ژنان نەک مافیان پێنادرێت، مافەکانیشیان لێ زەوت دەکرێت

ژنان لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بێبەشدەکرێن بەتایبەت لە کۆمەڵگای کوردیدا، پارێزەرێکیش مافەکانی ژنان لە یاسادا و دوای جیابوونەوە لە ژنهاوە ڕووندەکاتەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی-  لەوکاتەی ژن هاوژینگیری لەگەڵ پیاوێک دەکات و دواتر پیاوەکە دەبێتە دێوەزمەی ژیانی، توندوتیژییەکان زیاد دەکەن و منداڵ دەبێتە قوربانی، لە هەندێک حاڵەتدا ژنان لەبەر خێزان و منداڵەکانی توندوتیژییەکان پەسەند دەکات و ناچار بە دانیشتن دەبێت لەناو ماڵەکەیدا، ئەگەر ژنێکیش بڕیاری ژیانێکی سەربەخۆ بدات دەبێتە قوربانی کۆمەڵگە و یاساکان و مافەکانی بە تەواوی پێنادرێت.

 

لانە ناوێکی خوازراوە بۆ ژنێک کە بە حەسرەتی یەک جار نوستنی کچە ٩ ساڵانەکەیەتی لە باوەشیدا، لانە یەکێکە لەو هەزاران ژنەی بەهۆی خراپی هاوژین و ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژیانی سەرەوژێر بووە، بەڵام لە کۆتایدا توانیویەتی ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکان ببێتەوە.

 

لانەی گەنج هاوژینگیری لەگەڵ پیاوێک دەکات کە جیاوازی تەمەنیان ١٠ ساڵ زیاترە، وەک لە وتەکانیدا ئاماژەی پێکردووە ژیانی بێ کێشە بووە تا ئەوکاتەی هاوژینەکەی داوای منداڵێکی لێدەکات پاش دوو ساڵ دەبنە خاوەنی منداڵێک، بەڵام لەجیاتی ئارامی و دڵخۆشی، لانە ڕووبەڕووی لێدان دەبێتەوە، لانە دەڵێت: "ڕاستەوخۆ دوای منداڵەکەم هاوژینەکەم تەواو لەگەڵم گۆڕا، بەردەوام شەڕمان بوو، لێی دەدام، دەرگای لەسەر دادەخستم بۆ ماوەیەکی زۆر، بەردەوام نهێنی شاراوەی هەبوو، نەیدەهێشت هیچ کام لە خێزانەکەم سەردانم بکەن و بە زۆر دەیهێشت سەردانی خێزانەکەم بکەم، هەموو کاتێک پاش گەڕانەوەم لە ماڵی باوکم لێی دەدام".

 

ژن لە پێناو منداڵدا توندوتیژی و زەحمەتییەکان قبوڵ دەکات

پەیوەندی لانە و هاوژینەکەی بەرەو نەمان دەچوو، بە بیانووی کار و ماندوویەتی، هاوژینەکەی هیچ گوێی بە لانە نەدەدا، تەنها لەوکاتانەدا نەبێت کە خۆی خواستی لێی بوو، خراپی ئەو پیاوە کاریگەری کردبووە سەر منداڵە بچکۆلەی ماڵەکەش، وەک لانە دەڵێت ڕۆژ هەبووە منداڵە کچەکەی بە حەسرەتی ٢٥٠ دینار بووە تا بچێت نوقوڵێک بکڕێت کە دڵی دەیەوێت، بەڵام لە ڕەزیلی باوکەکەدا چەندین جار دڵی منداڵەکەی شکاندووە.

 

لە پێناو منداڵەکەیدا لانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توندوتیژی زیاتری لە هاوژینەکی قبوڵ دەکرد، تا وای لێهات خێزانی لانە هەڵدەستن بە بردنەوەی کچەکەیان، لەوڕۆژەی دەچنە ماڵی لانە دەبینن نەک دەرگایەک بەڵکو دەرگا و پەنجەرەی هەموو ماڵەکە بە قوفڵ لەسەر لانە داخراوە.

