دکتۆر فەریال سایگیلیگڵ پرۆفیسۆر دەڵێت: کاری چاودێری و چاودێریکردن لەسەر شانی ژنان دەخرێت.

دکتۆر فەریال سایگیلیگڵ پرۆفیسۆر ئاماژەی بەوە کرد کە «ساڵی خێزان» و سیاسەتەکانی خێزان کە بۆ ماوەی دە ساڵ دانراون، لە ڕاستیدا بەرپرسیاریەتی کاری چاودێری دەخەنە سەر شانی ژنان.

دکتۆر فەریال سایگیلیگڵ پرۆفیسۆر دەڵێت: کاری چاودێری و چاودێریکردن لەسەر شانی ژنان دەخرێت.

ئەلیف ئەکگوڵ

ئیستانبوڵ_دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا ساڵی ٢٠٢٥ی وەک «ساڵی خێزان» ڕاگەیاند و سیاسەتەکانی خێزانی بۆ ماوەیەکی دە ساڵە، لە چوارچێوەی «دەیەی خێزان و دانیشتوان» (٢٠٢٦–٢٠٣٥) درێژ کردەوە، بابەتی باری کاری چاودێری و پەرستاری جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر ڕۆژەڤ. پرۆفیسۆر دکتۆر فەریال سایگیلیگڵ لە گفتوگۆیەکدا بۆ ئاژانسی ئێمە، کاریگەریی ئەم سیاسەتانەی لەسەر ژیانی ژنان و بودجەی نیشتمانی ڕوون کردەوە.

«ساڵی خێزان» باری چاودێری دەخاتە سەر شانی ژنان

فەریال سایگیلیگڵ لەبارەی کاریگەریی سیاسەتەکانی «ساڵی خێزان» لەسەر ژنانەوە وتی:

ڕاگەیاندنی ساڵی خێزان و درێژکردنەوەی بۆ ماوەی دە ساڵ، لە ڕاستیدا بەو مانایەیە کە هەموو باری کاری چاودێری دەخرێتە سەر شانی ژنان. کاری چاودێری لەم چەند ساڵەدا بەردەوام لە ڕۆژەڤی ئێمەدا بووە. ئەو بابەتەی کە لە چوارچێوەی کاری نەبینراو، کاری ناوماڵ و کاری بێبەرامبەر باسمان کردووە، ئێستا گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیارتر. هەروەها ئەم بارە وەک بابەتێک پیشان دەدرێت کە لە ڕێگەی هاوکاری لە نێو خێزاندا چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئێمە دەزانین کە واقیعەکە بەم شێوەیە نییە».

«ژنانـی خاوەن داهاتی کەم و مامناوەند لە ماڵدا گیریان دەخۆن»
 

سایگیلیگڵ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سیاسەتانە ڕۆڵە ڕەگەزییەکان بەهێزتر دەکەن و ژنان لە بازاڕی کار دوور دەخەنەوە، و وتی:

ئەگەر لە ڕوانگەی ڕۆڵە ڕەگەزییەکانەوە سەیری ئەم سیاسەتانە بکەین، دەبینین دەبنە هۆی بەردەوامبوونی ڕۆڵە ڕەگەزییە باوەکان و دابەشکردنی کاری جیاواز بەپێی ڕەگەز. ئەم دۆخە هەم لە سیاسەتەکانی دانیشتوان و هەم لە بابەتەکانی پەیوەست بە کار و دامەزراندندا دەردەکەوێت.

خستنە سەر شانی ژنان، بەتایبەتی باری کاری چاودێری، بە شێوەیەکی ناچاری دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان لە بازاڕی کار بکشێنەوە. بەتایبەتی ژنانی خاوەن داهاتی کەم و مامناوەند لە بازاڕی کار دوور دەخرێنەوە و لە چوارچێوەی ماڵدا گیریان دەخۆن.

نەبوونی دڵنیایی کۆمەڵایەتی و بڵاوبوونەوەی شێوازەکانی کاری نەرم و گونجاو بۆ ژنان، ئەم دۆخە خراپتر دەکات. هەروەها دەبێت ئاماژە بە کەمیی زۆری ناوەندە گشتییەکانی چاودێریکردنی منداڵان و خانەکانی چاودێریکردنی بەساڵاچووان بکرێت؛ ئەو خزمەتگوزارییانەی کە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی دەبێت پێشکەشیان بکات. نەبوونی ئەم خزمەتگوزارییانە لە کرداردا باری کاری چاودێری زیاتر دەخاتە سەر شانی ژنان».

«زیادبوونی بودجە تەنها یەک لە سەدە»

فەریال سایگیلیگڵ ئاماژەی بەوە کرد کە کاریگەریی ئەم سیاسەتانە لەسەر بودجە سنووردارە و وتی:

کاتێک لە ڕووی بودجەوە سەیری بابەتەکە دەکەین، هەرچەندە بەراورد بە بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ زیادبوونێکی بەرچاو دەردەکەوێت، بەڵام ڕێژەی زیادبوونی گشتی تەنها یەک لە سەدەیە».

سایگیلیگڵ هەروەها پشت بە داتاکانی دەزگای ئاماری تورکیا (TUİK) بەست و ئاماژەی بە نایەکسانی دابەشکردنی کاری ناوماڵ کرد و وتی:

کاتێک بە پشتبەستن بە داتاکانی دەزگای ئاماری تورکیا سەیری کاری ژنان و پیاوان لە ناوماڵ دەکەین، دەبێت ئەو کاتەی کە هەردوو ڕەگەز بۆ کاری ناوماڵ تەرخانی دەکەن، لەبەرچاو بگرین. بەپێی دوا ئامارەکان، ژنانی خاوەن کاری بە مووچە، ڕۆژانە ٢١١ خولەک بۆ کاری ناوماڵ تەرخان دەکەن، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە بۆ پیاوان ٤٦ خولەکە».

