دۆخی ژنان لە زیندانی ناوەندیی ئورمیە

ئەو ژنە زیندانییانەی کە لە بەشی ژنانی زیندانی ناوەندی ئورمیە دەستبەسەرکراون، بەهۆی زۆریی ژمارەی زیندانیان و نەبوونی شوێنی تەندروستییەوە لە دۆخێکی خراپدان و سەرەڕای ناڕەزاییە بەرفراوانەکان تا ئێستا هیچ وەڵامێک بۆ داواکاریی زیندانیان نەخراوەتە ڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دەیەکانی دوای ئینقلابی ئیسلامی لە ئێران و بە هۆی بارودۆخی سیاسی تایبەتی ئەو وڵاتەوە،  بارودۆخی زیندانەکانی ئێران گۆڕانکاری زۆری بەخۆوە بینیوە و زیندانەکانی ژنانیش بێبەش نین لەم گۆڕانکارییە.

 

زیاتر لە ٤ هەزار زیندانیی لە زیندانی ناوەندی ئورمیە هەن کە بە سێیەمین زیندانی گەورەی ئێران ناودەبرێت، نزیکەی ٤٠٠ کەسیان ژنن، ١٠٠ کەسیش سزای لەسێدارەدانی هەیە، زۆرێک لە زیندانییەکان کوردن و لە دۆخێکی خراپدان، چاوپێکەوتن و سەردانییەکانیش قەدەغە کراون.

 

لە بەشی ژنانی زیندانی ناوەندی ئورمیە، چوار ژووری جیا هەیە کە ٣٦ قەرەوێڵەی هەیە، لە هەر ژوورێکدا بەلایەنی کەمەوە ٤٠ زیندانی هەن، بەهۆی کۆت و بەندە نوێیەکانەوە، زیندانیانی ژن ڕووبەڕووی زەحمەتی و زۆری ژمارەیان لە ژوورەکاندا دەبن.

 

تەندروستی ژنان بابەتێکی گرنگە کە لەو زیندانانەدا پشتگوێ دەخرێت و گەرماوی ناگونجاو و ژووری پشوودانی پێویستیان نییە، هەروەها ژنان تووشی نەخۆشی هەوکردنی میزەڵدان دەبنەوە زیاتر لە پیاوان، کە بە نەخۆشییەکی مەترسیدار دادەنرێت ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت.

 

سەرەڕای زۆری ژمارەی زیندانیان لە ژوورەکاندا، ئەو دایکانەی منداڵیان هەیە و لەخوار شەش ساڵەوەن دەبرێتە ژوورەکان و لەگەڵ دایکیان زیندانی دەکرێن، چونکە هیچ کەسێکیان لە دەرەوەی زیندان نییە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ڕۆژانە ڕۆژانە پاسەوانی زیندانەکان کە پیاون سوکایەتی و بێڕێزیکردن بە زیندانییە ژنەکان دەکەن و بە "بێ ئەخلاقی" ناویان دەبەن.

 

زیندانی ناوەندی ئورمیە، ناسراو بە زیندانی دەریا، دەکەوێتە سەر ڕێگای ئورمیە-تەبرێز و ١٥ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری ئورمیە دوورە، زیندانەکە ١٧ بەشی هەیە و تۆمەتبار، کەیسی سیاسی و ئەمن و تاوانی ئاسایی تێدا زیندانییە.

 

ت.پ