هەوڵ بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەدرێت

ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان گفتوگۆیەکی تایبەتی بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ئەنجامدا، تێیدا چەندین بیروڕای جیاواز ئاڵوگۆڕکرا، بەشێکیشیان ڕەخنەیان لە یاساکە و پێشنیازەیاسا نوێکەش هەبوو.

هەولێر

 

ئەمڕۆ ١٥ی کانوونی یەکەم لە ئوتێل چوارچرای شاری هەولێر لەلایەن ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ گفتوگۆیەکی ڕاوێژکاری تایبەت بە ڕەشنووسی هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان ئەنجامدر.

 

 لە ڕۆژی ٢٤ تشرینی دووەم پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، تێیدا داوا لە هەردوو لیژنەی یاسایی و داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان کرا تا ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی ئەو پێشنیازە یاسایەوە ئامادە بکەن، ئێستاش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان خوێندنەوەی خۆیان بۆ پێشنیازە یاساکە ئەنجام دەدەن.

 

لە گفتوگۆ ڕاوێژکارییەکەدا نزیکەی ٣٠ کەسی پسپۆڕ لە بوارەکانی یاسا، دادوەر و داواکاری گشتی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، مامۆستایانی بەشی یاسای زانکۆکان ئامادەبوون.

 

دوای خوێندنەوەی ڕەشنووسی پێشنیازە یاساکە لەلایەن ئامادەبووانەوە چەندین سەرنج و تێبینی خرایە ڕوو، لەوانەش ناوی پێشنیازە یاساکە، ئەو کردارانەی وەک نمونەی تاوان خراونەتە ڕوو، نەبوونی سزاکان لە پێشنیازە یاساکەدا، باسکردنی هەندێک لە تاوانەکان لە کاتێکدا ئەو تاوانانە لە یاسای دیکەدا باسکراون و سزای بۆ دانراوە.

 

پاش گفتوگۆکە ئامادەبووان کرانە سێ گروپ تا هەر گروپێک بەپێی تێبینییەکانی خۆی کەموکورتییەکانی پێشنیازە یاساکە چارەسەر بکات.

 

تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی یاسا و مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد هەوڵیانداوە لە زۆرینەی بوارەکاندا کەسانی شارەزا بەشداری گفتوگۆکە پێبکەن، تا زۆرترین پێشنیار و سەرنج لەبارەی پێشنیازە یاساکە وەربگرن، وەک ئەرکی خۆیان بۆ باشترکردنی یاساکە لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیان ئەم چالاکیانە ئەنجام دەدەنز.

 

 سارا دڵشاد، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان و پێکهاتەکان بە نوژنهای ڕاگەیاند، ئەم چالاکیانە بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری ئەندام پەرلەمانەکانە، هاوکات یاساکان بەپێی قۆناغەکان پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە.

 

تاڤگە عەباس، مامۆستای بەشی یاسای زانکۆی سەڵاحەدین، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێشنیازەیاساکە پێویستی بە چەندین گۆڕانکاری هەیە، لەوانەش پێویستە ناوی یاساکە بگۆڕێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، هاوکات دەبێت لە یاساکەدا ماددە یاساییەکان بۆ سزاکان بوونیان هەبێت، دەبێت ئەو تاوانانەی وەک نمونە باسی کراوە وەک تاوان بە ناو بکرێن نەک تەنها وەک نمونەیەک بۆ تاوانەکان.