"یانەی ژنانی جەنگ"... چیرۆکێکی کە هاوڕێیەتی کات و شوێنەواری چەنگ تێدەپەڕێنێت
لە ڕێگەی سێ هاوڕێ و شارێکەوە کە بەردەوام ڕابردووی خۆی بەبیر دهێنێتەوە، لە ڕۆمانی "یانەی ژنانی جەنگ"دا چیرۆکێکی دڵسۆزی و لەدەستدان و تەنهایی دەبەستێتەوە، کە چیرۆکێکی ئەو ژنانەیە کە لە جەنگ ڕزگاریان بووە بەڵام هەرگیز بەڕاستی لە سێبەرەکەی ڕزگاریان نەبووە.
ناوەندی هەواڵ
هالە کەوسەرانی، ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووسی لوبنانی دەگەڕێتەوە بۆ یادەوەریی جەنگی ناوخۆییی لوبنان، بەڵام لە گۆشەنیگایەکی مرۆییی جیاوازەوە، کە ژنان دەخاتە چەقی چیرۆکەکەوە، و نزیک دەبێتەوە لەو کاریگەرییانەی جەنگ کە لە ژیان و هاوڕێیەتی و یادەوەرییاندا بە ئامادەیی ماونەتەوە، تەنانەت دوای تێپەڕبوونی چەندین دەیە بەسەر کۆتاییهاتنیدا.
لە ڕۆمانەکەیدا بە ناوی "یانەی ژنانی جەنگ”، نووسەر چیرۆکی سێ هاوڕێ دەگێڕێتەوە کە کورسییەکانی خوێندن لە بەیرووت کۆی کردنەوە، ساڵانی جەنگ و کۆچکردن و لەدەستدانەکان لێکی جیا کردنەوە، بەبێ ئەوەی دوورییەکان و ناهاوسەنگی کات سەرکەوتوو بن لە سڕینەوەی ئەو پەیوەندییانەی کە کۆی کردبوونەوە.
چیرۆکەکە بە دەوری سەما و جەمیلە و مەریەمدا دەسووڕێتەوە، سێ ژن کە ساڵانی خوێندن لە قوتابخانەی "عائلە مقدسە” لە بەیرووت کۆی کردنەوە، پێش ئەوەی هەریەکەیان ڕێگایەکی جیاواز لە ژیاندا بگرێتە بەر، سەما، کە ئەکادیمی و دایکی میرایە، یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناو کارەکە پێک دەهێنێت، لە کاتێکدا جەمیلە بە گەشبینی و دیدگا ئەرێنییەکەی بۆ ژیان ناسرابوو، پێش ئەوەی جەنگ و لەدەستدانەکان شوێنەواری خۆیان لەسەر کەسایەتییەکەی بەجێ بهێڵن، سەبارەت بە مەریەمی یاخی و دەم بە پێکەنین، ژیانی بە تەنهایی کۆتایی هات، تا لە دوای خۆی پرسیارگەلێکی بەئازار دەربارەی گۆشەگیری و چارەنووسی مرۆڤ بەجێ بهێڵێت.
لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵەکاندا، هەر سێ هاوڕێکە دەگۆڕێن بۆ شتێک کە لە یانەیەکی تایبەت دەچێت و ئەو ژنانە کۆ دەکاتەوە کە لە یادەوەرییاندا ئەزموونەکانی جەنگ و لێکەوتەکانیان هەڵگرتووە، خۆشەویستی و جیاوازی و گلەیی و لەدەستدانەکانیان بەش کردووە، بەڵام چیرۆکەکە لە نەوەی ئەواندا قەتیس نامێنێت، چونکە میرا، کچی سەما و ئەندازیاری تەلارسازی، دێتە ناو جیهانەکەیانەوە تا ببێتە ئەڵقەی پەیوەندی لە نێوان نەوەیەک کە جەنگی بە هەموو وردەکارییەکانییەوە ژیاوە و نەوەیەک کە شوێنەوار و یادەوەرییەکانی بە میراس بۆ ماوەتەوە بەبێ ئەوەی شایەتحاڵی ڕاستەوخۆی بووبێت.
لەسەر ئاستی هونەری، هالە کەوسەرانی پشت بە بونیادێکی گێڕانەوە دەبەستێت کە لەسەر فرەدەنگی و تێکەڵبوونی کاتەکانەوە دامەزراوە، دوور لە زنجیرەبەندیی نەریتی ڕووداوەکان، ڕۆمانەکە بەسەر ١٨ یەکەی گێڕانەوەدا دابەش بووە کە پێنج لە کەسایەتییەکانی کارەکە دەیگێڕنەوە، نۆ نامەش دەپچڕێنە ناویان کە مەریەم ئاراستەی هاوڕێکەی، سەمای دەکات.
هالە کەوسەرانی مامەڵە لەگەڵ جەنگدا ناکات وەک ڕووداوێکی مێژوویی کە بە کۆتاییهاتنی شەڕەکان کۆتایی هاتبێت، بەڵکو ڕۆدەچێتە ناو کاریگەرییە درێژبووەوەکانی لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا، ئەو برینە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی کە لە ناخی ئەوانەدا بەجێی هێشتووە کە تێیدا ژیاون، بەتایبەتی ژنان، لە ڕێگەی چیرۆکی کەسایەتییەکان و گۆڕانکارییەکانی شاری بەیرووتەوە، ڕۆمانەکە دەرگاکان دەکاتەوە بۆ تێڕامان لە یادەوەری و بوون و پیری و تەنهایی، لە توانای هاوڕێیەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەدەستدان و لەبیرچوونەوە.
ئەم ئەزموونەش درێژکراوەی گرنگیدانی هالە کەوسەرانییە بە شار و یادەوەری و پەیوەندییە مرۆییەکان، نووسەرە لوبنانییەکە کە ساڵی ١٩٧٧ لە بەیرووت لەدایک بووە، زانستە سیاسییەکانی خوێندووە، بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبی عەرەبیدا لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیرووت بەدەست هێناوە، لە کارە ڕۆمانییەکانیدا جیهانگەلێکی پێشکەش کردووە کە تێیاندا ژیانی کەسی لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا یەکتر دەبڕن، لە دیارترین کارەکانی "کۆتا هەفتە" و "كاريزما" و "ڕۆژی خۆر"ن، لەپاڵ "یانەی ژنانی جەنگ".