ماوەی یاسایی ڕاگرتن ١٥ ڕۆژ بۆ ٦ مانگە و ژنانی زیندانی زیاتر لەو ماوەیە دەمێننەوە

پارێزەر پروشە قەلەندەر ئاماژە بەوەدەکات کەمترین ماوەی یاسایی ڕاگرتن "توقیف" ١٥ ڕۆژە و نابێت لە ٦ مانگ تێپەڕ بکات، دەشڵێت: "کەسی بە نایاسایی ڕاگیراو دەتوانێت داوای قەرەبوو بکات".

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاژانسەکەمان سەدان ژن لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندان و زۆرینەیان بێ ئەوەی دادگایی بکرێن ماوەی چەند مانگێکە لەناو زیندانن، ئەو ژنانە کە بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکراون کاتی دادگاییکردنیان بۆ دیاری ناکرێت، ژن هەیە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ڕاگیراوە و هیچ مافێکی بۆ بینینی دادوەر پێنەدراوە، ئەمە لەکاتێکدایە هەر کەسێک تۆمەتێکی دەدرێتە پاڵ و دەستبەسەر دەکرێت دەبێت لە ماوەی دیاریکراودا کەیسەکەی ڕەوانەی دادگا بکرێت و ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساغبووەوە بەپێی تاوانەکەی سزای بۆ دیاریبکرێت، ئەگەریش هیچ تۆمەتێکی لەسەر نەبوو پێویستە راستەوخۆ ئازاد بکرێت.

 

دەربارەی حاڵەتەکان و ماوەی ڕاگرتن، پارێزەر پروشە قەلەندەر، پسپۆڕی لێکۆڵەرەوەی تاوان لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی نوژنها دوا.

 

لە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠١٠دا هاتووە دەبێت ڕاگرتن بە فەرمانی دادوەری پسپۆڕ بێت

پروشە قەلەندەر، ئاماژەی بەوەکرد کە ڕاگرتن "توقیف" مەبەست لێی ڕاگرتنی تۆمەتبارە لە کاتی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا پێش دەرچوونی سزای کۆتایی لەلایەن دادگاوە، "ئەم ماوەیە کە تۆماتبارێک ڕادەگیرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستی ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵی، بەپێی یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠١٠ و فەرمانی دادوەری پسپۆڕ دەبێت، هیچ لایەنێکی دیکە بۆی نییە ئەم فەرمانە دەربکات، لەبەرئەوەی ئەم ڕێکارە پەیوەستە بە ئازادی تاکەوە لە قۆناغی سەرەتایی لێکۆڵینەوە کە هێشتا تۆمەتەکە ساغ نەبووەتەوە بەسەر ئەو کەسەدا کە ببیتە تاوانبار".

 

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کەسەی تۆمەتی دەخرێتە پاڵ دەبێت لە شوێنی تایبەتی خۆیدا ڕابگیرێت و هۆکاری ڕاگرتن و جۆری تاوانەکەی ڕوونبکرێتەوە، وتیشی: "ڕاگرتن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکانە بە شێوەیەکی تەندروست، بۆ ئەوەی ئەم کەسە نەبێتە هۆکاری ئەوەی ژیانی کەسانی تر و خۆشی لە مەترسیدا بێت، کە ئەگەر لەلایەن کەسانی دیکەوە تۆڵەی لێبکرێتەوە و ڕێگری لە کاری یاسایی دادگا بکرێت، یاخود ئەو کەسە مەترسی ئەوەی هەیە ڕابکات لە یاسا، هۆکارێکی تر ئەوەیە کەسەکە شوێنێکی نیستەجێبوونی دیاریکراوی نییە کە بتوانرێت دواتر بانگ بکرێتەوە واتە کەسەکە بێ شوێنی نیشتەجێبوونە".

 

حاڵەتە یاساییەکانی ڕاگرتن

پارێزەر پروشە ئاماژەی بەوەکرد کە کۆمەڵێک حاڵەت هەیە بۆ ئەوەی کەسێک ڕابگیرێت، "کەسێک ڕادەگیرێت ئەگەر سزاکەی لەسێدارەدان بێت، چونکە ئەو کەسە نابێت ئازاد بێت، حاڵەتێکی دیکە ئەوەیە سزاکە سەروو سێ ساڵ زیندانی کردنە، لێرەدا دەبێت تۆمەتبار ڕابگیرێت و دەشتوانرێت بە کەفالەت ئازاد بکرێت، هەندێک تاوانی تر هەیە کە سزاکەی کەمتر لە سێ ساڵە لێرەدا واجبە ئازاد بکرێت، تاوانی دیکە هەیە سزاکەی سەرپێچییە دەبێت ئەو کەسە ئازاد بێت و پێویست ناکات ڕابگیرێت بەڵام کە شوێنی نیشتەجێبونی نادیار بێت لەو حاڵەتەدا ناچارین کە ڕایبگرین".