«سزای دایکبوون» بەرامبەر بە «سوودی باوکبوون»

فەریال ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دۆخە نموونەی ئەو بابەتەیە کە لە ئەدەبیاتی ئەکادیمیدا بە «سزای دایکبوون» ناودەبرێت و وتی:
 

ئەمە شتێکی دیکەشمان بۆ دەردەخات، ئەویش سزای دایکبوونە. بەپێی ئەم چەمکەی لە ئەدەبیاتی ئەکادیمیدا بەکاردێت، لەدایکبوونی منداڵ بۆ ژنان وەک سزایەک وایە. لە کاتێکدا پیاوان لەوانەیە سوودی باوکبوون بەدەست بهێنن، بۆ ژنان ئەم دۆخە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە سزادان.

هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە تورکیا هێشتا سیستەمێکی ڕاستەقینەی مۆڵەتی دایک و باوکبوون بوونی نییە؛ واتە سیستەمێک کە مۆڵەتەکەی گواستنەوەی بۆ کەسێکی دیکە نەبێت، بە مووچەی یەکسان بدرێت و دوای لەدایکبوونی منداڵ بۆ هەردوو دایک و باوک جێبەجێ بکرێت. ئێمە زۆرجار ئاماژە بەو بابەتە دەکەین، بەڵام حکومەت تا ئێستا هەنگاوی جدی بۆ چارەسەرکردنی نەناوە. وەک دەزانن، مۆڵەتی باوکبوون ئێستا تەنها بە پێنج ڕۆژ سنووردارە».

«پیاوان بە تەواوی لەم بابەتەدا بوونیان نییە»
 

فەریال سایگیلیگڵ لەگەڵ ئاماژەکردن بەوەی کە بابەتی چاودێریکردنی منداڵان و دابینکردنی باخچەی ساوایان سپێردراوە بە بازاڕ، جەختی کردەوە کە باری چاودێری تەنها لە گرووپێکی ژنانەوە گوازراوەتەوە بۆ گرووپێکی دیکەی ژنان. ئەو وتی:
کاتێک بە گشتی سەیری ژیانی ژنێک دەکەین، لە نێوان لەدایکبوونی منداڵ و دەستپێکردنی خوێندنی سەرەتاییدا لانیکەم ٥ تا ٦ ساڵ تێدەپەڕێت. ئەمەش تا ڕادەیەک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرجار منداڵان ناتوانن لە کاتی پێویستدا دەست بە چوونە باخچەی ساوایان بکەن.

لەبەر ئەوەی بەرپرسیاریەتی چاودێریکردنی منداڵان خراوەتە سەر بازاڕ، لە ئەنجامدا داپیران ئەم بەرپرسیاریەتییە بەڕێوە دەبەن و دەبنە جێگرەوەی دایک. لە قۆناغێکدا تەنانەت باس لەوەش کرا کە پارە بدرێت بە داپیران. ئەمەش کۆمەڵێک کێشەی دیکە بۆ ئەو ژنانە دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی پێشنیار کراوە زۆر کەمە.

جگە لەوەش، ئەوەی ئەم ژنانە تا چەندە دەتوانن بەڕاستی کۆنترۆڵی ئەو پارەیە بکەن، یان ئەو پارەیە بەڕاستی وەک موڵکی خۆیان هەژمار دەکرێت، بابەتێکە کە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە.

بە کورتی، ئێمە ڕووبەڕووی سیستەمێک بووینەتەوە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پشت بە ژنان دەبەستێت و ئەم سیستەمەش لە ڕێگەی مامەڵە و هاوکاریی نێوان خودی ژنانەوە بەردەوام دەبێت. پیاوان بە تەواوی لەم بابەتەدا بوونیان نییە».

«دەبێت بە بەردەوامی داواکارییەکانمان دەرببڕین»
 

فەریال سایگیلیگڵ پرۆفیسۆر  ئاماژەی بەوە کرد کە بەراورد بە وڵاتانی دیکە، ڕێژەی ژنانی کارکەر لە تورکیا لە بنەڕەتدا زۆر کەمە و وتی:

دەبینین ئەم ڕێژەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە. ئەگەر لە بواری سیاسەتەکانی چاودێریدا هەنگاوی جدی نەخرێتەڕوو و ئەو ڕۆژەڤە باوەی ئێستا کە گرنگی بە خێزان دەدات و پێشنیار دەکات زۆربەی کێشەکان لە ناو خێزاندا چارەسەر بکرێن، بەردەوام بێت، وا دیارە بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ئەم کێشەیەدا دەست و پەنجە نەرم بکەین.

فەریال سایگیلیگڵ لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکانی خۆیدا کێشەکەی لە چوار خاڵدا کورت کردەوە و وتی:

«یەکەم، هەموو ئەم کارانە وەک شتێکی سروشتی دەخرێنە سەر شانی ژنان. دووەم، بەهۆی کەمیی سیاسەتەکانی پەیوەست بە کاری چاودێری، ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە بازاڕی کار دەکشێنەوە. سێیەم، مەترسی بەردەوامبوون و قوڵبوونەوەی ڕۆڵە ڕەگەزییەکانە. چوارەم، کەمبوونەوەی ژمارەی باخچە ساوایە گشتییەکانە.

قورس نییە کە مرۆڤ پێشبینی بکات ئەم دۆخە لەوانەیە لەگەڵ سیاسەتەکانی خودی حکومەتدا بگونجێت. پێویستە دەستبەجێ لەبارەی هەموو ئەمانە بیر بکەینەوە و بە بەردەوامی داواکارییەکانمان لەم بارەیەوە دەرببڕین».