کۆنگرەی ستار: دۆخی باشوور کاریگەریی لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان دەبێت

کۆنگرەی ستار لە حەسەکە ڕایگەیاند، هێزی گەلی کورد لە یەکگرتوویی و پشتگیریکردنی یەکتردایەو دۆزی کوردیش لە ناکۆکی و بەرژەوەندییە حزبییەکان گەورەترە و دۆخی هەر بەشێک کاریگەریی لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەبێت.

کۆنگرەی ستار: دۆخی باشوور کاریگەریی لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان دەبێت

ناوەندی هەواڵ

کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە، لە ڕاگەیاندراوێکی نووسراودا، تیشکی خستەسەر دۆخ و گۆڕانکارییەکانی باشووری کوردستان و ئاماژەی بەوەکرد، پێشهاتەکانی باشووری کوردستان دابڕاو نییە لە دۆخی بەشەکانی دیکەی کوردستان، چونکە دۆزی گەلی کورد یەکە و ئەوەی لە هەر بەشێكی کوردستان ڕوودەدات، کاریگەری لەسەر ئیرادە، ماف و داخوازییەکانی لە بەشەکانی دیکەش دەبێت.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە گفتوگۆ، لێکتێگەیشتن و پشتگیریکردنی یەکتر، بنەمای پاراستنی دەستکەوتەکان و بەهێزکردنی هەڵوێستی سیاسیی کوردییە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر بەربەستەکاندا بوەستنەوە.

 ڕایگەیاند، پشتگیریکردن لە نێوان هەر چوار بەشی کوردستاندا بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و ئەخلاقییە و پشتگیریکردنی گەلی باشووری کوردستان دەبێت ببێتە هەڵوێستێکی کردەیی کە یەکێتیی چارەنووس و پەیوەندییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان گەلی کورد نیشان بدات.

کۆنگرەی ستار بانگەوازی لە پارت و هێزە سیاسییەکان، ڕێکخراو و دامەزراوە مەدەنییەکان، ژنان و گەنجان و سەرجەم کەسایەتییە نەتەوەییەکان کرد کە دیالۆگ و کاری هاوبەش بەهێز بکەن و بۆ پاراستنی مافە نەتەوەیی، سیاسی و کولتوورییەکانی گەلی کورد هەوڵەکانیان یەک بخەن.

هەروەها کۆنگرەی ستار بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی باشووری کوردستان بکەن و کار بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و مسۆگەرکردنی مافەکانیان بکەن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێزی گەلی کورد لە یەکگرتوویی و پشتگیریکردنی یەکتردایە و دۆزی کوردیش لە ناکۆکی و بەرژەوەندییە حزبییەکان گەورەترە؛ ئەوە دۆزی گەلێکە کە لەپێناو ناسنامە، ماف و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیدا تێدەکۆشێت.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە گشتییەکان لە سووریا پشتگیریی یەکڕیزی کوردی دەکەن و بە تەواوی ئامادەن بۆ پشتگیریکردنی گەلی کورد لە باشووری کوردستان.