نەغەم کەراجا
فەلەستین – لە بواری پەروەردە و کارەوە تا دەگاتە دامەزراوە سیاسی و یاساییەکان، ژنانی فەلەستینی ڕێگای خۆیان بەرەو بەشداری لە پۆست و پلەکانی بڕیارداندا دەکەنەوە. ئەوان بەربەستەکانی جیاکاری و دوورخستنەوە، هەروەها بارودۆخە نائاساییەکانی سەرچاوەگرتوو لە شەڕ، تێدەپەڕێنن.
لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا، حەنان سیام لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئێمە، ئاماژەی بەوە کرد کە ژنانی فەلەستینی، تەنانەت لە ژێر قورسترین بارودۆخیشدا، واز لە ئامانجە ئەکادیمی و پیشەییەکانیان نەهێناوە.
حەنان ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان سوور بوون لەسەر بەردەوامبوون لە خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئەکادیمیی بەرز، و لەو بارەیەوە وتی:
بەدەستهێنانی زانست بۆ ئەوان ڕێگایەکە بەرەو سەربەخۆیی، بەشداری و کاریگەری دانان لە ناو کۆمەڵگەدا. بەردەوامی ژنان لە بواری پەروەردە، کار و بەشداری سیاسی، سەرەڕای ئەم بارودۆخانە، نیشانەی ئیرادەیەکی بەهێزە کە ڕێگە نادات شەڕ داهاتوویان تێک بدات. ئەم ئیرادەیە لە ماوەیەکی درێژدا دەتوانێت ببێتە هۆی فراوانبوونی بوونی ژنان لە دامەزراوەکان و پۆستە کاریگەرەکاندا.
بەربەستەکانی بەشداری
سەرەڕای ئەم بوونە دیارەی ژنان لە بواری پەروەردە و پیشەدا، بەشداریی ژنانی فەلەستینی لە پۆست و پلەکانی بڕیارداندا هێشتا سنووردارە. ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزیی کۆمەڵێک هۆکاری کۆمەڵایەتی و دامەزراوەییەوەیە؛ لە باوەڕ و بیرکردنەوەی پیاوسالارییەوە تا نەبوونی دەرفەتی یەکسان.
حەنان سیام دەڵێت:
«ژنان لە ناو حیزبە سیاسییەکان، دامەزراوە پەروەردەییەکان، زانکۆکان و هەروەها کەرتەکانی تەندروستی، دادوەری و حکومەتدا، ڕووبەڕووی جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز دەبنەوە. خاوەندارێتی لێهاتوویی و ئەزموون بە پێویستی گەرەنتیی گەیشتنی ژنان بە پۆستەکانی سەرکردایەتی ناکات.
ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە لە زۆر ڕووەوە هێشتا بیرکردنەوەیەکی پیاوسالاری بەڕێوەی دەبات و گەیشتنی ژنان بە پۆستەکانی بڕیاردان سنووردار دەکات. ژنان لە حیزبە سیاسییەکان، حکومەت، دامەزراوە پەروەردەیی و تەندروستییەکان و تەنانەت لە بواری دادوەریشدا، ڕووبەڕووی نادادپەروەرییەکی ئاشکرا دەبنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ئەم بەربەستانە و سەلماندنی تواناکانی خۆیان.
شەڕ بارگرانییەکانی ژنانی زیاد کردووە
حەنان سیام جەختی لەوە کردەوە کە ژنانی غەززە لە ئێستادا ڕووبەڕووی قورسایی و تەنگانەی زیاتر دەبنەوە و وتی:
ئەو تەحەدییانەی کە ژنان ئێستا ڕووبەڕووی دەبنەوە، زۆر زیاترە لەوەی پێش حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئەزموونیان کردووە؛ چ لە ڕووی جووڵەکردن و گەیشتن بە شوێنی کار و دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە، چ لە ڕووی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی سەپێنراو لەلایەن شەڕەوە.
ئازار و مەینەتیی ژنان لە کەرتی غەززەدا زیاتر بووە. ئیتر کێشەکانیان تەنها لە جیاکارییەوە سنووردار نین کە لە ناو کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵکو ئێستا لەگەڵ واقیعی شەڕ، ئاوارەبوون و لەدەستدانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیش دەستەویەخەن.
ئەو ژنانەی پێشتر کاروباری خێزانەکانیان بەڕێوە دەبرد، بەدوای پەرەپێدانی پیشەی خۆیاندا دەگەڕان و گرنگییان بە گەشەی کەسی دەدا، ئێستا بەرپرسیارێتییەکی زۆر گەورەتریان لە ئەستۆیە. لە هەمان کاتدا، ئارامی و سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیش بەردەست نین».
پاڵپشتی بنەمای گۆڕانکارییە
سەرەڕای هەموو ئەم بارگرانییانە، حەنان سیام پێیوایە ژنانی فەلەستینی ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکانیان بەجێ نەهێشتووە. بە پێچەوانەوە، بوونیان لە ناو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کاری مرۆییدا بە ئاشکرا دەردەکەوێت.
ژنان لەم کەرتانەدا هەوڵ دەدەن یارمەتی ئەو کەسانە بدەن کە زۆرترین کاریگەریی شەڕیان لەسەر بووە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی لە ناوەندەکانی ئاوارەیی و چادرەکاندا دەژین.
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ژنانی کارمەند لە دامەزراوە مەدەنی و حکومییەکانیش ڕووبەڕووی هەمان بارودۆخی سەختی ژنانی دیکە دەبنەوە. بەڵام سەرەڕای سنوورداربوونی سەرچاوەکان، بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی هاوپیشەکانیان و پێشکەشکردنی هەر یارمەتییەک کە لە توانایاندایە.
حەنان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم سەختییانە، هەرچەندە قورس بن، نەیانتوانیوە هەوڵی ژنان بۆ گۆڕانکاری بوەستێنن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ ئەوەی ژنانی فەلەستینی بتوانن بگەنە پۆست و پلەکانی بڕیاردان، چ لە ناو فەلەستین و چ لە دەرەوەی وڵات، پێویستە دەرفەتەکانی بەشدارییان لە دامەزراوە نیشتمانییەکاندا فراوان بکرێت و ئەو بەربەستانەش لاببرێن کە ڕێگرن لە گەیشتنیان بە پۆستەکانی سەرکردایەتی.