 

لە پاش ڕۆیشتنەوە بۆ ماڵی باوکی، لانە داوای جیابوونەوەی بەرزکردووەتەوە و هاوژینەکەی پێی ڕازی بوو، بەڵام بەو مەرجەی کە ئەو دایکە منداڵەکەی نەبینێت، هەڕەشەش دەکات ئەگەر کچەکەی هەرچیەکی بەسەر بێت هۆکارەکەی لانەیە، خێزانی لانە و یاسا پشت دەکەنە لانە و منداڵەکە دەدەنەوە پیاوەکە.

 

بەپێی یاسا منداڵ دەبێت لای دایکی بێت

بە پێی یاسا منداڵ دەبێت تا ١٥ ساڵی لای دایک بێت، بەڵام بۆ لانە یاسا کار ناکات بەڵکو کۆمەڵگا و ئەقڵیەتی پیاو سالاری کار دەکات، لە ئێستاشدا نە خێزانی لانە نە هاوژینی پێشووەی ڕێگە نادەن شەوێک لەگەڵ منداڵەکەیدا بەسەر بەرێت، تەنانەت هاوژینەکەی ڕێگری لێکردووە لەگەڵی بچێتە هیچ جێگەیەکی وەک پارک، بازاڕ بەڵکو دوو هەفتە جارێک بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر ڕێگە بە بینینی دەدات، ڕاشیگەیاندووە هەرکات هاوسەرگیری بکاتەوە ناهێڵێت چاوی بە منداڵەکەی بکەوێتەوە.

 

ئایا ژنان لە پاش جیابوونەوە مافی یاسایی بەدەست دەهێنن؟

هاوژین ئەحمەد، پارێزەری ڕاوێژکار باس لە مافە یاساییەکانی ژنان لە پاش جیابوونەوە لە هاوژینەکەی دەکات و کۆی پڕۆسەی جیابوونەوە شیدەکاتەوە، بە دیاردەیەکی ترسناکی کۆمەڵایەتی و کارەساتی کۆمەڵگەی ناودەنێت، پێشی وایە هەندێک کات هۆکارە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی تاک.

هەروەها وتی: بە پێی یاسا ژن لە پاش جیابوونەوە دەبێت کۆمەڵێک مافی پێبدرێت لەوانە، مارەیی کە لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا هەیە، دوو جۆرە پارەیی پێشەکی و پاشەکی "پێشەکی لە سەرەتای ژیانی هاوسەرگیرییەوە دەدرێتە ژن، بەڵام مارەی پاشەکی لە دوای جیابوونەوە یاخود مردنی پیاو دەدرێتە ژن".

 

بەپێی یاسا، لە پاش جیابوونەوە ژن دەبێت بژێوی ژیانی لەلایەن پیاوەوە بۆ دابینبکرێت وەک جلوبەرگ و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ژیان و دابینکردنی خەرجی تەندروستی، بەپێی چەند بنەڕەتێک.

هەروەها مافێکی دیکە قەرەبووی تەڵاقی ناڕەوایە، کە پیاوان بەبێ ئاگاداری هاوژینەکەی جیادەبێتەوە و هیچ پاساوێکی شەرعی و قانونیشی نییە.

یەکێکی دیکە لە مافەکانی ژنان پێدانی منداڵە بە ژنان تا تەمەنی ١٨ساڵی، بە پێی ماددەی ٥٧ بڕگەی ١ لە یاسای باری کەسێتی، بە مەرجێک ژن کەسێکی تێگەیشتوو بێت و جێگەی متمانە بێت، هەروەها لە ڕووی دەروونی و ئەخلاقییەوە کەسێکی گونجاو بێت، دەبێت باوکەکە نەفەقەی منداڵ بدات، هەقی دایەنی بە دایکەکەش بدات.

