چیرۆکی سەربەخۆیی ئابووریی ژنێکی خۆڕاگر

نەجما مەحموودی تەمەن ٦٠ ساڵ کە ژینگەپارێزو خاوەن ئەزموونە، بە سکۆتەرێکی کارەبایی پێشەنگایەتی داهاتووی خۆی دەکات و بە کردنەوەی سێ پڕۆژە لە ماوەی ساڵێکدا بووەتە نموونەی سەربەخۆیی ئابووری.

چیرۆکی سەربەخۆیی ئابووریی ژنێکی خۆڕاگر

سۆرگوڵ شێخۆ

قامیشلۆ – کاتێک مرۆڤ لە ناو کۆمەڵگەدا دەگەڕێت، گەلێک نموونەی جیاواز دەبینێت، زۆر شتی نەبینراو و نەبیستراو هەن کە دەکرێت ببنە نموونە.

کاتێک لە شارێکی ڕۆژئاوای کوردستان بووین، چاومان بە دیمەنێکی نائاسایی کەوت، شوێنی کەوتین و کردمانە بابەتی هەواڵەکەمان.

لە کۆڵانێکی تربەسپی ژنێکی ژینگەپارێزمان بە سکۆتەرێکی کارەبایی خۆیەوە بینی، پێداویستییەکانی کڕیبوو و دەچووەوە ماڵەوە، بەڵام ئەوەی نائاسایی بوو ئەوە بوو کە ئەو ژنە تەمەنی ٦٠ ساڵ بوو، کەچی هاوتەریب لەگەڵ ئەم سەردەمەدا دەڕۆیشت.

بە سکۆتەرێکی کارەبایی سێ تایەیە و لە جۆری پایسکلە چینییەکانە کە بۆ گەشتی ئاسوودە و پارێزراو، بەتایبەت بۆ بەتەمەنەکان یان بۆ بەکارهێنانی خێزان و ڕۆژانە دروستکراوە، تازە هاتووەتە بازاڕەکانی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

نەجما لە شارێکی خاوەن فرەڕەنگیی کولتووریدا لەگەڵ خێزانەکەی دەژی، نەجما کە دەستی نەخستۆتە سەر دەست و داهاتووی خۆی ڕادەستی چارەنووس نەکردووە، بووە نووسەری چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی.

هەروەها دراوسێکانیشی فێری میهرەبانی، هاوکاری یەکتر و خۆشەویستی کردووە، بە ئەندازەیەک کە وتی: توانیویەتی لەو گەڕەکەی تێیدا دەژی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێزتر بکات.

زیاتر لە بەخێوکردن، نەیهێشت منداڵەکانی بێ پیشە و هونەر گەورە ببن، لەبەرئەوە لە ژیانیدا گەلێک هەنگاوی گرنگی ناوە.

تێکۆشانی دایکێک لە نێوان نەخۆشی و کۆچبەریی هەشت منداڵدا

نەجما مەحموود دایکی هەشت منداڵە، چوار کچ و چوار کوڕی هەیە، سێ کچ و دوو کوڕی خاوەن پێداویستیی تایبەتن و کچێکیشی نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە، لە دوو کوڕەکەی تری، یەکێکیان لە ئەوروپا دەژی و ئەوی دیکەشیان ئەمە هەشت ساڵە لە ڕێگای کۆچبەریدا، کاتێک دەیویست لە بۆسنەوە بپەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا، بێسەروشوێن بووە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

نەجما چیرۆکی تێکۆشانی خۆی بۆ گێڕاینەوە.

لە کاتێکدا خەڵک شەرمیان دەکرد سواری ببن، ئەو کڕی و لێی خوڕی و کوڕەکەشی فێر کرد

نەجما لە سەرەتادا ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو سکۆتەرێک لێدەخوڕێت لە کاتێکدا زۆر کەس شەرم دەکەن سواری ببن و وتی: کوڕەکەم ئەم سکۆتەرەی لە تۆڕە دیجیتاڵییەکان بینی، چوومە قامیشلۆ و لە بەیانی زووەوە بەدوایدا گەڕام تا بەرەو ئێوارە دۆزیمەوە، کڕیم و ناردمە تربەسپی، بەڵام ئێمە لە هەموو ژیانماندا ئەم سکۆتەرەمان لێنەخوڕیبوو، تا دنیا تاریک دەبوو، سکۆتەرەکەم هەڵدەکرد و لە کۆڵانەکەمان لەگەڵ کوڕەکەم دەگەڕام تا فێری بووم، ڕێنماییەکانی لێخوڕین لە کۆڵان و ڕێگای سەرەکییەکانیشی فێر کردم.

