بانوو هەڵەبجەیی: ئەندامەکانمان بۆ پشتیوانی ژنانی شەنگال چوون
ماوەی پێنج ڕۆژە سێ ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان کە بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی شەنگال چوبوونە شەنگال، لەلایەن پەدەکەوە دەستگیر کراون و هیچ زانیارییەکان لەسەر نازانرێت.
شنیار بایز
سلێمانی- ٣ی ئاب شاندێکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی یادکردنەوەی حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی گەلی شەنگال سەردانی شەنگالیان کرد، ئامانجی سەردانییەکەی ڕێکخراوەکە پاڵپشتیکردنی گەل بە گشتی و ژنانی شەنگال بە تایبەتی بوو، بەڵام دوای گەڕانەوەیان لە بازگەی کەڵەک لە شاری هەولێر لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە دەستگیرکراون، ماوەی پێنج ڕۆژە زانیارییەک لەسەریان نییە.
بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، دەربارەی سێ ئەندامەکەی ڕژاک کە لەلایەن پەدەکەوە دەستگیر کراون ڕوونکردنەوەی دا و وتی: "ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ڕێگە پێدراوین لەلایەن حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستانەوە، دەتوانین سەردانی هەر شوێنێک بکەین کە دەمانەوێت".
ئاماژەی بەوەشدا، لە ٣ی ئابدا و یادی حەوت ساڵەی جینۆسایدکردنی گەلی شەنگال، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، ئەخلاقی و مرۆڤایەتی هەستان بە ناردنی شاندێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی یادکردنەوەی جینۆسایدکردنی شەنگال، مەبەست لەم سەردانیکردنەش پاڵپشتی کردن بوو لە گەلی شەنگال و خۆبەڕیوەبەری شەنگال و ئەو ژنانەی ڕزگاربووی دەستی داعشن.
بانوو وتیشی: دوای ڕۆژێک لە سەردانیکردنەکە و لە کاتی گەڕانەوەی شاندەکە لە بازگەی کەڵەکی شاری هەولێر، هەر سێ ئەندامی ڕێکخراوەکە "خەولە محەمەد حەسەن، جوانا عەبدولباقی و سەیران ئەحمەد حەسە" دەستگیرکراون، تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان نییە.
هەر بۆیە بانوو هەڵەبجەیی داوا لە گشت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان دەکات کە بەرگری لەو سێ ئەندامە ژنە بکەن و داوای ئازادکردنیان بکەن و ببنە پاڵپشتێک بۆ ڕێکخراوەکەیان.
ئەوەشی ئاشکرا کرد لەگەڵ ئەوەی پارێزەریان بۆ سێ ئەندامەکەیان دابین کردووە، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ کارەکان دوادەخرێن و زانیارییان لەبارەوە نادرێت، لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی حکومەت تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە بەرامبەر دەستگیرکردنی سێ ژنی چالاکوان.
ت.پ