دوو چالاکوانی مافی مرۆڤ کوشتنی ژنانی گەنج شەرمەزار دەکەن و داوای لێپرسینەوە لە تاوانباران دەکەن
لە عێراق توندوتیژی خێزانی لە هەڵکشاندایە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و ژنان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بێدەنگییەکی کۆمەڵایەتی پێشێلکارییەکان گەورەتر دەکات، کوشتن و دەستدرێژی و هاوسەرگیری منداڵان وەک نیشاندەری مەترسیدار دەردەکەون.
ڕەجا حەمید ڕەشید
عێراق- لەناو پەرەسەندنی ڕووداوەکانی توندوتیژی خێزانی لە عێراق، چالاکوانانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لە فراوانبوونی بازنەی پێشێلکارییەکان کە کاریگەری لەسەر ژنان و منداڵان هەیە، ئەمەش لەناو هۆکارە کۆمەڵایەتی و یاساییە بەردەوامەکاندا کە هۆکارن بۆ خراپتربوونی دیاردەکە، شارەزایان داوای یاسای توندترو چالاککردنی یاسای پاراستنی خێزان و منداڵان دەکەن بۆ سنووردارکردنی ئەو تاوانانەو دڵنیابوون لە ڕێگریکردن لە تاوانباران.
پێویستمان بە یاسای توندترە
پارێزەر شیرین زەنگەنە، باسی لە زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی لەم دواییانەدا کرد، بەتایبەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و ژنان، وتی: دیاردەکە بەردەوام خراپتر دەبێت بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، کە دەتوانرێت بە بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و دوورکەوتنەوە لە کولتووری توندوتیژی لەناو خێزاندا کەم بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی بەهۆی داب و نەریتە بەسەرچووەکان و ئەوەی بە "شەرمەزاری" ناسراوە ڕاپۆرت ناکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێشێلکارییەکان لەناو خێزانەکەدا بە شاراوەیی بمێننەوە، هەرچەندە ژنان وەک بناغەی خێزان و کۆمەڵگە، تووشی توندوتیژی دەروونی و پێشێلکارییەکان دەبن کە کاریگەرییەکانی لەسەر هەموو ئەندامانی خێزانەکەیە.
هەروەها دۆسیەی ئەو منداڵە کچە عێراقییە، تەمەن ١٥ ساڵەی هێناوەتەوە کە بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیرییەوە کوژراوە، بە ڕەنگدانەوەی جددیی دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان، کە بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە کۆمەڵگە، وتی: کوشتنی منداڵ تەنها لەبەر ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری لە ڕووی ئایینی و مرۆییەوە قبوڵ ناکرێت، بەڵکو پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆسیەی ئەو منداڵە کچەی کە لەلایەن خزمێکی و تاوانبارانی دیکەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، ڕادەی ئەو ئاڵەنگاریە کۆمەڵایەتی و یاساییانەی کە هەن ئاشکرا دەکات، لەگەڵیشیدا دواکەوتنی ڕێکارە یاساییەکانی ڕێگریکردن، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی خێزان، چ لە ڕووی سۆزدارییەوە بێت یان لە ئەنجامی جیابوونەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی لەناو خێزانەکەدا کە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان دەبێت، ئەمەش ڕووبەڕووی پشتگوێخستن و ئازاردانیان دەکاتەوە.
شیرین زەنگەنە جەختی لەسەر پێویستی سزای توندتر لە دژی دەستدرێژیکارانی منداڵان کردەوە، بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و ڕێگریکردن لە هەر کەسێک کە بیر لە تاوانی لەو شێوەیە بکاتەوە، داوای کرد یاسای توندتر دەربکرێت کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ پێکهاتە و زیادبوونی ژمارەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها داوای پەسەندکردنی یاسای توندوتیژی خێزانی دووپات کردەوە، کە لە دانیشتنەکانی پێشووی پەرلەماندا دەنگی لەسەر نەدراوە، هاوشانی پاڵپشتی لە یاساکانی پاراستنی منداڵان و پاراستنی یەکگرتوویی خێزان و کۆمەڵگە
توندوتیژی مەترسی لەسەر داهاتووی منداڵان دروست دەکات
ئیسرا سەلمان، چالاکوانی مافی مرۆڤ دووپاتی کردەوە، کە توندوتیژی دژی منداڵان بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەربڵاو و دەستدرێژی جەستەیی و سێکسی، دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و هاوسەرگیری منداڵان دەگرێتەوە، هۆشداریشیدا لەوەی ئەم پێشێلکارییانە دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتی و وێرانکارییەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی دروستدەکات، بەتایبەتی کاتێک ئەو نەوەیەی داهاتووی کۆمەڵگە بونیاد دەنێت، کە تووشی ئاستێکی توندوتیژی و بێڕێزیکردن دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لێبوردەیی کۆمەڵگە بەرامبەر بە توندوتیژی دژی منداڵان، ئاساییکردنەوەی لە ژێر پەردەی پەروەردەکردن یان هاوسەرگیریدا، دەبێتە هۆی دەرئەنجامە کارەساتبارەکان کە ئەمڕۆ لە دابەزینی پەروەردە و کولتوور و بەها مرۆییەکاندا دیارە، هەروەها پەرەسەندنی قبوڵکردنی کۆمەڵگە بۆ جۆرە ترسناکەکانی توندوتیژی دژی منداڵان.
