منداڵی تەمەن ٩ ساڵ لە عێراق ناچاری هاوسەرگیری کاتی دەکرێن

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ هاوسەرگیری کاتی زیادی کردووە، کچانی تەمەن ٩ ساڵ لەلایەن پیاوانی شیعەوە هەڵدەخەڵەتێنرین و هاوسەرگیری کاتیان پی ئەنجامدەدەن، لە پێناو وەرگرتنی بڕێک پارەدا رۆژانە زیاد لە ٣٠٠ هاوسەرگیری کاتی ئەنجامدەدرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق هاوسەرگیری کاتی پەرەی سەندووە، چونکە لەسەردەمی بەعسدا ئەنجامدانی ئەم هاوسەرگیرییە سزای هەبووە، لەهەر ١٠ پیاوێکی ئاینی شیعە ٨یان ئەمادەییان دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری سیغە، لە هەر ڕۆژێکدا زیاتر لە ٣٠٠ هاوسەرگیری کاتی ئەنجامدەدرێت، زۆربەی ئەو منداڵانەی کە هاوسەرگیری سیغەیان پێدەکرێت لە ژێر فشاردان و تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە کە پێچەوانەی یاساکانی عێراقە.

 

ئەم قۆناغەی ئێستا سەخترین دۆخی ژنە، کە تیایدا هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدەدرێت و تاقیدەکرێتەوە، هەر لەدێر زەمانیشەوە بە بیانووی دابونەریت و ئاینە گشتگیر و تاکڕەوەکان توندتیژییەکان پەرەیان پێدراوە و ڕێگایان بۆ خۆشکراوە، ئێستاش بە شێوەیەکی زۆر زەق لەلایەن پیاوانی ئاینی، سیاسی و ڕۆشنبیر بە بیانووی جۆراوجۆر هەر ڕۆژە و جۆرە توندوتیژییەکی تازە دێنە ئاراوە، وەک ئامێرێکی کارەبای مامەڵە لەگەڵ ژندا دەکەن.

 

لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش ژنیان تەنیا وەک کائینێک بۆ پاکردنەوەی ماڵ، خواردن دروستکردن، منداڵبوون دەبینن، کە بەشێکی زۆری ئەو ژنانە لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەگیریان کردووە، سەڕەرای ئەمانەش پیاوەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا یاخود نهێنی ژنیتر دەهێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی هاوسەرگیری نهێنی و نایاسای لە عێراقدا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز بووەتەوە، کە لە هەر ڕۆژێکدا نزیکەی ٣٠٠ هاوسەرگیری کاتی "موتعە" ئەنجامدەدرێت، لەم ڕاپۆرتەدا جەختدەکەینەوە لەسەر ئەو هاوسەرگیریانەی لە دەرەوەی یاسا ئەنجامدەدرێن.

 

هاوسەرگیری کاتی "موتعە"، "میسار"، "سیغە"

هاوسەرگیری کاتی، زەواجێکی یاسایی نییە، لە یاساکانی عێرقدا بوونی نییە و تەنیا لەناو شیعەکاندا بوونی هەیە، پیاوان تەنیا بۆ ئارەزوو و حەز ئەنجامیدەدەن، دەبێت ئەو ژنەی هاوسەرگیری لەگەڵدا دەکات لە چەند مافێکی خۆی خۆش بێت، لە بەرامبەردا بڕێک پارە وەردەگرێت، ماوەی ئەو هاوسەرگیرییە "یەک کاتژمێر بۆ ٩٩ ساڵە"، کە شیعەکان لەلای یەکێک لە مەلاکان و بە ئامدەبوونی دوو گەواهیدەر ئەم هاوسەرگیرییە ئەنجامدەدەن.

 

ئەو کچانەی هاوسەرگیری کاتی ئەنجامدەدەن تەمەنیان ٩ ساڵە

تەمەنی ئەو کچ و ژنانەی کە هاوسەرگیری کاتی ئەنجامدەدن زۆر کەمە، ڕێژەیەکی زۆریان تەمەنیان لە ٩ ساڵ بۆ ١٥ ساڵیدایە، ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی عێراقە بۆ مافی منداڵان، کە دەڵێت نابێت کچی خوار تەمەن ١٨ ساڵ هاوسەرگیری بکات، بەڵام لە ئێستادا بە شێوەیەکی زۆر دیار و لەناو شەقام کۆڵانەکانی عێرقدا نوسینگەی تایبەت بە هاوسەرگیری کاتی کراوەتەوە و تێیدا کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لەلایەن مەلا شیعەکان لە پێناو وەرگرتنی بڕێک پارە ئەنجامیدەدەن.

 

بە پیێ ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "بی بی سی" کە ماوەیەک پێش ئێستا لە عێراق ئەنجامی داوە، بەشێکی زۆر لەو ژنانەی هاوسەرگیری میساریان ئەنجامداوە باس لە ئەوە دەکەن، هاوژینەکانیان لە شەڕدا بوونەتە قوربانی، یاخود کاتێک لە هاوژینەکانیان جیادەبنەوە هیچ داهاتێکیان نییە، ئەوانیش کە دەچنە لای پیاوانی ئاینی شیعە بۆ ئەوەی هاوکاریان بکەن، پێیان دەڵین کە هاوسەرگیری میسار ئەنجامبدەن.

 

هۆکارەکانی زۆربوونی هاوسەرگیری کاتی

نەبوونی هیچ سزایەک بۆ ئەو کەسانەی کە هاوسەرگیری میسار دەکەن و ئەو کەسانەش کە ڕێکیدەخەن، لە کاتێکدا لە کاتی ڕژێمی بەعسدا ڕێژەی هاوسەرگیری کاتی زۆر کەمبووە ئەگەر ئەنجامیش درابێت سزاکەی زیندای هەتاهەتای بووە، لە دوای لە ناوچوونی بەعس لەبەر ئەوەی هیچ سزایەک نییە ڕێژەکەی زیادی کردووە، پیاوانی ئاینی شیعە داوا دەکەن هیچ سزایەک بۆ ئەو کەسانە نەبێت هاوسەرگیری سیغە ئەنجامدەدەن.

 

لە هەر ١٠ پیاوێکی ئاینی ٨ ئامادەن کە هاوسەرگیری سیغە ئەنجامبدەن، هەروەها لەبەر هەژاری و نەبوونی، خێزانەکان کچە خوار ١٨ ساڵەکانیان بە بڕێک پارە بەشوو دەدەن یان ناچاری هاوسەرگیری کاتیان دەکەن، بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٩ ڕێژەی شووکردنی کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ ٪٢٠ بۆ ٪ ٢٤، ڕێژەی شوو کردنی کچانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ ٪٤٥.

 

ت.پ