 

"یاساکان بوونیان هەیە، بەڵام لە ڕووی جێبەجێکردنەوە گرفت هەیە"

وەک پارێزەر هاوژین ئاماژەی پێدا یاساکان هەن، بەڵام جێبەجێکردنیان قورسە، لەوکاتەی یاسا داوا لە پیاو دەکات ئەم مافانە بۆ ژن دابین بکات ئەرکی ناخاتەسەر تابە کاش نەفەقەکان بدات، بەڵکو بۆی دەکات بە قیست، ئەمەش ژنان بێزار دەکات، چونکە بڕە پارەیەک وەرناگرن تا سودی لێببینن، هەر بۆیە لە هەندێک کاتدا ژنان لە هەق و مافی خۆیان خۆشدەبن.

ئەو پارێزەرە دەشڵێیت: "تەنانەت یاساش لە بەرژەوەندی ژن نییە و پێشێلکاری لە مافی ژنان دەکات، نەدەبوو بە قیست ئەو بڕە پارەیە دابین بکرێت، بەڵکو دەبوو بە کاش بێت تا سودی هەبێت بۆ خۆیان و منداڵەکانیشیان".

 

پیاوان تەنها لە پێناو پێنەدانی مافی ژنەکانیان فێڵی جۆراوجۆر بەکار دەهێنن

هەندێک لە پیاوان لەپێناو ئەوەی ماف نەدەنە ژنەکە هەڵدەستن گشت ماڵ و موڵکیان دەخەنە سەر ناوی کەسێکی دیکە، لەم حاڵەتەدا ژن دەبێت بیسەلمێنێت بۆ دادوەر کە پیاوەکە بە مەبەستی زیانگەیاندن ئەم کارەی ئەنجام داوە، دەربارەی پێدانی ماف بە ژنان لە هەرێمی کوردستان، هاوژین وتی: "بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو و وڵاتانی دراوسێش، زیاتر ماف دەدرێت بە ژن، بەڵام تا ئێستا بە پێی پێویست نییە".

 

یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان کاریگەریان لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی لەسەر کۆمەڵگا دروستنەکردووە، لە دادگاکاندا بەردەوام سکاڵا تۆمار دەکرێت، بەڵام مافەکان دەستەبەر ناکرێن، چونکە دابونەریت و ئەقڵیەتی پیاوسالاری باڵی بەسەر کۆمەڵگا و یاسادا کێشاوە، کێشەکان لە چوارچێوەی خیانەت، توندوتیژی، بایۆلۆژی و دەروونی، کۆمەڵایەتی، ژن بە ژن، شودانی گەورە بە بچوک خۆی دەبینێتەوە.

 

وەک ئەو پارێزەرە باسی لێوەکرد یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی سکاڵای جیابوونەوەی هاوسەرگیری خراپی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستانە، کە بە هۆیەوە خێزانەکان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە و داوای جیابوونەوە دەکەن.

 

لە پاش جیابوونەوە منداڵ ئەو مافەیە دایک لێی بێبەش دەبێت، دواتر لە دژی بەکاردەهێنرێتەوە

منداڵ زەرەرمەندی یەکەمی جیابوونەوەی دایک و باوکە، جگە لەوەی کەموکورتی دروست دەبێت لە ژیانیدا، بەردەوام لە لایەنە جیاوازەکانەوە کار لەسەر مێشکی دەکرێت و لە دژی یەکتر هانی دەدەن تا ئەو منداڵە ڕق هەڵبگرێت، یاخود هەندێک کات ئەوەندە ناز دەدرێت بەو منداڵە لە کۆتایدا کەسێکی پشتبەستوو بە خۆی لێ بەرهەم نایەت.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا هاوژینی پارێزەر وتی: "با منداڵان نەبنە یاری دەستی دایک و باوک، ڕق و کینەی خۆیان بە منداڵەکە دەرنەبڕن، چونکە لە داهاتوودا شەڕەنگێز و لاسار دەردەچێت".

 

بۆ بینینی منداڵ لە لایەن دایک و باوکەوە ئەگەر بە سوڵحی عەشایەری ڕێکنەکەوتن، دادگا بڕیاری بینی منداڵەکە دەدات بە پێی یاسای بینینی منداڵ ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٥ لە یاساکەشدا باس لە سزاکەی کراوە، ئەگەر پابەند نەبن بۆ ماوەی یەک مانگ دایەنی لێوەردەگیرێتەوە.

ت.پ