بڕیاری هاوپەیمانی ژنان درا لە دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا

لە دووەمین ڕۆژی دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بڕیاردا کە هاوپەیمانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دابمەزرێنرێن.

 

تەوار پێنجوێنی

بەیروت- ئەمڕۆ ڕۆژی کۆتایی دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەڕێوەچوو، لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا بە شێوەی سێ گروپ وۆرک شۆپ دەربارەی " ئاستەنگی، هۆکار و ڕێگەچارەسەری بۆ کێشەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا" ژنان گفتوگۆیان کرد.

پاش تەواو بوونی کاری گروپەکان ئەو دەرئەنجامەی لە گفتوگۆی نێوان بەشداربووانی وۆرک شۆپەکە بەدەستخرا، لە پانێڵێکدا کە لەلایەن کنێر عەبدوڵا، نوێنەری یەکێتی ژنان لە باشوری کوردستان، بەڕێوەبرا، گفتوگۆی لەسەر کرا و ژنان ڕاوبۆچونی خۆیان دەربارەی خاڵە گرنگەکان خستەڕوو.

لە پاش تەواوکردنی گفتوگۆکان، سینەفزیۆنی تێکۆشانی ژنان پێشکەشکرا، پاشان وتاری یەکینەی پاراستنی ژن-یەپەژە پێشکەشکرا، تێیدا پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی کۆنفرانس کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە پێویستە تێکۆشانی ژنان یەکبخرێن تا بتوانن بە هەماهەنگی دژی زوڵم، گوشار و توندوتیژی بۆ سەر ژنان ببنەوە.

پاشان دەربارەی خەباتی ڕزگاریخوازی ژن، شۆڕشی ڕۆژئاوا و تێکۆشانی ژنانی کۆبانێ و عەفرین لە بەرامبەر  کورتە فیلمێکی دیکۆمێنتاری پێشکەش بە ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە کرا.

لە پانێڵێکدا کە لەلایەن زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، نیعمەت کۆکۆ، چالاکوانی سیاسی و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان لە وڵاتی سودان، بەڕێوەبرا، تێیدا پێشنیار و پلانی کاری داهاتووی کۆنفرانسەکە و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ژنان بۆ چالاکی هاوبەش کرا، پاشان بە کۆی دەنگ بڕیاردرا کە پلاتفۆڕمێکی ژنان بە ناوی "هاوپەیمانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا" دابمەزرێنرێت.

هەر لەناو بڕیارەکەدا هاتووە کە لە ماوەی ٦ مانگدا کاری هاوپەیمانێتییەکە تەواو بکرێت و کۆمیتەیەکی بەڕێوەبەری پێکبهێنرێت کە هەر وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای تێدا بێت.

 

هەروەها بڕیاردرا کە هاوپەیمانییەکە ڕاگەیاندنی تایبەت بەخۆی هەبێت، ژنان لەڕێگەی ئۆنلاینەوە پەیوەندی بەردەوام هەبێت بۆ کاری هاوبەش، هەروەها چالاکی هاوبەش و ئاگادارکردنەوەی ژنانی وڵاتانی بەشداربووی هاوپەیمانییە لەسەر دۆخی ژنان پێکبێت.

ماوەی دوو ڕۆژی کۆنفرانسەکە کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، بەناوی "شارستانیەتی دیموکراتی" بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا.

لە کۆتاییدا ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە خوێندرایەوە و ئەو بڕیارانەی لەناو کۆنفرانسەکەدا درا، بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەندرا.

ت.پ