ڕێکخراوی دابین: کرێکاران متمانەیان بە لایەنی حکومی و سەندیکاکانیش نییە

ڕێکخراوی دابین دەرئەنجامی ڕاپۆرتێکی شەش مانگی خستەڕوو، کە تێیدا دەرکەوتووە، کرێکاران متمانەیان بە ڕێکخراوەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، سندوقی خانەنیشین و سەندیکاکان نییە، هەروەها کەمترین کرێکار خۆیان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکردووە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە سلێمانی ڕێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕاپۆرتی یەکەمی خۆی بە ناونیشانی "ڕەوشی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی" لە چوارچێوەی پڕۆژەی پاڵپشتی بۆ کرێکاران خستەڕوو.

 

ڕاپۆرتەکە لەلایەن هەڵشۆ فەتاح، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە خویندرایەوە، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەم ڕاپۆرتە لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکە لە ١ی ئایار بۆ ٣١ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، کە بەشێکی زۆری جەخت لەسەر یاسای کار و خانەنیشینی کراوە، بە پێی ڕاپۆرتەکە ٤١ هەزار و ٢٢٠ کرێکار خۆیان تۆماکردووە، کە ٣٣ هەزار و ٨٨ کەس ڕەگەزی نێرن، ٨ هەزار و ١٣٩ ڕەگەزی مێن.

 

هاوکات دوو هەزارو ٨٤٤ کرێکاری بیانی خۆیان تۆمارکردووە، کە دوو هەزار و ٣٨٥ ڕەگەزی نێرن، ٤٥٩ ژنن، لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا ١٥ کرێکار خانەنشین بوون، ٦٧٧ کرێکار پاداشتی کۆتایی خزمەتیان وەرگرتووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا کۆمەڵێک دەرئەنجام لە بەدواداچوونەکان خراونەتەڕوو:

 یەکەم- وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ناتوانن تەواوی کارمەند و کرێکارەکان تۆماربکەن، لە کۆی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کرێکار لە سنوری پارێزگای سلێمانی تەنها ٤١ هەزار کەس خۆیان تۆمارکردووە.

 

دووەم- کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت تا ئێستا متمانەیان بە دامەزراوەکانی سندوقی خانەنیشنی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی نییە.

 

سێیەم- هەروەها سەندیکای کرێکارانیش بەهەموویانەوە نەیانتوانیووە متمانە لای کرێکارەکان دروست بکەن.

 

چوارەم- کرێکاران و کارمەندانیش ئاستی هۆشیاریان لەبارەی یاسای کار و یاسای خانەنیشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لاوازە، زۆرینەییان ئاگاداری ئەو یاسایانە نین.

 

پێنجەم- لە هەمان کاتدا دادگای کار لە دادگاکاندا کەمترین کەس ڕووی تێدەکات، دەقی یاسا و بڕیارەکان جێبەجێناکرێت، ڕۆتیناتێکی زۆر لە کاری دادگاکاندا هەیە.