بۆ ناونانی ژنان و عەلەوییەکان بە گشتی بە "پاشماوەی ڕژێم" برد، بەڵام بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی بە پشتبەستن بە پەیوەندی خێڵەکی یان پەیوەندی گومانلێکراویان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد، بە تەواوی ناڕەوایە، بە تایبەت کاتێک باس لەو ژنانە دەکرێت کە قورسایی ڕاستەوخۆی ئەو جۆرە بە ئامانجگرتنە لە ئەستۆ دەگرن، ناوچە کەنارییەکانی کە زۆرینەیان عەلەوییەکانن، شاهیدی کۆمەڵکوژی خوێناوی بوون کە ژیانی هەزاران کەسی کوشتووە، لەنێویاندا ژن و منداڵ، جگە لە کوشتن و ئاوارەبوونی زۆرەملێ، ڕفاندن بۆتە ئامرازێک بۆ تۆقاندن و شکاندنی ئیرادەی ژنانی عەلەوی و تێکدانی هەستی ئاسایش و سەقامگیرییان، کاردانەوەی ئەم پێشێلکارییانە هەر بەوەوە نەوەستاوە، ئەوان درێژیان کێشاوەتەوە بۆ دوورخستنەوەیان لە بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی سووریا.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە دەیان ڕووداویان لە کەناراوەکانی سووریا بەڵگە کردووە، پاڵنەر و شێوازەکانی پەیوەست بەو تاوانانە جیاواز بوون، لە داواکاری فیدیە و هاوسەرگیریی زۆرەملێیەوە تا بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بێڕێزیکردن لەسەر بنەمای ناسنامەی خێڵەکی.
لەبەرامبەردا لیژنەی لێکۆڵینەوە کە لەلایەن جۆلانیەوە پێکهێنرابوو، ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە ڕفاندنی ژنان ڕەتکردەوە و ئەم حاڵەتانەی بە "بێسەروشوێنکردنی خۆبەخشانە" یان "کێشەی ڕەوشتی" پۆلێن کرد، هەڵوێستێک کە ڕەخنەی بەرفراوانی لێکەوتەوە بەهۆی ڕەتکردنەوەی سەختی پێشێلکارییەکان و پشتگوێخستنی ئازارەکانی زیانبەرکەوتووان و خێزانەکانیان.
زیادبوونی ترسناکیی ڕفاندنی ژنان لە ناوچە کەنارییەکان نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پارێزراوی و ئاسایشیان قووڵتر کردووەتەوە، لە دوایین حاڵەتەکانی تووشبوون بە حاڵەتی کاریس عەلی تەمەن ٢٣ ساڵ کە لە ١٤ی تشرینی دووەمەوە بێسەروشوێنە.
لە کاتێکدا هەندێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم ڕفاندنانە دەگەڕێننەوە بۆ کردەوەی تاکەکان، بەڵام فرێکوێنسیی و هاوشێوەیی ئەم ڕووداوانە پرسیاری جددی لەبارەی پەیوەستبوونیان بە ژینگەیەکی سیاسی و ئەمنی فراوانتر و سیاسەتەکانی حکومەتی کاتییەوە دەوروژێنێت، جگە لەوەش لێکۆڵینەوەکان لەم کەیسانە هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەیان نەبووە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی میتۆدۆلۆژیای لێکۆڵینەوەی کاریگەر و شکستهێنان لە چارەسەرکردنی سروشتی پێشێلکارییەکان بە شێوەیەکی جددی و ورد.
لەم چوارچێوەیەدا، ژنانی عەلەوی ڕۆژانە خەباتێک بۆ مانەوە دەکەن لە نێوان پەرەسەندنی توندوتیژی و هەڕەشە و پێشێلکارییەکان لەسەر بنەمای پەیوەندی ڕەگەزی و خێڵەکی- دۆخێک کە ڕەنگدانەوەی قورسایی ئەو شتەیە کە دەتوانرێت بە "جینۆسایدی ڕەگەزی" پێناسە بکرێت.
سەدان ژن کە پێشتر لە کەرتەکانی پەروەردە، تەندروستی، ئابووری، خزمەتگوزاری ژینگەیی، کارگێڕیدا کاریان کردووە، بەهۆی بڕیارەکانی حکومەتی کاتیەوە لە کارەکانیان دوورخرانەوە، لە ئەنجامدا زۆرێک خۆیان بینیەوە کە ڕووبەڕووی بێکاری و هەژاری و برسێتی بوونەتەوە و سەرچاوەی داهات و سەربەخۆیی ئابوورییان لەدەستدا و لە بارودۆخی ژیانی سەختدا گیریان خواردووە کە بەهۆی شوێنی جوگرافی و پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە بەسەریاندا سەپێنراوە.
ئەو بێدەسەڵاتی و بێ هیواییە کە ژنانی عەلەوی لە چوارچێوەی فراوانتری سووریادا ئەزموونی دەکەن، تەنها ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی مرۆیی تێپەڕین نییە، بەڵکو ڕاستیەکی وەدەرنانی سیستماتیکی و نەبوونی پاراستن و لێپرسینەوە ئاشکرا دەکات، کە ڕەنگە دەرفەتی زیاتر بە دەسەڵاتی دەسەڵاتدار بدات بۆ بەردەوامبوون لە سیاسەتەکانی بەبێ سزا.
ئامارە سەرەکییەکانی ساڵی ڕابردوو:
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەرچاوە خۆجێییەکانەوە دەستکەوتوون، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٢٦ بە گشتی ١١٦ ژن لەو ناوچانەی کە زۆرینەیان عەلەوییەکانن لەلایەن هەتەشەوە ڕفێنراون، تا ئێستاش شوێنیان نادیارە.
جگە لەوەش بەپێی ئەو داتایانەی ڕوانگەی سووریا بڵاویکردۆتەوە، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا لانیکەم نۆ ژنی عەلەوی کوژراون، لەکاتێکدا چارەنووسی ٥٠ ژن کە لە مانگەکانی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا بێسەروشوێن بوون تا ئێستا نادیارە.
جگە لەوەش باس لەوە کرا، کە لە کۆی ٤٢ ڕاپۆرت کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی سووریاوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، تەنها یەکێکیان وەک ڕفاندن ناسێنراوە.
هەرچەندە حکومەتی کاتی ئاڕاستەی جیهادییەکان بەڵێن دەدات کە "سووریایەک بۆ هەموو سوورییەکان" بونیاد بنێت، بەڵام ڕاستیەکە وێنەیەکی زۆر جیاواز دەکێشێت.
توندوتیژی دژی ژنانی سووری تەنها لە کۆمەڵگەی عەلەوییەکان سنووردار نییە، هەروەها ژنانی سوننە، مەسیحی، کورد و دروزیش لە سەر دەستی جیهادیەکانی هەتەشە، لە دەستدرێژی سێکسییەوە تا ئاوارەبوونی زۆرەملێ، تووشی پێشێلکارییەکی قورس بوون.
ئەم دۆخە لە شەڕی بەردەوام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی وەک قەوارەیەکی دامەزراوەیی دەوڵەتی و سەپاندنی سیستەمێکی یاسایی ساختە کە نە دادپەروەرە و نە بە ئامانجی گەیشتن بە چاکەی گشتی سەرچاوە دەگرێت، لە ناوەڕۆکیدا ئەم ڕووداوانە ڕەگ و ڕیشەی لە قەیرانی پێکهاتەیی قووڵدا هەیە کە لە ئێستادا سووریا تووشی دەبێت.