ڕوونیکردەوە، ئەو دەنگانەی داوای پاراستنی منداڵان دەکەن زۆرجار ڕووبەڕووی هەڵمەتی چەواشەکاری و تۆمەت دەبنەوە، سەرەڕای هۆشداری بەردەوام سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەو پێشێلکاریانەی کە منداڵان هەم لەناو خێزان و چ لە دەرەوەی خێزان تووشی دەبن، کەشی گشتی بۆ منداڵان پارێزراو نەماوە، تەنانەت بەشێک لە منداڵانیش لەناو ماڵەکانی خۆیاندا پارێزەراو نین، ئەمەش نیگەرانی و ترسی لەبارەی داهاتووی منداڵ لە عێراقدا دروستکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە حاڵەتەکان نەگەیشتوونەتە میدیاکان، لەکاتێکدا هەندێک ڕووداوی ڕاپۆرتکراو ڕادەی کارەساتەکەیان ئاشکراکردووە، لەوانە کوشتنی منداڵێکی کچ بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری و حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی کە لە ئەنجامدا، زتانبەرکروتووان گیانیانلەدەستداوە، هەروەها ئەم تاوانانە یەکەم تاوان نین و دواهەمینیش نابن تا ڕێوشوێنی ڕاستەقینە بۆ پاراستنی منداڵانی کچ نەگیرێتەبەر، هەروەها ئاماژەی بە حاڵەتەکانی دیکەی ئەو منداڵانە کرد کە لەناو نەبوونی چارەسەری ڕیشەیی بۆ وەستاندنی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان لە وڵاتەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
ئیسرا سەلمان ڕەخنەی لە هەندێک دەقی یاسایی گرت، لەوانە مادەکانی ٤٠٩ و ١٢٨ و ٤١ی یاسای سزادانی عێراقی وتی: بە بیانووی ئەوەی پێی دەوترێت "کەرامەت" یان "دیسیپلین"، بۆ کەمکردنەوەی سزای تاوانەکانی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان بەکاردەهێنرێن، کە ئەمەش بەشدارە لە دەربازبوونی تاوانباران لە سزا، هەروەها هۆشداریدا لە یاسایەک کە ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی نە دەدات، بەو پێیەی بە قووڵکردنەوەی پێشێلکارییەکان دژی منداڵان دەزانێت.
دووپاتی کردەوە کە کۆمەڵگە شارستانییەکان و یاسا ئیلاهییەکان هەموو جۆرە توندوتیژی و پێشێلکردنی جەستەی منداڵان ڕەتدەکەنەوە، پاساوهێنانەوە بۆ دەستدرێژی یان پرسیارکردن لە ڕەوشتی زیانبەرکەوتووان تاوانێکی زیادە لە دژی منداڵی و ژنان پێکدەهێنێت.
لە کۆتای قسەکانیدا ئیسرا سەلمان داوای دەرکردنی یاساکانی پاراستنی خێزان و منداڵ دەکات، لە پێش هەموویان یاسای توندوتیژی خێزانی و یاسای پاراستنی منداڵ، هەروەها ئامانجی ئەم یاسایانە پاراستنی کۆمەڵگە و هەڵوەشاندنەوەی، داوای دابینکردنی ژینگەیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی کرد کە مسۆگەری پاراستنی منداڵ و ژنان بکات و داهاتووی خێزانی عێراقی بپارێزێت.