 

"ڕاگیراو کۆمەڵێک مافی هەیە، نابێت ڕاگرتن لە ٦ مانگ زیاتر بێت"

ئەو پارێزەرە کە پسپۆڕی لێکۆڵینەوەی تاوانە ئەوەی خستەڕوو کە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠١٠ کۆمەڵێک گرەنتی و مافی تۆمەتباری دیاریکردووە بە تایبەت لە کاتی ڕاگرتندا ئەوەیە کە دەبێت لەماوەی ١٥ ڕۆژدا ئەم کەسە یەکلایی بکرێتەوە کە چارەنووسی چی لێدێت ئایا دەگوازرێتەوە یان نا، بەڵام ئەگەر ماوەی ١٥ ڕۆژەکە تێپەڕی و چارەنووسی نادیاربوو، لێرەدا دەبێت بە فەرمانی دادوەر و بە هۆکارێکی زۆر ئاشکرا و دیاریکەر کە لە فەرمانی دادوەرەکەدا دەنوسرێت لە ١٥ ڕۆژ زیاتر دەمێنێتەوە، لە هەموو حاڵەتەکاندا نابێت چارەکی سزاکەی تێپەڕێنێت بۆ نمونە سزاکەی ١٠ ساڵ زیندانی کردنە، نابێت ڕاگرتن چارەکی ئەو سزایە تێپەڕێنێت، لە هەموو حالەتەکانیشدا نابێت شەش مانگ تێبپەڕێنێت، هەموو کەسێکیش مافی هەیە لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا پارێزەری هەبێت، دەبێت ئەم مافە بەو کەسە بوترێت کە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

 

لە کۆتای قسەکانیدا وتی: "ئەگەر کەسەکە لە کۆتاییدا بێتاوان دەرچوو بۆی هەیە داوای قەرەبوو بکاتەوە".

 

بەپێی یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠١٠ "یاسای قەرەبووکردنەوەی ڕاگیراوان و سزادراوان لە کاتی بێتاوانی دەرچوونیان لە هەرێمی کوردستان" :

ماددەی دووەم:

هەر کەسێک بە ناڕەوا گلدرایەوە یان گیرا یان ماوەی گیرانەکەی لە ڕادەی یاسایی ڕەت بووبێت یان بە سزایەکی وا سزا درابێت کە ئازادییەکەی لێ سەندبێتەوە لەلایەن لایەنە دادوەرییە تایبەتەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی، لە دواییدا بڕیارێک بە ڕەتکردنەوەی سکاڵاکەی یان ئازادکردنەکەی دەرچووبێ و داواکارییەکەی داخرا یاخود بەبێ تاوان سزادرا و بڕیارەکەش ڕادەی بنبڕی بەپێی یاسا جێبەجێ کراوەکان وەرگرتبێت، ئەوا ئەو کەسە بۆی هەیە داوای قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی بکات لەبارەی ئەو زەرەر و زیانانەی کە لە ئەنجامی گرتن و حوکمدانیدا لێی کەوتووە.

 

ماددەی سێیەم:

بڕگەی یەکەم: بەپێی ماددەی ١٤ی یاسای دەسەڵاتی دادوەریی ژمارە ٣٣ی ٢٠٠٧، لێژنەیەک لە دادگای تێهەڵچوونەوە کە سەرۆکی دادگاکە و دوو دادوەر ئەندامی بن، پێکدێت بۆ تەماشاکردنی داواکاریی قەرەبووکردنەوە و بڕیارەکانیشی شایانی تانە لێدانن لەبەردەم دادگای تەمیز.

 

ماددەی چوارەم: ڕێکارەکانی داواکردنی قەرەبووکردنەوە بەم جۆرە دەبێت:

یەکەم: داوای قەرەبووکردنەوە پێشکەش بەو لیژنانە دەکرێت کە لە دادگای تێهەڵچوونەوە پێکهێندراون و حکوومەتیش ئاکامی قەرەبووکردنەوەکە لە ئەستۆ دەگرێت پاش ئەوەی بڕیاری لیژنەکە پلەی کۆتایی وەرگرت.

دووەم: پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر وەرگرتنی بڕیاری ئازادکردنی یان سزادان بەبێ تاوانی پلەی کۆتایی، گوێ لە داواکاریی قەرەبووکردنەوە ناگیرێ (ماوەی تەقادوم ساڵێکە).

سێیەم: مافی قەرەبووکردنەوە لە حاڵەتی مردنی خاوەن ماف، تەنها بۆ هاوسەر و منداڵ و دایک و باوک دەگوازرێتەوە.

 

ماددەی پێنجەم:

یەکەم: قەرەبووکردنەوەی ئەدەبی لەسەر بنەمای ئەو ئازار و ناخۆشییانە دەخەمڵێنرێت کە زیانپێکەوتوو تووشی هاتووە و ئەوەی کە کاری لەناوبانگ یان پێگەی کۆمەڵایەتی یان وەزیفی کردووە.

دووەم: قەرەبووی ماددی لەسەر بنەمای ئەوەی لەدەستیچووە و ئەو زیانەی لە ماوەی گلدانەوە یان گرتن یان حوکمدانەکەی دەخەمڵێندرێت.

 

ماددەی شەشەم:

کەسەکە مافی ئەوەی هەیە بگەڕێتەوە سەر شکایەتکار یان خەبەردەر یان شاهید کە بوونەتە هۆی گلدانەوە یان گرتنەکە یان حوکمە نایاساییەکە لەبارەی ئەو قەرەبووکردنەوەیەی کە داویەتی، ئەگەر ساغ بووەوە کە شکایەتەکە فێڵە یان خەبەردانەکە درۆیە یان شایەدییەکە ناهەقە.

 

لەناو زیندانی ژناندا بە سەدان ژن هەن کە بێ دادگاییکردن و دوور لە ماوەی یاسایی ڕاگرتن لە زینداندا ماونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە، توندوتیژی و دەستدرێژییان دەکرێتەوە سەر کەلە ماوەی ڕابردوودا ئاژانسی ژنها چەند کەیسێکی جوڵاند، لە یاساکاندا باس لە قەرەبووکردنەوەی ئەو زیندانییانە دەکرێتەوە کە تاوانیان بەسەردا ناسەپێت، بەڵام ئایا قەرەبووی تەمەن و دەروونی و چەند ساڵ زیندانیکردنی کەسێک بە نایاسایی چۆن دەدرێتەوە.

 

ت.پ