شلێر کۆیی
کۆیە- لەو کاتەی کە تەکنەلۆژیا و ئامێرە مۆدێرنەکان هێشتا نەهاتبوونە ناو گوندەکانەوە، ژیانی ڕۆژانە مۆرکێکی دیکەی هەبوو؛ مۆرکێک پڕ لە ئارامیی، کارکردن و بەسەرهاتی زیندوو، کانی کارێزەی گوندی هەرمۆتە تەنها سەرچاوەیەکی ئاو نەبوو بۆ بەڵکو مەڵبەندێکی گەورەی کۆبوونەوەی یادگاری، ماندووبوونی ژنان و دایکان و ساتە پڕ لە خۆشییەکانی نەوەکانی ڕابردوو بوو،گوندی هەرمۆتە چەند كیلۆ مەترێك لە شاری كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر دوورە، گوندەكە كە زۆربەی دانیشتووانی کریستیانن و خەڵكەكەی لەكۆنەوە كاری كشتوكاڵی دەكەن لەگەڵ ئەوەش لایەنی خوێندنیان فەرامۆش نەكردووە و كچەكانیان ناردووە بۆ خوێندن، ژنان زۆر ماندووبون بەڵام كۆڵیان نەداوەوبەردەوام بوون لە خوێندن، وچەندین چیرۆكیان هەیە لە گوندەكەیان و كانی كارێزان.
چیرۆكی ژنانی بەتوانای سەردەمی پیشو دەگێڕینەوە كە ژنان لەگەر كاری دەشت ودەر و ئاوهێنان بەتەنەكە، كۆڵێان نەداوە خوێندنیان تەواو كردووە بەپێی رۆیشتوون لەناو قور تا گەیشتوونەتە ناو شار، پەرتوکی زانیارییان كردۆتەوە، ئەو ژنانە دەبێت نموونەبن و نەوەكانمان و هەست بەوە بكەن كە ژیان بە قورسایی وناخۆشی كۆتایی نایەت بەڵكو بەردەوام دەبێت و لەكۆتایی تێشووی ماندووبوون دەچڕن.
بەتول عیسا، خەڵكی گوندی هەرمۆتەیە یادگاری زۆری هەیە لەگەڵ كانی كارێزان بۆ ئاژانسەكەمان وتی: ئێمە خەڵکی هەرمۆتە بووین، لە کۆندا لە گوندی ئاو نەبوو، کارەبا نەبوو، بۆیە ئاو نەبوو لەناوماڵ، بە تەنەکە ئاومان دەبردەوە بۆ ماڵەوە، لەو کارێزەدا من ئاوم دەبرد، لە منداڵیەوە تا ئەو كاتەی كارەبا هات بۆگوند و ئاویان بۆ راكیشاین، بۆیە یادگاریی زۆریشمان هەبوو لەو کارێزەدا، بەتەش ت دەهێنا بۆ شوتن.
لەبەر دەنگی فڕۆکە گۆزەکەی لێ شکاوە
بەتول بە دڵخۆشیەوە باس لە یادەوەری خۆی دەكات كاتێك لەڕێگای كانی گۆزەكە دەشكێنێت دەچێتەوە ماڵەوەو وتوویەتی لییان شكاندووم من نەم شكاندوتی: حەوت ساڵان بووم دایكم ونەنكم وتیان بەتول بچۆ ئاو بهێنە منیش چووم كاتێك دەنگی فڕۆکە هات زۆر نزم بوو منیش لەڕێگا بووم لەگەڵ گەورەیی دەنگی فڕۆکەکە، گۆزەكە بەربۆوە لەدەستم شكا منیش لەترسان وتم من نەمشكاندووە، نەمزانی كەوام وت خراپترە نەنكم دەیوت دەبێت پێم بڵێی كێ بوو تا بۆی بچم.
