ناوەندی هەواڵ
لە کاتێکدا هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان بەردەوامە، کوشتن و گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان لە سەرانسەری جیهان بەردەوامی هەیەو بکوژانی ژن بۆ ئەوەی لە یاساو سزا دەربچن کوشتنەکان گوماناوی دەکەن.
لە نوێترین ڕووداودا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرستارێک لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک بەناوی (ڤ.ع.ص) تەمەن ٢٣ ساڵ کە ناونیشانی “یاریدەدەری دەرمانساز”ـە، بەشێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا.
سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ئەو ژنە، ئاماژە بەوەکراوە لە نهۆمی شەشەمی نەخۆشخانەکە کەوتووتەوە خوارەوە و دەستبەجێی گیانی لەدەستداوە، لە ئێستادا پۆلیس گەیشتووەتە نەخۆشخانە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە، هێشتا هۆکاری ڕووداوەکە ڕوون نەبووەتەوە و تەمومژاوییە.
مردنی ئەم ژنە لە ماوەی ئەم هەڵمەتەدا، دەرخەری ئەوەیە کە توندوتیژیی دژ بە ژنان تەنیا بە بانگەواز و هەڵمەت کۆتایی نایەت، بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی کرداری، جێبەجێکردنی یاسا، پاراستنی ژنان و لێپرسینەوە لە هەر ڕووداوێکی توندوتیژی هەیە.




