لە دووەمین کۆنفرانسی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ئەزموونەکانی ژنان باسکرا
دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دوای نزیکەی هەشت ساڵ بەڕێوەچوو، لە ساڵی ٢٠١٣ یەکەمین کۆنفرانسی ژنان لە ئامەدی باکوری کوردستان بەڕێوەچوو، دووەمین کۆنفرانسیش لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەڕێوەدەچێت.
بەیروت
لە یەکەمین پانێڵدا باس لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و کاریگەریان لەسەر ژنان کرا، دانیشتنی دووەم، دەستەبژێرێک بوو لە ئەزموونەکانی خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، هەروەها ئەزموونی ژن لە سیاسەتدا، بە تایبەت ئەزموونی ژنانی کورد لە تورکیا، بە وتەیەک باس لە ئەزموونی ڕۆشنبیریی ژنان لە لوبنان کرا، هەروەها تیشک خرایەسەر واقیعی ئابووری ژنان لە ئوردن و باس لە خەباتی کۆمەڵایەتی ژنان لە عێراق کرا .
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا کە دکتۆر رەبەح فارسی بەڕێوەی دەبرد، باسی لە ئەزموونی خەباتی ژنان لە لیبیا کرد و وتی: ئێمە وەک ژنانی لیبی لەسەر ئەوە ڕێککەوتووین کە پرسی هاوبەشمان نیشتیمانە، پرسی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر چیتر بنەما کە نییە، سەرەڕای جیاوازی نێوانمان، بەڵام وەک ژن لەسەر خاڵ و ئامانجی هاوبەش ڕێککەوتین.
ئەزموونی ژنانی تونس
دکتۆر سلوی قەیقا، وتارێکی لەبارەی ئەزموونی ژنانی توونس پێشکەشکرد و گەڕایەوە بۆ مێژووی نەهێشتنی فرەژنی لە تونس، باسی لە ئەزموونی یاسایی ژنانی تونس کرد، جەختی کردەوە کە هەموو ئەو دەسکەوتانەی ژنانی تونس بەهۆی ئەو تێکۆشانە درێژخایەنانەوەیە کە لە سەرەتای سەدەوە دەستیان پێکردوە و تا ئەمڕۆ ئەو تێکۆشانانە کۆتایی پێنەهاتووە.
ئەزموونی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
ئاسیا عەبدوڵا، وتارێکی لەبارەی ئەزموونی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشکەشکرد و باسی لە خەباتی ژنان لە دژی چەتەکانی داعش کرد و وتی: ئەوەی شەڕی داعشی کردووە ئەو ژنەیە کە شەڕی کردووە، ئەو ژنەیە کە چەندین شەهید و برینداری داوە کە خۆیان بۆ کەرامەتی ژنان بەخت کردووە" .
وتیشی: لەسەر بنەمای ئەو تێکۆشانە هەموو ژنان یەک ئامانجیان هەیە و لە یەک سەنگەردا بۆ بونیادنانی سیستمی دیموکراتی ئازادی ژن دەوەستنەوە".
ئاسیا عەبدوڵا باسی لەوەشکرد:"ژنان بناغەی سیستمی خۆبەڕێوەبردنن، ئەوە ئەزموونی دیموکراتییە، ئەم سیستمە دیموکراتییە بە تێکۆشانی ژنان دروستکراوە، 40٪ی کرێکاران ژنن، 70٪ی بوارەکانی پەروەردەیی و تەندروستی ژنن”.
هاوکات سوعاد عەبدوڵا باسی لە ڕۆڵی ژنانی فەلەستین کرد لە خەباتی ژناندا و وتی: لە مێژووی خەباتی ژنانی فەلەستینی لە سیەکانی سەدەی ڕابووردەوە چەوساندنەوەی گەلی فەلەستینی و گەلی کورد هاوشێوەبوون.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا نێڤین عوبێد لە میسرەوە بەشدارییکردبوو وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختی لەسەر گرنگی بەکارهێنانی سایتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردەوە لەسەر کێشەکانی توندوتیژی دژی ژنان بە نیشاندانی پشتیوانی و داکۆکی لە پرسی ژنان، ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ گۆڕانکارییەک بەبێ گۆڕان لە ناو خێزاندا ناکرێت.
کۆنفرانسەکە سبەینێ ٣١ی تەمموز بۆ ڕۆژی دووەم بەردەوام دەبێت و تێیدا گفتوگۆ دەکرێت دەربارەی دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەر بۆ کێشەکانی ژنان و پێشنیار و پلانی خەباتی هاوبەشی ژنان دەخرێتە ڕوو.