توندوتیژی دیجیتاڵی هەڕەشە لە ژنان دەکات و زیرەکی دەستکرد مەترسییەکان دوو هێندە دەکات

پسپۆڕان هۆشدارییان دا لە هەڵکشانی توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان، لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشە و ناوزڕاندن و ساختەکاری بە زیرەکی دەستکرد، جەختیان لە گرنگی هۆشیاری و پاراستنی یاسایی و دەروونی بۆ زیانبەرکەوتووان کردەوە.

توندوتیژی دیجیتاڵی هەڕەشە لە ژنان دەکات و زیرەکی دەستکرد مەترسییەکان دوو هێندە دەکات

هیبە محەمەد

میسر ـ کردەوەکانی هەڕەشە و ناوزڕاندنی ئەلیکترۆنی بوونەتە ئامرازێک بۆ ترساندنی ژنان و منداڵانی کچ و تێکدانی سەقامگیری دەروونی و کۆمەڵایەتییان، بەتایبەتی لە سایەی قۆستنەوەی تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد لە لێکدانی وێنە و لاساییکردنەوەی دەنگ و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی ساختە کە بۆ ئەو کەسانەی پسپۆڕنین دۆزینەوەی ئەستەمە، ئەمەش ئەو ئاڵەنگارییانەی زیاد کردووە کە ڕووبەڕووی خێزان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەبنەوە.

پێویستی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ زیانبەرکەوتووان

لەم چوارچێوەیەدا، ڕانیا سبانو، سەرۆکی ناوەندی سەرکردایەتی ژنانی عەرەب و سووریا لە بەریتانیا، هۆشداری دا لە مەترسی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی و لێکەوتەکانی کە ڕەنگە زیانبەرکەوتووەکە تێپەڕێنێت و هەموو خێزانەکە بگرێتەوە، وتی: بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە لە بونیادنانی متمانە لەناو خێزان و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارامەوە دەستپێدەکات کە ڕێگە بە منداڵان بدات ئەوەی ڕووبەڕووی دەبنەوە باسی بکەن بەبێ ترس لە سزادان.

جەختی لەوە کردەوە، کە خێزان هێڵی بەرگری یەکەمە لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەدا، مامەڵەکردن لەگەڵ زیانبەرکەوتوو دەبێت لەسەر بنەمای لەخۆگرتن و پاراستن بێت نەک دادگاییکردنی کۆمەڵایەتی، وتی: دادگایی منداڵەکانتان مەکەن ئەگەر ڕووبەڕووی هەڕەشە بوونەوە، بەڵکو لە باوەشیان بگرن و بیانپارێزن، مەهێڵن ترس لە کۆمەڵگە بەهێزتر بێت لە متمانەی منداڵان بە خێزانەکانیان.

ڕانیا سبانو پێی وایە لاوازی هۆشیاری خێزانی و یاسایی و دیجیتاڵی لە دیارترین ئەو هۆکارانەن کە یارمەتیدەرن بۆ بڵاو وونەوەی دیاردەکە، ئاماژەی بەوەدا ، کە مەترسی ئەم تاوانە دوو هێندە بووە لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد و ساختەکاری قووڵ، کە ڕێگەیان داوە بە بەرهەمهێنانی وێنە و گرتەی هەڵبەستراو کە لە ناوزڕاندن و تۆڵەسەندنەوە و زیانگەیاندن بە ناوبانگدا بەکاردەهێنرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم تەکنیکانە ڕەنگە هەر کەسێک بخەنە بەردەم بەئامانجگرتن تەنانەت لە نەبوونی هیچ وێنە یان ماددەیەکی ڕاستەقینەدا کە تاوانباری بکات، داوای بەهێزکردنی پاراستنی یاسایی و دەروونی بۆ زیانبەرکەوتووان و خێراکردنی کاراکردنی یاساکان و مسۆگەریکردنی نهێنیپارێزی سکاڵاکانی کرد.

لێکەوتەکانی هەڕەشە و ناوزڕاندن تەنها لە ڕووخانی دەروونی یان تێکدانی پەیوەندییە خێزانییەکاندا ناوەستن وەک ڕانیا سبانو ڕوونیکردەوە، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە پەرەبسێنن بۆ تاوانی مەترسیدارتر، لە ئەنجامی ترس لە شەرمەزاری و سزا توندەکانی کۆمەڵگە.