بەبێ ئاگاداریی خێزانەکەی بۆ خۆی سکۆتەرێکی کڕی

نەجمای ٦٠ ساڵ سەرەتای لێخوڕینی سکۆتەرەکەی بەبیرهێنایەوە و وتی: هەرچەندە ترسم لە لێخوڕین هەبوو، بەڵام فێر بووم، دواتر کوڕەکەم چیتر سکۆتەرەکەی نەدەدامێ تا پێداویستییەکانمی پێ لە بازاڕ بهێنم و قەدەغەشی کرد لێی بخوڕم، منیش چوومە قامیشلۆ و سکۆتەرێکم کڕی و ناردمەوە ماڵەوە، بەڵام بە خێزانەکەمم نەوت کە بۆ خۆمم کڕیوە، خێزانەکەم سەرسام بوون کاتێک بینییان بۆ خۆمم کڕیوە، ئیتر دەستم کرد بە لێخوڕینی، تا ئەوەی بوێریی ئەوەم پەیدا کرد لە بازاڕ و ناو قەرەباڵغیی هاتوچۆشدا لێی بخوڕم، تەنانەت پێی لە شارێکەوە دەچمە شارێکی تریش.

لە تێچوو و کرێی گران ڕزگاری بوو

نەجما زۆر گلەیی لە گرانیی کرێی هاتوچۆ هەبوو، بەڵام ئێستا بێ جێگرەوە نییە و لەسەر سوودەکانی سکۆتەرەکە وتی: پێداویستییەکی زۆری دوکانمان هەبوو، بەڵام کرێی هاتوچۆ زۆر گران بوو و ئەگەر ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕمان بگرتایە هیچ قازانجمان لە بەرهەمەکەمان نەدەکرد، لەبەرئەوە ئێستا دەچم پێداویستییەکان دەکڕم و دەیانهێنمە دوکانەکەم، بەبێ ئەوەی یەک لیرەش بدەم.

نەجما کە هەموو ڕۆژێک پاتریی سکۆتەرەکە بە کارەبا بارگاوی دەکاتەوە، ڕوونیکردەوە، کە دەتوانێت پێی بچێتە قامیشلۆ و بگەڕێتەوەش، وتی: هەست دەکەم ئۆ تۆمبێلی هیومدای سانتافێیەکم هەیە نەک تەنها سکۆتەرێک، خزمەتی ژیانم دەکات، لە چوون بۆ گوندەوە تا ماڵی کوڕەکەم کە پێشتر مانگی جارێک سەردانم دەکردن، هەموو ژنان هان دەدەم ئەم سکۆتەرە کارەباییە بکڕن و کارەکانی ڕۆژانەیانی پێ ڕابپەڕێنن.

جیاوازیی سکۆتەرەکە لە ماتۆڕسکیلەکان

نەجما ئاماژەی بەوەدا، کە سکۆتەرەکەی ژینگەپارێزە و لەسەر جیاوازییەکانی وتی: سکۆتەر بەدەرە لە دەنگی بەرز، خەرجکردنی سووتەمەنی و تێچووە زۆرەکانی ماتۆڕسکیل، دۆستی ژینگەیە، بێدەنگە و بێ تێچووە، تەنها شتێک کە پێویستییەتی بارگاویکردنەوەیە، بەڵام هیوادارم کارەبا بێت چونکە ئێمە لە قەیرانی نەبوونی کارەبادا دەژین.

ئەوەی پشت بە خۆی ببەستێت وەک پەپوولەیەکی ئازادە

نەجما داواکارییەکی لە ژنان کرد و وتی: دەمەوێت ئەو ژنانەی خۆیان بە لاواز دەبینن هان بدەم، هێز و لاوازیش لە ژێر کۆنترۆڵی خۆتاندایە، خۆزگە هەموو ژنان پشتیان بە هێزی خۆیان دەبەست نەک ئارەزووی کەسانی تر، ژنێک کە پشت بە خۆی ببەستێت، وەک پەپوولەیەک هەست بە خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی پشت بە دیوارێکی ڕووخاو و ناجێگیر ببەستێت، لەگەڵیدا دەڕووخێت.

لە نەخشەکانی سەر قوماشی سپییەوە بەرەو نموونە نوێیەکان

نەجما کە گەشتەکەی لەگەڵ داو و دەرزی لە دروومان و نەخشاندن لەسەر قوماشی سپییەوە لە منداڵییەوە دەستی پێکردووە، وتی: زۆر جل و بەرگ ڕیزکراون بۆ دورین، چونکە زۆر کەس دروومانی منیان خۆشدەوێت، ژنان بەرگەی دواکەوتن دەگرن تەنها بۆ ئەوەی بتوانم بیاندوورم،  یادەوەریم بەهێز و چالاکە، بۆیە لە نموونە ئەوروپیەکانەوە دەدورم بۆ سەوری و عەرەبی و تەنانەت بۆ بەتەمەنەکانیش، ئێستا خەڵکی ئەوروپا دەمناسن و جلەکانیان بۆ من دەهێنن تا بۆیان بدوورم، کە دەستم کرد بە دورین، وەک ئەوە وابوو دەرگایەکی بەختەوەریم بۆ بکرێتەوە.

