ناوەندی هەواڵ
کەژاڵ سادقی تەمەن ٣٩ ساڵ کە دایکی دوو منداڵ و خەڵکی شاری سەقزی ئێران بوو، بەهۆی برینداربوونی سەختی سووتاوی، دوای ململانێی چەند ڕۆژە ژیانی لەدەست دا، بەپێی زانیارییەکان لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هاوژینەکەیەوە هێرشی کراوەتە سەر و بەنزینی بەسەردا ڕژێنراوە، لە ئەنجامدا لە ٩٠٪ی جەستەی سووتابوو و بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو.
زیاتر لە ٢٥ ساڵە ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە
دەستەی هەماهەنگیی یەکیەتیەکانی مامۆستایانی ئێران، لە ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی کاژاڵ سادیقی، ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٢٥ ساڵە تووشی توندوتیژی خێزانی بووە، ڕایگەیاندووە، کە دایکی دوو منداڵی کچە، هەروەها هۆکاری مردنی بەهۆی دەرئەنجامەکانی توندوتیژی خێزانی و لاوازی میکانیزمی پشتیوانی و جێبەجێنەکردنی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بووە لە ئەرکەکانیان.
داوای هاوکاریی کردبوو
فاتمە باباخانی، چالاکوانی مافەکانی ژنان پێشتر سەرنجی خستبووە سەر دۆسیەی کەژاڵ سادقی و باسی لەو توندوتیژییە کردبوو کە لە تەواوی ساڵانی هاوسەرگیرییەکەیدا بینیبووی، وتی: کەژاڵ سادقی بەهۆی ئەوەی هاوژینەکەی ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بووە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ باسی لە ڕووداوی دەستدرێژیی جەستەیی، هەڕەشە، سنووردارکردن، گەمارۆدان لە ماڵەوە و توندوتیژی لە دژی کچەکانی کردووە، لە ڕاپۆرتەکەدا دەستنیشان کراوە کە کەژاڵ سادقی بە بەردەوامی داوای هاوکاریی لە دامەزراوەی پزیشکیی دادوەری و دامەزراوەی خزمەتگوزاریی دەوڵەت کردووە، بەڵام هەوڵەکان بۆ مسۆگەرکردنی پارێزراوی خۆی و منداڵەکانی بەشی نەکردووە.
فاتمە باباخانی ڕایگەیاند، کە کەژاڵ سادقی وتوویەتی بەهۆی چارەنووسی کچەکانییەوە زۆر دەترسێت و نیگەرانە، ئەمەش نیشانی دەدات کە چۆن دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بانگەوازە دووبارەکانی هاوکاریی ژنێکیان پشتگوێ خستووە کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبووەوە.
داوای لێپرسینەوەی کرد
لقی ژنانی ئەنجومەنی هەماهەنگیی سەندیکاکانی مامۆستایانی ئێران، سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی کەژاڵ سادقی کرد و داوای کرد هۆکاری مردنەکەی ئاشکرا بکرێت، ئەنجومەنەکە لە هەموو کەس و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، لە کەسی بکوژەوە بگرە تا بەرپرسانی یاسایی و کارگێڕی کە ئەرکەکانی پاراستنی خۆیان جێبەجێ نەکردووە، داوای لێپرسینەوەی کرد.
مردنی کەژاڵ سادقی جارێکی دیکە بابەتی توندوتیژیی خێزانی و نەبوونی میکانیزمەکانی پاراستنی کاریگەری بۆ ژنانی لە مەترسیدا هێنایەوە ڕۆژەڤ، لە دۆخی لەم شێوەیەدا، تەنها سکاڵاکردن یان ناردنی ئەو کەسانەی دەبنە ئامانج بۆ دامەزراوەی پزیشکیی دادوەری یان ڕێکخراوەکانی پشتیوانی بەس نییە، پرسیاری هەستیار ئەوەیە کە ئایا ئەم هەنگاوانە بە ڕاستی دەبنە هۆی دەستوەردانی کاریگەر، مسۆگەرکردنی پارێزراویی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی یان نا.
سەبارەت بە ڕووداوەکە زانیارییەکی ڕوون نەدراوە و نازانرێت دۆسیە کراوەتەوە یان نا.