هۆشیاری هێڵی بەرگری یەکەمە

مونا بابلی، پسپۆڕی پەیوەندییە دامەزراوەییەکان و ڕاوێژکاری کارسازی جەختی لەوە کردەوە، کە هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی چیتر تەنها هەڵوێستی تاکەکەسی نییە کە بە ڕێکەوت ڕووبدەن، بەڵکو بووەتە قەیرانێکی ڕاستەقینە کە بەرۆکی زۆر ماڵ دەگرێتەوە، لە سایەی فراوانبوونی هاوبەشکردنی وردەکارییەکانی ژیانی کەسی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، قۆستنەوەی ئەم زانیاری و وێنانە لەلایەن هەڕەشەکارانەوە بۆ فشارخستنە سەر زیانبەرکەوتووان.

ڕوونیکردەوە، هەڕەشەکار مەترسیدارترین خاڵی مرۆڤ دەکاتە ئامانج، کە ئەویش ترسی ناوزڕاندنە، بۆ ئەوەی زیانبەرکەوتووەکە بخاتە ژێر فشارێکی دەروونی توندەوە کە توانای بیرکردنەوەی دروستی لێ دەسەنێتەوە، بەرەو گۆشەگیری و تۆقین و هەستکردن بە تاوانی دەبات، سەرەڕای ئەوەی ئەو زیانبەرکەوتووە نەک تاوانبار.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەمە کەسانی بێتاوان دەخاتە بەردەم مەترسی هەراسانکردن و ناوزڕاندن و تۆمەتی درۆ، هەروەها کۆمەڵگە زیاتر دەکاتە زیانبەرکەوتووی باوەڕکردن بە ناوەڕۆکی ساختە و بڵاوکردنەوەی بەبێ دڵنیابوونەوە لە ڕاستی و دروستییەکەی، ئەمەش پێویستی بە پەرەپێدانی ئامرازەکانی پشکنین و بەدواداچوونی هونەری، بەهێزکردنی یاسادانان و ڕێکارە یاساییەکان هەیە بۆ هاوشانبوون لەگەڵ خێرایی بڵاوبوونەوەی تاوانە دیجیتاڵییەکان و سەلماندنی ڕووداوەکانی ساختەکاری و پاراستنی مافی زیانبەرکەوتووان.

جەختی لەوە کردەوە، کە هۆشیاری هێڵی بەرگری یەکەمە، کولتووری پارێزراوی دیجیتاڵی و زانینی مافە یاساییەکان دەبێت ببنە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە لەناو خێزان و قوتابخانە و زانکۆدا، سەرەڕای ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ناساندنی ڕێگاکانی خۆپاراستن و میکانیزمەکانی سکاڵاکردن.

مونا بابلی پەیامێکی ئاراستەی هەموو کەسێک کرد، کە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە، تێیدا داوای کرد بەدەم هەڕەشەکانی هەڕەشەکارەوە نەچن، یان نامە و وێنە و گفتوگۆکان نەسڕنەوە کە دەکرێت ببنە بەڵگە لەسەر ئەنجامدانی تاوانەکە، لەگەڵ پێویستی داواکردنی یارمەتی و سکاڵاکردنی دەستبەجێ، هەروەها خێزان دەبێت ببێتە پانتاییەک بۆ ئارامی و لەخۆگرتن نەک سەرچاوەیەک بۆ ترس و سزادان.

لە ڕووی یاساییەوە، ئاماژەی بە بوونی یاسادانان و لایەنی تایبەتمەند کرد لە وەرگرتنی سکاڵاکانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵیان بە نهێنی و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی لە میسردا، بەڵام ئاڵەنگاری سەرەکی بریتییە لە ناساندنی ئەم میکانیزمانە بە هاوڵاتیان، بونیادنانی متمانە لای زیانبەرکەوتووان بۆ هاندانیان لەسەر سکاڵاکردن و دڵنیابوونەوە لەوەی کە یاسا پارێزگارییان بۆ دابین دەکات.