ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ، بە بەشداریی کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان، ئاهەنگی ٢٧ی مژدار لە گۆڕەپانی نەورۆز لە گوندی ئێندزێی بناری قەندیل، بە دروشمی یەکڕیزی یەکێتی نەتەوە، ٤٨مین ساڵیادی ژیانەوەی کورد پیرۆز دەکەین دەستی پێکرد.
لە ئێستادا، هاونیشتمانیانی هەر چوار بەشی کوردستان بە جۆش و خۆڕشەوە بەشداریی ئاهەنگەکە دەکەن، کە تا نزیکەی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لە چوارچێوەی ئاهەنگەکەدا، دکتۆر دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، وتاری کۆمیتەی ئامادەکاریی خوێندەوە و ئاماژەی بە گرنگیی ئەم ڕۆژە لە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد کرد.
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە مێژووی ئەم جوڵانەوەیە تەنها مێژووی ڕووداو و گۆڕانکاریی سیاسی نییە، بەڵکو مێژووی ژیان، بیرەوەری، ئازار، ئاوات و هیوای خەڵکە.
لە بەشێکی دیکەی ئاهەنگەکەدا، ئاوازی چیا بە مووزیک و گۆران بەشداری دەکەن، هەروەها گرووپی منداڵانی قەندیل چەند نمایشێکی هونەری پێشکەش دەکەن.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨، لە گوندی فیسی سەر بە شارۆچکەی لجێ لە پارێزگای ئامەد، لەلایەن رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و کۆمەڵێک خوێندکاری چەپڕەوی کورد دامەزرا.