بە نۆژەنکردنەوەی کانییەکە دڵخۆشە
بەتول عیسا وتیشێ: لێرەوە تا ئاسمان دڵم خۆشە كە ئەوكانیە نۆژەنكرایەوە كە دەبینم ئاوەها ئاوەدانە، وا دەزانم تازە لەدایك بووم، هەرچەندە من ماڵم لە شەقلاوەیە بە گەشت دێمەوە زۆر دڵم خۆششە بەو شوێنە پڕ یادگاریەم، جگە لە كاری ئاوهێنان من هەموو كارێكم كردووە مانگا دۆشین و كاری دەشت و شینایی، لەهەمانكاتدا دەچومە كۆیە بۆ خوێندنگەو بەپێ ڕۆیشتن خوێندنمانتەواو كرد بەو دۆخە.
"ئاوی کانیەکە سازگارو تەندروست بوو"
مەریەم شەمعون. ژنێكی دیكەی خانەنشینی ئەم گوندەیە كە توانیویەتی لەگەڵ كاری ماڵ ودەشتودەر خوێندن تەواو بكات چونكە لەگوندەكەیان ئامادەیی نەبووە هەموو رۆژ چەند كیلۆمەتریان بەپێ بڕیوە تا چوونەتە ئامادەیی كۆیەی كچان، وتی: تەمەنمان سێ ساڵان وچوار ساڵان بوو هاتووین ئاومان بردوە لەكانی بەتەنكەو جەركەو گۆزە ئاومان دەكێشاوە بۆ ماڵەوە تا ساڵی هەشتاكان.
مەریەم باسی لە گرنگی ئاوی سازگاری كانیەكە کردو وتی: كانیەكە ئاوەكەی زۆرسازگاربوو تەندرووست بوو چونكە ئا و ئەوكات دەرمانی تێنەدەكرا، بەڵام لەهاوینان ئاوەكە كەمی دەكرد بۆیە دەبوو نۆرە بگرین تا ئاومان بەركەوێت، تا سەرگردەكە نۆرەی ژنان بوو، تا لەم دوایانە خەڵك فێربوون بە كوندەو دەبە ئاویان دەبر ئەوەش باشبوو بارقورسیەكەی كەم كردبۆوە، بەڵام رۆژی یەك شەممان لەهەمووی خۆشتر بوو، ژنە گەنجەکان لێرە كۆدەبووینەوە دەستە خوشكەكانمان و كچەكان دەهاتن گۆرانیان دەوت وشاییان دەكرد، چونكە ئەو رۆژە ئیشمان نەدەكرد ئێمە کریستیانین ئەو رۆژەمان پشو بوو، بۆیە زۆر خۆش بوو، راستە ژیان قورس بوو بەڵام راهاتبووین، ١٢ساڵ بە پێ دەچووینە كۆیە بۆ خوێندن و پێڵاوی ناوقورمان هەبوو پێلاوێكشم لەناو خوێندنگە دانابو كە دەچووم ئەوم لەبەر دەكرد چونكە پێلاوەكەی خۆمان زۆر بەقوڕ دەبوو لە ڕێگا تا سێ ساڵان پێڵاوەكەم نەدرابوو، ژیانێكی سادەمان بە ڕێ دەكرد ئیستاش خانەنشین بووم.
وتی: ئیستاش كەكانیەكە بەهەوڵ و كۆششی دكتۆر هاوژین سڵێوە نۆژەنكرایەوە دەستخۆشی لێدەكەین و ئێستا ئێواران لەگەڵ ژنەكان دێین بۆ چا خواردنەوەو سەیران مسوڵمانەكانیش دێن بێجیاوازی كۆدەبینەوە كاتێكی خۆش بەسەردەبەین لەسەر كانیەكە، گەنجەكان پێیان سەیرە چۆن لەو دوورەوە ئاومان بردووە.
مەریەم شەمعون لەكۆتایی قسەکانیدا ئامۆژگاری ژنانی کرد كە ژنان زۆر بەجوڵەبن و چاویان لە ئیشكردن بێت با هەرلەماڵ دانەنیشن چونكە ژیان بەوەخۆشە بێیە دەرەوە تێكەڵ بێت، ژیان هەرلە ژورێ خۆش نییە.