لە ماوەی ساڵێکدا سئ پڕۆژەی ئابووری

نەجما کە وەک هەموو ژنێکی ئاسایی لە خۆی ناڕوانێت، توانی لە ماوەی ساڵێکدا سێ پڕۆژە بکاتەوە لە کاتێکدا هێشتا لەگەڵ کۆمەڵگەدا لە ناو تێکۆشانی هۆشیاریدایە وتی: لە ڕەمەزانی ڕابردووەوە ماڵ و دوکانمان نۆژەن کردەوە و دوو دوکانی ترمان کڕی، کارگەیەکی دروومانم بە سێ مەکینەوە کردەوە، لە هەمان کاتدا بۆ کوڕە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەشم فرۆشگایەکی پێداویستییەکانی خواردنم کردەوە، بۆ کچەکەشم ئارایشتگایەکم کردەوە، بەڵام ئەو هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتای پەرەپێدانی پڕۆژەکەیدایە.

هەنگاونان لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و نوێگەریدا

نەجما کە خاوەنی وزەیەکی وایە نایەوێت لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بێبەش بێت، وتی: حەز دەکەم هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکاندا بڕۆم و سەردەمی و هەموو شتێکی نوێ پەسەند بکەم، نەک تەنها سەیری بکەم، لێی بێبەش ببم یان خۆم وەک ژنانی سەردەمی پێشوو و کۆن هەژمار بکەم و بڵێم ئەمە لەگەڵ من ناگونجێت یان ئەمە گونجاوە، بۆیە حەزم لە نوێگەرییە و دەمەوێت بژیم و تاقی بکەمەوە.

نوێبوونەوە و فراوانکردنی پڕۆژەی دروومان

نەجما جەختی لەوە کردەوە، کە کاتێک مۆدێلێکی نوێ دەردەچێت یان کڕیارەکان دێن وێنەیەک دەهێنن یان خۆی لەسەر تۆڕە دیجیتاڵییەکان مۆدێلێکی سەرنجڕاکێش و نوێ دەبینێت، لەوە جوانتر دروستی دەکات وتی: مەکینەیەکی تر دەهێنم کە ماتۆڕەکەی کارەبای زۆر نەخوات، چونکە مۆدێلی ماتۆڕی مەکینەیەکی لای من کۆنە.

تا ژن پابەندی پیاوێک بێت، لە ژیانی خۆی لەم جیهانەدا بێبەش دەبێت

نەجما ئاماژەی بەوەدا، کە ئەگەر ژنێک بە پابەندی پیاوێک بمێنێتەوە، ژیانی لەم جیهانەدا نامێنێت و لەسەر ئەزموون و سەرکەوتنەکانی وتی: بە مەکینەیەکی دروومانی پەپوولە دەستم پێکرد کە بە ١٣ هەزار لیرەی سووری کڕیبووم، بە دەستی خۆم دەمخولاندەوە و دەمدووری، دواتر ماتۆڕێکی کارەباییم بۆ کڕی، پاشان مەکینەی باشتر دەرچوون و دوو مەکینەی ژاپۆنیم کڕی، هەمیشە هەوڵ دەدەم سەربکەوم.

نەجما کە نە خوێندنەوە دەزانێت و نە نووسین، نیگارکێش و بەرگدرووە، ئاماژەی بە بونیادنانی کەسایەتیی خۆی کرد وتی: بە هەوڵی خۆم فێر بووم چونکە دەرفەتی فێربوونی پیشەکان نەبوون، لەبەرئەوە دەرفەت بە خۆم دەدەم پشوو بدەم تا بتوانم بە وزەیەکی ئەرێنی و وردبینییەکی زیاترەوە بگەڕێمەوە.

پیشە و کارگەکەی گۆڕی بۆ ناوەندێکی ڕاهێنانی ژنان

نەجما ڕوونیکردەوە، کە کچەکانی لە کارگەکەیدا ڕاهێنان دەکەن و خولەکەیان تا کۆتایی ساڵی خوێندنیان کراوە دەبێت و لە کۆتاییدا بەم شێوەیە باسی ڕاهێنانی ژنانی کرد: خولێکم بۆ هەندێک ژن کردبووەوە، ئێستا لە من لە درووماندا وەستاترن، جارێک کچێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت و کۆمەڵێک کچی ترم ڕاهێنا، دوای ماوەیەک ئەو کچە بووە بەرگدروویەکی لە من باشتر، چونکە هیوایەکی گەورەم پێدا و بوومە پاڵپشت و پشتیوانی،  کچە نابیستەکەشم فێری دروومان و نووسینەوەی پەرتووکی پیرۆزی قورئان کردووە، کچێکیشم ئەندازیارە، بەهرە لە دەستی ژناندایە.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.