ئاستەنگی، هۆکار و ڕێگەچارەسەری بۆ کێشەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا
دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە، لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا بە سێ گروپ ژنانی بەشداربوو وۆرک شۆپێکیان پێشکەش کرد.
بەیروت
بەیانی ئەمڕۆ دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە دووەم ڕۆژیدا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەردەوامە، لە سەرەتای کۆنفرانسەکەشدا بە سێ گروپ ژنانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە وۆرک شۆپێکیان دەربارەی ڕێگاکانی کاری هاوبەش کار بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشە و ئاستەنگییەکان.
ئاستەنگییەکانی ژنان لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە
یەکەم گروپی وۆرک شۆپ لەلایەن سەمەر سەهیون و بوشرا ئەبو قەیس دەربارەی "ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا" بەڕێوە دەبرێت.
ژنانی بەشداربوو باسیان لەو ئاستەنگیانە کرد کە لە ڕووی سیاسی، یاسایی و ئابورییەوە دێتە بەردەمیان، هەروەها ئاماژە بەوەکرا کە دۆخی سیاسی و قەیرانە ئابورییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژنان هەیە، لە ئێستادا زۆرینەی وڵاتان کێشەی بەڕێوەبردنی وڵاتیان هەیە و دەسەڵات و حکومەتەکان نەیانتوانیوە ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکەن، بەو هۆیەوە کێشە و قەیرانەکان لەو وڵاتانەدا سەریهەڵداوە و ژنانیش بەشێکن لە زەرەرمەندی دۆخەکە.
هەروەها باس لەوە کرا، کە یاسای وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا سەروەر نییە و ژنان لە ژێر ئەو یاسایانەدا دەکوژرێن و ناچار بە کوشتن دەکرێن، یاساکانیش پارێزگاری لە بکوژان دەکات.
هەروەها هێنرایە سەر زمان کە سیاسەت و دابونەریتی کۆمەڵگە ژنان بێدەنگ دەکەن و ڕێگرن لە بەرەوپێشچوونی ژنان.
چۆنیەتی هاوسەنگی کردن لە نێوان ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.
گروپی دووەم لە وۆرک شۆپەکەدا باسیان لەوەکرد کە چۆن بتوانرێت بۆ کاری هاوبەشی ژنان یەکسانی لە نێوان ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بکرێت، لەلایەن هیبە حەدادین و ئیلهام متەلی بەڕێوەدەبرێت.
لەم گروپەدا ژنان گفتوگۆیان لەسەر گرنگی ئاگاداری و هۆشیاری ژنان کرد لەسەر دۆزی ژنان لە وڵاتە جیاوازەکان، ئاماژە بەوەکرا کە پێویستە ژنان تەنها ئاگاداری دۆخی وڵاتەکەی خۆیان نەبن، بەڵکو سەبارەت بە ڕەوشی ژنان لە وڵاتە جیاوازەکان ئاگاداریان هەبێت و پەیوەندی لە نێوان ڕێخراوەکانی ژنان بە شێوەیەکی تۆکمە هەبێت.
هەر لەم گروپەدا باس لەوە کرا، پێویستە پەیوەندییەکی تۆکمە لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنان لە وڵاتە جیاوازەکان هەبێت تا بتوانرێن کار و چالاکی هاوبەش بکرێت.
بنەما سەرەکییەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانی ژنان، ئامانج و ڕوانگەکانی
گروپی سێیەمی وۆرک شۆپەکە گفتوگۆیان لەسەر بنەما سەرەکییەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانی ژنان، ئامانج و ڕوانگەکانی کرد، لەلایەن هیبە سەید مستەفا و ڕوشن سید ئۆغلۆوە بەڕێوە برا.
لە وۆرک شۆپەکەدا باس لە میکانیزمی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک کرا لە نێوان ژنانی ڕێکخراوەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقادا، هەروەها بڕیار درا کە کۆمیتەیەکی ئامادەکار پێکبهێنرێت لە ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنان تا لە دواتردا ئەندامانی بەڕێوەبەری بۆ هاوپەیمانییەکە و پلان و پرۆژەی هاوپەیمانییەکە پێکبهێنرێت.
کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامەلە کارکردن و لە کاتژمێرەکانی دواتردا ئەنجامی وۆرک شۆپەکان پێشکەش دەکرێن.
ت.پ