تارا عەبدوڵا: بەشێکین لە ژینگە با بە هەموومانەوە بیپارێزین
ژنان هەمیشە پارێزەری ژینگەن و تارا عەبدوڵا، بەڕێوەبەری کارو ڕاهێنانی پیشەییی هەڵەبجە دەڵێت: پێویستە خەمخۆری ژینگەکەمان بین و خۆمان بەشێکی جیا لە ژینگە نەزانین، دەبێت هەست بکەین کە بەشێکین لە ژینگەکەمان و وەک مرۆڤ، بەرامبەر دار و درەخت و سروشت بەرپسیارین.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-ژنان هەمیشە لە هەوڵی پاراستنی ژینگەدان و بە پڕۆژەو کارەکانیان ژینگەیان بەرەو تەندروست بوون بردووە، کاتێکیش ژنانی پارێزەری ژینگە لە پۆستێک و بەڕێوەبەراتییەکدا دەبن جێدەستیان لەم بوارەدا دیارە، بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەییی هەڵەبجە، کە ژنێک بەڕێوەبەرێتی لە هەنگاوێکی هۆشیاری و پاراستنی ژینگەدا، داوا لە هاووڵاتیان و دامەزراوەکان دەکات کە لە بەکارهێنانی ڕۆژانەی ماددە پلاستیکییەکان کەم بکەنەوەو هەوڵ بدەن ژینگەکەیان بپارێزن.
تارا عەبدوڵا، بەڕێوەبەری کار و ڕاهێنانی پیشەییی هەڵەبجە، لەبارەی هۆکارو ئامانجی ئەم بڕیارەوە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: بیرۆکەی کەمکردنەوە و ڕێگرتن لە بەکارهێنانی پلاستیک لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە سەرچاوەی گرتووە، بەردەوام بەڕێوەبەرایەتییەکەمان خولی پیشەیی بۆ گەنجان دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە دوای تەواوبوونی خولەکان، بڕێکی زۆر پاشماوەی پلاستیک، وەک بوتڵی ئاو، قاپ و پەرداخی سەفەری، دروست ببێت، لە سەرەتای خولەکانماندا، بە هاوکاریی سەنتەری ڕیسایکلینی هەڵەبجە، سیمینارێکی هۆشیاریمان بۆ ماوەی ٢٠ تا ٣٠ خولەک ئەنجام داوە، سەبارەت بەوەی چۆن بتوانین ژینگەکەمان بپارێزین، بەڵام کاتی ئەوە هاتبوو کە چیتر تەنها بە قسە نەبێت، بەڵکو بە کردار هەنگاو بنێین، بۆیە بڕیارمان دا فەرمانێک لەوبارەیەوە دەربکەین و ئەمجارە بە کردار پابەندیی خۆمان بسەلمێنین. یەکەم کەس خۆم بووم کە لە ژووری خۆمەوە دەستم پێکرد و دواتریش کارمەندەکان پێکەوە بەشدارییان کرد.
" پاراستنی ژینگە و بەکارهێنانی کەمتر یان بەکارنەهێنانی پلاستیک هێشتا نەبووەتە کولتوور"
وتیشی: ئێمە پێویستە خەمخۆری ژینگەکەمان بین و خۆمان بەشێکی جیا لە ژینگە نەزانین، دەبێت هەست بکەین کە بەشێکین لە ژینگەکەمان و وەک مرۆڤ، بەرامبەر دار و درەخت و سروشت بەرپرسیارین. هەر تاکێک دەبێت لە شوێنی خۆیەوە هەستی بە بەرپرسیارێتی بکات و بە کردار ئەو بەرپرسیارێتییە جێبەجێ بکات، بەداخەوە، لەلای ئێمەوە پاراستنی ژینگە و بەکارهێنانی کەمتر یان بەکارنەهێنانی پلاستیک هێشتا نەبووەتە کولتوور؛ بۆیە پێویستە جۆرێک لە پابەندکردن و سەپاندنی یاسا و ڕێنمایی هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین لەسەر ئەم ڕێبازە.
تارا عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد، بە گرنگییەوە دەڕوانیە ئەوەی کە ئەم بریارەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بە نووسراو تەنها ئاراستەی هۆبەکانی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتی نەبێت، بەڵکو ئاراستەی هەموو ڕێکخراو و لایەنەکانیش بێت کە لەگەڵیان کار دەکەن؛ چونکە بەردەوام هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان هەیە و ئەوانیش لە پرۆژەکانیاندا ئامانجیان پاراستنی ژینگەیە، بۆیە هاوئاهەنگی و بەشداریی ئەوان لەم هەنگاوەدا زۆر مایەی دڵخۆشییە.
سەبارەت بە بڕیارەکەو ئەوەی ئایا جێبەجێکردنی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بارێکی قورس دروست دەکات، تارا عەبدوڵا وتی: ئەم بڕیارە بە هەرەوەزییە و تەنها بڕیارێکی تاکلایەنە نییە، لەبەر ئەوەی پاراستنی ژینگە نەبووەتە کولتوور، نەمانتوانیوە بە تەواوی زاڵ بین بەسەر پیسبوونی ژینگەدا. هەروەها چاودێریی بەردەوامم لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە وای کردووە ئەم خەمەمان هەڵبگرین، هەوڵم داوە لە ڕێگەی خۆمەوە بەردەوام ئەم بابەتە بگەیەنمە گوێی ستافەکەمان، بەخۆشییەوە ستافەکەشمان بە ئامادەییەکی باشەوە هاوکارییان کردووە. پرۆژەیەکمان هەبوو کە کردمانە بەرنامە و بە شێوەیەکی ڕۆژانە جێبەجێی دەکەین.
" توانیومانە ئەرکی سەرشانی پاککەرەوەکانیش ئاسانتر بکەین"
لە کۆتایی قسەکانیدا تارا عەبدوڵا وتی: هیوادارین بتوانین بەردەوام بین؛ چونکە لەم بوارەدا هەنگاوێکی جیاوازمان ناوە و توانیومانە ئەرکی سەرشانی پاککەرەوەکانیش ئاسانتر بکەین، بە دروشمی "مرۆڤ بەشێکی جیا نییە لە ژینگەکەمان"، هیوادارین هەموو ئەوانەی گوێ لە دەنگمان دەگرن، هەستی بەرپرسیارێتیی خۆیان بکەن، لە خەمی ژینگەکەمان بن و بە کردار هەنگاو بنێن بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەی هاوبەشمان.